دڵشاد شەهاب: نێچیرڤان بارزانی لە 2022ـەوە کار بۆ ئەم گەڕەی پرۆسەی ئاشتی دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێ هەفتەی داهاتوو ژمارەیەک لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان  (پەکەکە) وەک نیازپاکییەک لە هەرێمی کوردستان چەک دابنێن، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وردەکاریی هەوڵە دێرین و نوێیەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ گەیشتن بەم قۆناخە ئاشکرا دەکات و دەڵێ، سەرەڕای شکستهێنانی پرۆسەی یەکەمی ئاشتی لە ساڵی 2015دا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆڵی نەدا و ئێستا "هەنگاوەکان بە ئاراستەیەکی زۆر باش دەچن."
 
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە بە بەختیار قادر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "باوەڕی نەگۆڕی" سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ئەوەیە کە تاکە رێگە بۆ چارەسەری کێشەکان "دیالۆگ، لێکگەیشتن و ئاشتەواییە" و ئەم پرسە لە کاتێکدا جێگەی بایەخی بووە کە "باسکردنیشی زۆر زەحمەت بوو."
 
دڵشاد شەهاب ئاماژەی بە رۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانیش کرد، بە تایبەتی لە قۆناخی یەکەمی پرۆسەی ئاشتیدا لە ساڵی 2013 و ئاماژەی بە سەردانەکەیشی بۆ شاری ئامەدی باکووری کوردستان لە ساڵی 2013 کرد و گوتی: "جەنابی سەرۆک بارزانی خۆی راستەوخۆ لە مەسەلەکاندا بەشدار بوون و زیارەتی تورکیایان کرد و شتی ئەرێنی نیشاندرا و جێگەی رەزامەندی و دڵخۆشی هەموو خەڵکی تورکیا بوو بە کوردەوە بە تورکەوە بە پێکهاتەکانی دیکەوە."
 
دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی نوێ نین و گوتی: "من باسی ساڵانی پێش 2010 دەکەم، لە کاتێکدا لە گەرمەی گرژی و ئاڵۆزییەکان... ئەوساش جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانی لە هەوڵەکانیدا بووە لەگەڵ هەردوولا، راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرکردەکانی پەکەکە و راستەوخۆش  و بێ دوودڵی لەگەڵ سەرۆکایەتیی دەوڵەتی تورکیا."
 
بە گوتەی دڵشاد شەهاب، سەرەڕای ئەوەی قۆناخی یەکەمی ئاشتی " تێکچوو و نەگەیشتە ئەنجام، ئەو نەگەیشتنە نەبووە هۆکاری ئەوەی کە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان واز لە هەوڵەکانی بهێنێت."
 
دڵشاد شەهاب دەڵێت، لە دوای ساڵی 2022ـەوە هەوڵەکان چڕتر بوونەوە و "سەرۆکی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ لە پەیوەندیدا بووە بە هەموو ئەو دەرگا و رێگەیانەی بۆ جەنابیان مومکین بووە، نەوەک تەنیا لەگەڵ دوو لایەنی سەرەکی، بەڵکو لە رێگەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی خۆی لەگەڵ جیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی ئەوانیش هاریکار بن."
 
ئەو هەوڵانە سەردانەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، بەتایبەتی دیداری ئەم دواییەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ئەنتاڵیا لەخۆدەگرێت کە بە گوتەی دڵشاد شەهاب، ئەم پرسە "یەکێک بوو لە بابەتە سەرەکییەکان."
 
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو، دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوە کرد کە پرۆسەکە دوولایەنەیە و گوتی: "ئەوە نییە دەبێت هەموومان چاوەڕوانیی ئەوەمان هەبێ کە دەبێ پەکەکە وەها بکات... بە دڵنیاییەوە لە بەرامبەریشدا دەوڵەتی تورکیا پلانی هەیە و بەرنامەی هەیە کە دڵنیام لە دوای ئەو هەنگاوانەی کە دەنرێن بۆ دانانی چەک، ئیدی پەرلەمان دەست بە کاری کردەیی دەکات و هەنگاوی دیکەی بەدوادا دێ."
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە گەشبینییەوە باسی داهاتووی پرۆسەکەی کرد و گوتی: "خۆشبەختانە هەنگاوەکان بە ئاراستەیەکی زۆر باش دەچن و ئومێدێکی زۆر هەیە کە هەنگاوی کردەیی لە ئایندەیەکی نزیکدا لە لایەن پەکەکەوە بنرێن... پرۆسەکە ئومێدی زۆری دروستکردووە و ئێمەش بە ئومێدەوە دەڕوانینە ئایندەی ئەم پرۆسەیە."

 

 
دەقی پرسیار و وەڵامەکان:
 
رووداو: ناوچەکە، جیهان بە گشتی، هەرێمی کوردستان، پارچەکانی دیکە چاویان لەوەیە کە سەرەتای هەفتەی داهاتوو وەک نیازپاکییەک ژمارەیەکی گەریلای پەکەکە چەک دابنێن. لە دێرزەمانەوە خەڵک دەزانێ کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەوڵی لەو بوارەوە داوە. ئەو هەوڵانە چۆن بە ئەنجام دەگەن؟ 
 
دڵشاد شەهاب: ئەم بابەتە ریشەی مێژوویی هەیە. بڕوای جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەمیشە وایە کە هەموو ئەو کێشە و ئاریشانەی کە هەن لە ئەنجامی ئەو ئەزموونانەی خۆمان پێیاندا تێپەڕیوون و ئەو ئەزموونانەی کە ناوچەکەی پێیدا رۆیشتووە، دواجار پاش هەموو گرژی و ئاڵۆزی و قوربانییدانێکی زۆر، تەنیا رێگەچارەیەک کە چارسەری گرفتەکان بە ریشەیی بکات رێگەی دیالۆگ و لێکگەیشتن و ئاشتەواییە. ئەمڕۆ (ئەم بابەتە) بابەتێکی گەرمی هەموو خەڵکە ، بەڵام رۆژانێک جێگەی بایەخی کاک نێچیرڤان بارزانی بووە کە ئەو کاتە ئەم بابەتە باسکردنیشی زۆر زەحمەت بوو، رەنگە بیرلێکردنەوەیشی لە لایەن خەڵکێکی زۆر لەوانەیە وەک ئەستەم بووبێ. من باسی ساڵانی پێش 2010 دەکەم، لە کاتێکدا لە گەرمەی گرژی و ئاڵۆزییەکان کە تووندوتیژی و شەڕ و بەکارهێنانی چەکدا، ئەوساش جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانی لە هەوڵەکانیدا بووە لەگەڵ هەردوولا و راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرکردەکانی پەکەکە و راستەوخۆش بێ دوودڵی لەگەڵ سەرۆکایەتیی دەوڵەتی تورکیا بە هەموو ئەو کەناڵانەی کە بۆی مومکین بوون بۆ ئەوەی کە رێگە بۆ ئاشتی خۆشبکرێ و هەنگاو بنرێ بۆ ئەوەی ئیدی کۆتایی بەم هەموو ماڵوێرانی و جەرگسووتان و قوربانیدانی بەشەری و وێرانییانەی کە لە شەڕ دروستبوون، ئەو زیانانەی کە بەر ناوچەکە کەوتوون.
 
تەبیعی ئەمانە چەند هۆکارێکن کە وا دەکەن. یەکێکیان ئەوەیە کە چارەنووسی هەموومان لەم ناوچەیە پێکەوە گرێ دراوە. مومکین نییە ئاڵۆزییەکی وەها لە تورکیا هەبێ و رەنگدانەوەی لەسەر هەرێمی کوردستان نەبێ. بە تەجرووشەش سەلمێندرا کەو ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانەی کە هەن یەکێک لە لایەنە هەرە زەرەرمەندەکانی راستەوخۆ تێیدا هەرێمی کوردستان بووە. ئەو ناسەقامگیرییەی لەسەر سنوورەکانی ئێمە دروست بووە؛ تەنانەت نەک تەنیا زیانی مادی، بەڵکو زیانی گیانیش بەر خەڵکی هەرێمی کوردستان کەوتووە. بۆیە ئەمە یەکێکە لەو پاڵنەرانەی کە هەمیشە جێگەی بایەخ بووە بەلای جەنابیانەوە. بابەتێکی دیکەش ئەوەیە کە ئاشتی وەک نەهج و بڕوابوون بۆ چارەسەری گرفتەکان. ئەو کات هەوڵێکی زۆر درا و هەنگاوی زۆر باش نران و جەنابی سەرۆک بارزانی خۆی راستەوخۆ لە مەسەلەکاندا بەشدار بوون و زیارەتی تورکیایان کرد و شتی ئەرێنی نیشاندرا و جێگەی رەزامەندی و دڵخۆشی هەموو خەڵکی تورکیا بوو بە کوردەوە بە تورکەوە بە پێکهاتەکانی دیکەوە. ئێستا رەنگە کاتی ئەوە نەبێ بگەڕێینەوە سەر ئەوەی کە ئەو هۆکارانەی بوونە سەبەبی ئەوەی کە پرۆسەکە، بە داخەوە، لە قۆناخێکی باش کە بناخەیەکی باشیشی بۆ دانرا، تێکچوو و نەگەیشتە ئەنجام. ئەو نەگەیشتنەش نەبووە هۆکاری ئەوەی کە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان واز لە هەوڵەکانی بهێنێت و لەوانەیە زێدەڕۆیی نەبێ ئەگەر بڵێم لەهەموو دیدارەکانی جەنابیدا لەگەڵ بەرێز سەرۆککۆماری تورکیا هەمیشە ئەو بابەتە هەبووە بەوەی کە بێ متمانییەک دروستببوو لە ئەنجامی هەڵوەشاندنەوەی گەڕی یەکەمی پرۆسەی ئاشتی کارێکی ئاسان نەبوو، بەڵام دووبارە کۆڵنەدان وایکرد کە زەوینەیەکی باش بێتە ئاراوە.
 
ئەوەی کە ئێستاش دەیبینین، ئەوەش ماوەی ساڵانێکە خەریکن. دەتوانم بڵێم لە ساڵانی 2022 و 2023ەوە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ لە پەیوەندیدا بووە بە هەموو ئەو دەرگا و رێگەیانەی بۆ جەنابیان مومکین بووە، هەندێکجار نەوەک تەنیا لەگەڵ دوو لایەنی سەرەکی کە لایەنی ململانێییەکە بوون، بەڵکو لە رێگەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی خۆی لەگەڵ جیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بووە بۆ ئەوەی ئەوانیش هاریکار بن و رێگەخۆشبکەن بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی چەکداری لە ناوچەکەدا. دەبینن دواجار بینیتان کە هەنگاوەکانی بەڕێز سەرۆککۆمار و لایەنەکانی دیکە کە رۆژانێک لە رۆژان لە تورکیا زۆر بە تووندی بەرەو رووی ئەوە دەبوونەوە کە ئەگەر یەکێک باسی ئەم پرۆسەیەی بکردایە، هەروەها هەنگاوی بەڕێز ئۆجەلان و هاتنی شاندەکانی ئیمرالی بۆ ئێرە و سەردانەکانی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و تەنانەت لە دوایین دیداریشیدا لەگەڵ بەڕێز سەرۆک ئەردۆغان کە لە ئەنتاڵیا ئەنجامی دا، هەر بابەتی گرنگ و گەرمی سەر مێزی گفتوگۆکان ئەوە یەکێک بووە لە بابەتە سەرەکییەکان. ئێستا خۆشبەختانە هەنگاوەکان بە ئاراستەیەکی زۆر باش دەچن و ئومێدێکی زۆر هەیە کە هەنگاوی کردەیی لە ئایندەیەکی نزیکدا لە لایەن پەکەکەوە بنرێ. ئەمە یەک لایەنە نییە. ئەوە نییە دەبێت هەموومان چاوەڕوانیی ئەوەمان هەبێ کە دەبێ پەکەکە وا بکات و وا بکات ، بە دڵنیاییەوە لە بەرامبەریشدا دەوڵەتی تورکیا پلانی هەیە و بەرنامەی هەیە کە دڵنیام لە دوای ئەو هەنگاوانەی کە دەنرێن بۆ دانانی چەک، ئیدی پەرلەمان دەست بە کاری کردەیی دەکات و هەنگاوی دیکەی بەدوادا دێ.
 
پرۆسەکە ئومێدی زۆری دروستکردووە و ئێمەش بە ئومێدەوە دەڕوانینە ئایندەی ئەم پرۆسەیە. جێگەی ئاماژەیەکی گرنگە و دەبێ لەسەری هەڵوەستە بکەین کە ئەمە دواجار پرسێکی نێوخۆی تورکیایە، بەڵام جێگەی هەڵوەستەیە بۆ ئێمەش جێگەی دڵخۆشییە کە هەردوولا، بەتایبەتی دەوڵەتی تورکیا، کاتێک کە کێشەیەکی ‌نێوخۆیی وڵاتێک کە رەگ و ریشەیەکی درێژی دەبێ و چەندین قوربانی و خوێنی تێ دەکەوێ و چەندین زیانی گیانی و مادی لێ دروست دەبێ و ئاڵۆزییەکی وەها دروست دەبێ کە خەریکە بڵێم هەندێک جێگە ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی لێ دروست دەبێ، ئینجا رێگەخۆشکردن یان بواردان یان با بڵێم داواکردن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان تێیدا فاکتەرێک بێ، ئەمە خۆی لە خۆیدا بۆ جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بۆ هەرێم وەک پێگەی خۆی بۆ هاوکێشەکانی ناوچەکە کارێکی گرنگە. ئەمە دەیسەلمێنێ کە هەرێمی کوردستان فاکتەری سەقامگیرییە لەم ناوچەیەدا و رۆڵێکی ئەرێنی لە چارەسەرکردنی کێشەکان دەگێڕێ. ئەو بڕوا و متمانەیەی کە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵانی رابردوو لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێکان بەشێوەیەکی گشتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لەنێوخۆی هەرێمی کوردستان و لەگەڵ عێراق و دامەزراوە فیدراڵییەکان لەوەی بڕوایەکی نەگۆڕی هەبووە کە هەموو کێشەکان دەبێ دواجار بە گفتوگۆ و لەیەک تێگەیشتن چارەسەر بکرێن، چونکە نە هیچ شتێک بە چەک دەگاتە ئەنجام و نە بە نکۆڵیکردن لە نەبوونی گەلێک. لە یەکێک لە گوتارەکانی، جەنابیان زۆر بە روونی ئاماژە بەوە دەکات کە نکۆڵێکردن لە بوونی گەلێکی خاوەن زەوی و خاوەن مێژوو، هەریەکە بە گوێرەی ئەو دۆخەی لە وڵاتێکد دەژی، نەوەک بە مانای خوانەخواستە دەستوەردان لە دۆخی نێوخۆی هیچ وڵاتێک. پێمان وایە لەبەرچاوگرتنی مافی هەموو پێکهاتەکانی ئەم ناوچەیە و تەنانەت خیتابی جەنابیان بۆ سووریاش هەر وا بووە و لە دیدارەکانیدا لەگەڵ بەڕێز ئەحمەد شەرعیش هەر وا بووە، چونکە بڕوای ئێمە وایە کە کاتێك ئەم ناوچەیە سەقامگیری بە خۆیەوە دەبینێ کە هەموو ئەو گەلانەی لێرە دەژین بە ئاشتی و برایانە و داننان بە مافی یەکدی و حسابکردن بۆ بوونی یەکدی دێتە بەرهەم. بۆیە ئەمە خاڵێکی جێگیرە لە شێوازی مامەڵەکردنی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و خۆشبەختانە ئێستا هەموو جیهان هەست بەم رۆڵە دەکات کە رۆڵێکی ئیجابی و کاریگەرە و ئومێد دەکەین کە ئەنجامی باشی هەبێ. لە دوا هەنگاوەکانی ئامادەکاری بۆ ئەم پرۆسەیە یان رۆڵبینینی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەڕێز ئیبراهیم کاڵن بوو بۆ هەرێمی کوردستان، تەبیعی ئەمەش یەکێک لە بابەتە هەرە سەرەکییەکان و دەتوانم بڵێم مەبەستی سەرەکی لەم سەردان و دیدارانە هەر دیسان رۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان بووە لە پرۆسەی ئاشتی و لە دیداریشی لەگەڵ جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، تێکڕای ئەگەرەکان و ئایندەی ئەم پرۆسەیە و ئەو رۆڵەی کە بە هەرێمی کوردستان دەسپێردرێ بۆئەوەی کە رۆڵ ببینێ لەم مەسەلەیەدا بابەتی گرنگ و گەرمی ئەم دیدارانە بوون. 
 
بابەتێکی دیکە هەبووە کە ئەمەش کێشەیەکە لە ئەنجامدا کە خەڵکێکی زۆری هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری ئەزیەت و زەحمەتیییەکی زۆر دەکێشن، بەوەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی راگیراون، جەنابیان هەوڵێکی چڕ و پڕ دەدات و لە دوا دیداریشیدا لەگەڵ بەڕێز ئیبراهیم کاڵن ئەوە بوو کە هەوڵ بدرێ فڕۆکەخانەی سلێمانیش بکرێتەوە و ئامانجی سەرەکیش هەڵگرتنی ئەو ئەزیەت و زەحمەتیەیە کە لەسەر هاونیشتمانییان لەوێ هەیە. 
 
دەتوانم بەشێوەیەکی گشتی بڵێم کە ئێمە بە گەشبینییەوە سەیری ئەم پرۆسەیە دەکەین، خۆشحاڵین، بەناوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیشەوە سوپاسی بەڕێز سەرۆککۆمار دەکەین کە ئەو متمانەیەی هەیە و ئەو زەوینەی سازداوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێ ئەو رۆڵە لەپرۆسەیەکی وەها گرنگدا بگێڕێ؛ هەروەها سوپاسی بەڕێز ئۆجەلان و شاندی ئیمرالی و سەرکردایەتیی پەکەکەش دەکەین کە ئەم رۆڵەی هەرێمی کوردستانیش بەلاوە ئیجابی بووە، دواجار ئامانجی هەمووان ئاشتییە. ئومێدەوارین کە دەرئەنجامەکەی ببینین و هەموو گەلانی ئەم ناوچەیە لە سایەی ئەو ئاشتییەدا سوودمەندبن. 
 
رووداو: دوای دانانی چەک وەک نیازپاکییەکە لە لایەن پەکەکە، رۆڵی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چی دەبێ؟ 
 
دڵشاد شەهاب: ئەم پرۆسەیە رەگوریشەیەکی مێژوویی دوورودرێژی هەیە. پڕۆسەیەکی قورسە؛ گەورە و کاریگەریشە؛ دەکرێ زۆرێک لەوانەی کە چاودێریی ئەم پرۆسەیە دەکەن پێیان وابێ کە دەکرێ زوو زوو و بە خێرایی چاوەڕێی ئەنجامەکان بکەن. قەناعەتی ئێمە وایە ئەم رێگە سەختە زۆرمان لەبەردەم ماوە، چونکە شەڕی چەکداریی چەندین ساڵە برینی زۆر گەورەی دروستکردووە، لێکترازانی زۆر گەورەی دروستکردووە؛ ئەمە ئامادەسازییەکی سیاسی دەوێ؛ ئامادەسازییەکی کۆمەڵایەتی دەوێ؛ بوێریی بڕیاری سیاسییانەی گەورەی لە دەوڵەتی تورکیاوە دەوێ؛ ئارامگرتن و خۆڕاگری زۆری لە لایەن پەکەکە و هێزەکانی دیکەوە دەوێ بۆ ئەوەی دواجار بگەینە ئەنجام. بڕوای ئێمە وایە کە هەنگاوی دەستپێکردنی دانانی چەک هەنگاوی دیکە بەدوای خۆیدا دەهێنێت کە لە لایەن دەوڵەتەوە دەبێ و گەشبینین بەمە.