"مەنسوور بارزانی بە هێزێکی گەورەوە لە دەوروبەری شنگالە"
رووداو- هەولێر
ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی رەتیدەکاتەوە شنگال بە تەواوی لەلایەن داعشەوە کۆنتڕۆڵ کرابێت و دەڵێت" هێزێکی پێشمەرگە لە چەند کاژێری داهاتوو ئەو ناوچەیە پاک دەکاتەوە لە داعش"
عەلی عەونی ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند" ئەوەی کە دەگوترێت شنگال بە تەواوی لە لایەن تیرۆریستانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش)-ەوە دەستی بەسەردا گیراوە راست نییە، و هێزەکانی پێشمەرگە لە بەشێکی ئەو شارە خەریکی بەرگرین و چاوەڕێی هێزەکانی پشتیوانی دەکەن کە بگاتە لایان"
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی باس لە جوڵاندنی هێزێکی زۆر بەرەو ئەو ناوچەیە دەکات و رایگەیاند" هێزێکی زۆر بە فەرماندەیی کاک مەنسوور بارزانی فەرماندەی فەرماندەیی هەردوو لەشکری یەک و گوڵان بە چەکی قورسەوە، گەیشتووەتە ناوچەکە و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند کاژێری داهاتوودا گورزێکی سەخت لە داعش بدرێت و ناوچەکە پاکبکرێتەوە"
هەروەها ئەنوەر حاجی عوسمان بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند" پێشمەرگە بە پلان خەریکی کارە و نەخشە رێگایەکمان داناوە و لەم نزیکانە سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستدەهێنین ، دەبێت داعش ئەم وڵاتە چۆڵ بکات و خۆشیان باش ئەوە دەزانن، بۆیە خەریکی پەلەقاژەن و ئەمەش دوا پەلەقاژەیان دەبێت"