لە ئاگرکەوتنەوەکەی خەبات پێنج کەس برینداربوون

 
 
رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی قەزای خەبات رایگەیاند، ئەمشەو کۆگەیەکی سووتەمەنی لە ناحیەی رزگاریی سەر بە قەزای خەبات گڕیگرتووە و بەهۆیەوە پێنج کەس برینداربوون و ئۆتۆمبێلیکیش سووتاوە. دەشڵێت، "لەکاتی کارکردن تانکەرێکی هەڵگرتنی سووتەمەنی تەقیوەتەوە."
 
شەوی پێنجشەممە، 3-8-2023،  کوێستان ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر 7:45ـی ئەمشەو لەکاتی کارکردن لە یەکێک لە کۆگەکانی سووتەمەنیی کەرتی تایبەت لە شارۆچکەی رزگاریی سەر بە قەزای خەبات، سێ تانکی ئاگریان تێبەربوو و بەهۆیەوە پێنج کەس برینداربوون و ئۆتۆمبێلێکیش سووتاوە." 
 
روونیشیکردەوە: "دوو لە بریندارەکان بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە رەوانەی هەولێر کراون."
 
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکەش، قایمقامی قەزای خەبات گوتی، "ئەو تانکییانە بەتاڵبوون، بەڵام بەهۆی کۆبوونەوەی گاز تێیاندا تەقیونەتەوە."
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و ئێستا ئاگری دوو لە تانکییەکان کوژێنراونەتەوە و تیمەکان لە نزیکترین کاتدا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ دەکەن."