میری کوردانی ئێزدی: فرمێسکەکانی سەرۆک بارزانی لەیاد ناکەین

رووداو دیجیتاڵ 

میری کوردانی ئێزدی لە هەرێمی کوردستان و جیهان، سوپاسی هەوڵەکانی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەکات لەپێناو کوردانی ئێزدی و داواش لە حکومەتی عێراق دەکات مامەڵەیەکی جیدی لەگەڵ کەیسی ئاوارە ئێزدییەکان و بە پلە یەک مامەڵە لەگەڵ کەیسی شنگال بکات. 
 
رۆژی 3ـی ئابی 2024، میر حازم تەحسین بەگ، میری کوردانی ئێزدی لە کوردستان و جیهان لە یادی 10 ساڵەی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی کە لە زانکۆی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێشکرد و سوپاسی بەرپرسان و گەلی هەرێمی کوردستانی کرد: "ئەوە لەیاد ناکەین کاتێک دەرگەی ماڵ، مزگەوت، کەنیسە و قوتابخانەکانیان بەڕووی ئاوارەکان کردەوە؛ هەروەها لە سەختترین دۆخدا هەموو پێداویستییە سەرەکییەکانی ئاوارەکانیان دابینکرد."
 
لە 3ـی ئابی 2014 رێکخراوى داعش هێرشی کردە سەر قەزاى شنگال و بەهۆیەوە 48 هەزار خێزانى کوردى ئێزدى لەو قەزایە ئاوارە بوون؛ زۆرینەیان پەنایان بردە بەر شارەکانی هەرێمى کوردستان. رێکخراوی داعش کۆمەڵکوژییەکی گەورەی لە شنگال ئەنجامدا و هەزاران کوردی ئێزدیشی رفاند.
 
رۆژی 5ـی ئابی 2014، دوو رۆژ دوای هێرشی داعش بۆ سەر شنگال، بابەشێخ چووە لای سەرۆک بارزانی و پێی گوت: "فەرمانە لەسەر ئێمە. هانامان بۆ تۆ هێناوە، لە ئاسمان خوامان هەیە و لەسەر زەوی بارزان. ئێزیدخان تەواو بوو." سەرۆک بارزانیش بەڵێنی پێدان "یان سەری خۆمی لەسەر دادەنێم یان تۆڵەتان دەکەمەوە.  كوردستان دەمێنێ و ئێزیدخانیش دەمێنێ."
 
میر حازم تەحسین بەگ سوپاسی هەڵوێستی سەرۆک بارزانی کرد: "نابێ هەڵوێستی جوامێرانەی سەرۆک مەسعود بارزانی لەیاد بکەین کە رۆڵی پاڵەوانانەی شکۆمەندانەیان هەبوو لە پشتیوانیکردنمان و وەستانیان لە پاڵ ئێزدییەکان؛ هەروەها دیمەنی فرمێسک رشتنی بەڕێزیان لەیاد ناکەین لە کاتی دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ جڤاتی رووحانی و ئێمە و ژمارەیەک لە کەسایەتیی ئێزدی لە مەسیف سەلاحەدین، کە بۆ ئازار و مەینەتمان خەمبار و دڵتەنگ بوو." 
 
هاوکات، میری ئێزدییان سوپاسی هەڵوێستی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیشی کرد: "کاتێک نووسینگەیەکی تایبەتی بۆ رزگارکردنی رفێندراوەکان دامەزراند. ئەو نووسینگەیە زۆر بە جیدی کاری کرد لەپێناو ئازادکردنی هەزاران رفێندراوی ژن و پیاوی ئێزدی."
 
میر حازم تەحسین بەگ گوتیشی: "ئەمڕۆش سەرباری ئەو دۆخە داراییە خراپەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێیدا تێدەپەڕێت، ئەو پڕۆژە مرۆییەی بەڕێز کاک مەسرور بارزانی بەرز دەنرخێنین کە پێشکێشی ئێزیدییەکان دەکات لە دابینکردنی مووچە و شایستەی دارایی بۆ رزگاربووانی ئێزدی." 
 
میری ئێزدییان رووی دەمی دەکاتە حکومەتی عێراق و دەڵێت، پێویستە زۆر بە جیدی مامەڵە لەگەڵ کەیسی ئاوارە ئێزدییەکان و بە پلە یەک مامەڵە لەگەڵ کەیسی شنگال بکات: "ئەمڕۆ شنگال پێویستی بە سەقامگیری دۆخی ئەمنی و سیاسییە و دەبێت کۆتایی بە ناکۆکی و ململانێیەکان بێت بۆ ئەوەی هاووڵاتییان متمانەیان هەبێت و بگەڕێنەوە زێدی خۆیان."
 
داواش دەکات، حکومەتی عێراق بودجەیەکی تایبەت بۆ قەزای شنگال تەرخان بکات: "داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکەین لێکتێگەیشتنی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبێت لەپێناو چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، بەتایبەتی بۆ کەیسی شنگال بە چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی." 
 
 
دەقی گوتاری میر حازم تەحسین بەگ، میری کوردانی ئێزدی لە کوردستان و جیهان 
 
بەناوی خوای بەخشندە و دلۆڤان 
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 
بەڕێز نوێنەری سەرۆککۆماری عێراق
بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 
کەسایەتییە ئایینی و کۆمەڵایەتی و ئەکادیمییەکان 
بەڕێزان نوێنەرانی دیپلۆماسی وڵاتان 
خوشک و برا بەڕێزەکانم
کەسوکاری قوربانییەکان و رزگاربووان 
 
ئەمڕۆ 10یەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانی شنگالە. یادی ئازار، مەینەت و کۆژانی هەزاران ئێزدی بێتاوان لە ژن، منداڵ، گەنج و بەساڵاچووان دەکەینەوە کە بەدەست دڕندەترین رێکخراوی تیرۆریستی سەدەی 21 گیانیان لەدەستدا.
 
 کاتێک باس لە کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان دەکەین کە رۆژی 3-8-2014 روویدا، لە هزر و خەیاڵماندا زنجیرە کۆمەڵکوژییەکانی دیکەش دێتەوە یادمان کە بەدرێژایی مێژوو، 74 جار گەلەکەمان کۆمەڵکوژ کراوە. مێژوو هەمیشە خۆی نوێ دەکاتەوە و هاوشێوەی رووداوەکان دووبارە دەبێتەوە. رووداوە مێژووییەکان پێمان دەڵێن، ئێمە گەلی کۆمەڵکوژییەکانین. ئەو ئێزدییانەی ئەمڕۆ لە ژیاندان پاشماوەی کۆی ئەو کۆمەڵکوژییانەن کە رووبەڕوومان بوونەتەوە. 
 
کاتێک باس لە کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان دەکەین، رووداو و کۆژانەکانی هاوشێوەی ئەمڕۆ دەگێڕینەوە. هیچ ئێزدییەک بە سەقامگیری و ئارامی لە زێدی خۆی نەگیرساوەتەوە. ئێزدییەکان لە زێدی خۆیاندا دەربەدەر و بێ ماڵ بوون و لە دەشت و چیای شنگال مانەوە. بەشێک لە ئێزدییەکان ئاوارەی هەرێمی کوردستان و بەشێکی دیکەشیان پەنابەری وڵاتان بوون. ئەوەش لەیاد نەکەین رۆژانە بە تاک و کۆ، ئێزدییەکان کۆمەڵکوژ دەکران و کچان و ژنانیشمان کەنیزەک دەکران و لە بازاڕەکانی پارێزگای نەینەوا و رەققەی سووریادا بازرگانییان پێدەکرا. 
 
کاتێک بمانەوێت بەتێروتەسەلی بچینە نێو بابەتەکەوە، پێویستە پشت بە ژمارە و داتاکان ببەستین. لە سەرەتای کۆمەڵکوژییەکەدا زیاتر لە 6 هەزار ژن و پیاو رفێندران؛ هەروەها هەزاران ئێزدی دیکەش شەهیدکران. ژمارەی گۆڕە بەکۆمەڵە دۆزراوەکان گەیشتە 94 گۆڕی بەکۆمەڵ. ئەوە جگە لە تەقاندنەوە و خاپوورکردنی دەیان مەزار و پەرستگەی ئایینی. لەپاڵ ئەوەشدا زیانی مادی زۆر بە موڵک و ماڵی ئێزدییەکان کەوت.
 ئەمڕۆ لێرە 10مین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان دەکەینەوە، بەڵام کۆمەڵکوژییەکان دژی ئێمە هەر بەردەوامن. سەرباری ئەوەی داعش لە رووی سەربازییەوە نەماوە، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەنووسی هەزاران رفێندراوی ئێزدی دیارنییە. تاوەکو ئێستاش تەواوی گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵنەدراونەتەوە و چارەنووسی گەنجان و بەساڵاچووانمان دیار نییە و بەشێوەیەکی شایستە و بەپێی دابونەریتی ئایینی ئێزیدی بەخاک نەسپێردراون.
 
 سەرباری ئەوەی تەواوی ئاوارەکانی عێراقی نێو کەمپەکان گەڕانەوە شوێنی خۆیان و ژیانی ئاسایی خۆیان دەکەن، تاوەکو ئێستاش هەزاران ئێزدی لە خێوەت و کەمپی ئاوارەکاندا لە گەرمای هاوین و لە سەرمای زستاندا ژیان بەسەردەبەن. تەنیا ئێزدییەکان لە کەمپی ئاوارەکاندا ماون و نەهامەتییان کۆتایی نەهاتووە. 
 
کاتێک یادی کۆمەڵکوژییەکە دەکەینەوە، نابێ هەڵوێستی ئەو کەسانە لەیادبکەین کە پشت و پەنامان بوون و دەستی هاوکارییان بۆ درێژ کردین و لەو دۆخە پڕ لە ئازار و مەینەتییەدا یارمەتییان داین. ئەرکی ئەخلاقی و مرۆڤایەتیمان پێمان دەڵێت کە باس لە هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو گەلی کوردستان بکەین کە لە پاڵ هەوڵ و کۆششیان، قوربانیشیان دا. ئەوە لەیاد ناکەین کاتێک دەرگەی ماڵ، مزگەوت، کەنیسە و قوتابخانەکانیان بەڕووی ئاوارەکان کردەوە؛ هەروەها لە سەختترین دۆخدا هەموو پێداویستییە سەرەکییەکانی ئاوارەکانیان دابینکرد. 
هەروەها نابێ هەڵوێستی جوامێرانەی سەرۆک مەسعود بارزانی لەیاد بکەین کە رۆڵی پاڵەوانانەی شکۆمەندانەیان هەبوو لە پشتیوانیکردنمان و وەستانیان لە پاڵ ئێزدییەکان؛ هەروەها دیمەنی فرمێسک رشتنی بەڕێزیان لەیاد ناکەین لە کاتی دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجوومەنی رووحانی و ئێمە و ژمارەیەک لە کەسایەتیی ئێزدی لە مەسیف سەلاحەدین، کە بۆ ئازار و مەینەتمان خەمبار و دڵتەنگ بوو.
 هەروەها هەڵوێستی بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بەرز دەنرخێنین، کاتێک نووسینگەیەکی تایبەتی بۆ رزگارکردنی رفێندراوەکان دامەزراند. ئەو نووسینگەیە زۆر بە جیدی کاری کرد لەپێناو ئازادکردنی هەزاران رفێندراوی ژن و پیاوی ئێزدی. ئەمڕۆش سەرباری ئەو دۆخە داراییە خراپەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێیدا تێدەپەڕێت، ئەو پڕۆژە مرۆییەی بەڕێز کاک مەسرور بارزانی بەرز دەنرخێنین کە پێشکێشی ئێزیدییەکان دەکات لە دابینکردنی مووچە و شایستەی دارایی بۆ رزگاربووانی ئێزدی.
 
ئێمە هاوشێوەی گەلە رەسەنەکانی ناوچەکە، هەرگیز خاکمان چۆڵ ناکەین و دەستبەرداری گوند، دێهات و شار و شاۆچکەکانمان لە شنگال و لە هەر ناوچەیەکی دیکەی کوردستان و عێراق نابین. لە هەمان کاتدا دەمانەوێت بە سەربەرزی و شانازییەوە بگەڕێینەوە زێدی خۆمان. دەمانەوێت گەرەنتی ئەوەمان پێ بدرێت، ئەوەی لە رۆژی 3-8 روویدا، دووبارە نابێتەوە. دەمانەوێ هاووڵاتیی ئێزدی بە سەربەرزییەوە بگەڕێتەوە و متمانەی بەوە هەبێت کە شکۆی پارێزراوە و ژیانێکی سەربەرزانە بەسەر دەبات. هەروەها دەبێت هاوشێوەی هەموو هاووڵاتییان و پێکهاتەکانی گەلی عێراق، هەموو جۆرە خزمەتێکی سەرەکیی بۆمان فەراهەم بکرێت.
 
لێرەوە دەبێ ئاماژە بە رۆڵی بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ بکەم کە بایەخ بە دۆزی ئێزدی و کەیسەکەیان دەدات؛ هەروەها سوپاس و پێزانینمان بۆ هەڵوێست و پاڵپشتیکردن و یارمەتییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە؛ هاوکات سوپاسی ئەو وڵات و رێکخراوە نێودەوڵەتییانە دەکەین بەهۆی دانپێدانانیان و بە جینۆساید ناساندنی ئەو رووداوەی بەسەر ئێزدییەکانی شنگال هات.
 
لێرەوە پێویستە حکومەتی عێراق زۆر بە جیدی مامەڵە لەگەڵ کەیسی ئاوارە ئێزدییەکان و بە پلە یەک مامەڵە لەگەڵ کەیسی شنگال بکات. هەروەها پێویستە دۆخی تایبەتی ئەمڕۆی شنگال لەبەرچاو بگرێت و چارەسەری جیدی و لۆژیکی هەبێت بۆ کێشە ئەمنی و سیاسییەکان. ئەمڕۆ شنگال پێویستی بە سەقامگیری دۆخی ئەمنی و سیاسییە و دەبێت کۆتایی بە ناکۆکی و ململانێیەکان بێت بۆ ئەوەی هاووڵاتییان متمانەیان هەبێت و بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. هاوکات دەبێ هاووڵاتیان پاڵپشتی مادی و مەعنەوی بکرێن. لە پاڵ ئەوەشدا دەبێ حکومەتی عێراق بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات بۆ دامەزراندنی گەنجانمان لە پۆلیسی فیدراڵی و کێشەی بەڕێوەبردنی ناوچەکەش بە سازانی گشتی چارەسەر بکات. لەوەش گرنگتر، پێویستە لە دانوستاندنەکاندا بۆچوونی ئێزدییەکان وەربگیرێت. 
 
پێویستە حکومەتی عێراق بودجەیەکی تایبەت بۆ قەزای شنگال تەرخان بکات. داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکەین لێکتێگەیشتنی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبێت لەپێناو چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، بەتایبەتی بۆ کەیسی شنگال بە چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.