شارەوانی بەردەڕەش: بە گوژمەی 8 ملیار دینار چەند پرۆژەیەکی ئاوەڕۆ و رێگەوبان جێبەجێدەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە قەزای بەردەڕەشی پارێزگای دهۆک بۆ کەمکردنەوەی کێشەی خراپیی رێگەوبانەکان، بە گوژمەی 8 ملیار دینار چەند پرۆژەیەک لە بوارەکانی ئاوەڕۆ، رێگەی نێوخۆیی و شەقامی سەرەکی و شەقامی 30 مەتری جێبەجێدەکرێن. سەرۆکی شارەوانیی بەردەڕەش دەڵێت: "هەموو پرۆژەکان کاریان تێدا دەکرێت و چەند پرۆژەیەکیش تەواوبوونە".
 
ئەندازیار سیروان حەسەن قادر، سەرۆکی شارەوانیی بەردەڕەش لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو ئاماژەی بەوەکرد، ئەم ساڵ تەنیا شارەوانیی بەردەڕەش بە گوژمەی 8 ملیار دینار پرۆژەیان جێبەجێکردوون، بەشێکیان تەواوبوونە بەشێکیشیان کاریان تێدا دەکرێت، هەروەها رەزامەندی خەرجکردنی 7 ملیاردیناری دیکە دراوە بۆ جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەک لەبواری ئاوەڕۆ و رێگەوبان. لەوانە، جووتسایدی سەرەکی بەردەڕەش ئێستا رەزامەندی وەرگیراوە و تەنیا ماوە بدرێتە بەڵێندەر و دەست پێبکرێت.
 
سەرۆکی شارەوانیی بەردەڕەش گوتی: "دروستکردنی ئاوەڕۆیەکی چوارگۆشەیی بە بڕی 1 ملیار و 200 ملیۆن دینار تەواوبووە و ئێستا کراوەتەوە. هەروەها پرۆژەیەکی رێگەوبانمان هەبوو، کە بریتی بوو لە شەقامێکی سەرەکی. ئێستا دەست بەقیرکردنی کراوە و کۆتایی ئەم هەفتەیە تەواودەبێت. پرۆژەکانی دیکەش کارکردن تێیاندا بەردەوامە، هەموو پرۆژەکان دەبێت لە ماوەی ساڵێکدا تەواو بکرێن".
 
لەبارەی کێشەی کەمئاوی لە سنووری قەزای بەردەڕەش  ئەندازیار سیروان حەسەن قادر گوتی: "کێشەی ئاو زۆر کەمبووەتەوە و چەندان پرۆژە لەنێو سەنتەری بەردەڕەش و گوندەکانیش جێبەجێدەکرێن. ئەم پرۆژانە هۆکارێکی باشن بۆ ئەوەی کێشەی کەمئاوی لە سنووری قەزاکەمان نەهێڵن یان کەمبکەنەوە".
 
سەرۆکی شارەوانی بەردەڕەش لەبارەی دیاریکردنی زەوی بۆ دابەشكردن بەسەر فەرمانبەران گوتی: "بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لەنێو سەنتەری قەزای بەردەڕەش چەند شوێنێکمان دیاری کردووە، ئێستا کاری لەسەر دەکەین بۆ ئەوەی ئامادەبن بۆ دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەران".