ئیدریس نێچیرڤان بارزانی: بایەخدان بە پەروەردە وەبەرهێنانە لە داهاتوودا
شاندێكی گەنجانی هەرێمی كوردستان، بەئامادەبوونی چەندین كەسایەتی بەناوبانگی نێودەوڵەتی و شاندی 190 وڵات، بەشداریان لە ئاهەنگی كردنەوەی كۆنفرانسی نێودەوڵەتی (یەك جیهان بۆ گەنجان) كرد لەشاری جوهانسبێرگی باشووری ئەفریقیا.
لە رێورەسمی كردنەوەی كۆنفرانسەكەدا، كۆفی ئەنان، سكرتێری گشتی پێشووی نەتەوە یەكگرتووەكان و محەممەد یونس، ئابووریناسی بەنێوبانگی بەنگلادیشی كە خەڵاتی نۆبڵی وەرگرتووە، گوتاریان پێشكەشكرد.
نوێنەرانی شاندەكانی وڵاتانی جیهان یەك بە یەك ئاڵای وڵاتەكانیان نمایشكرد، هونەرمەندی گەنج چۆپی فەتاحیش بە نوێنەرایەتی گەنجانی هەرێمی كوردستان ئاڵای كوردستانی لەبەردەم نوێنەری وڵاتانی جیهان نمایشكرد.
شاندی گەنجانی هەرێمی كوردستان كە لە 20 گەنجی كوردستان پێكهاتووە ، بەشداری لە چەندین سيمینار و كۆبوونەوەدا دەكەن كە لە رۆژانی كۆنفرانسەكە ئەنجامدەدرێت.
ئیدریس نێچیرڤان بارزانی لە كۆنفرانسەكەدا گوتارێكی بە نوێنەرایەتی گەنجانی بەشداربوو پێشكەشكرد، ئەو لە گوتارەكەیدا باسی بواری پەروەردە و شێوەی بایەخدان بە منداڵان كوردستاندا كرد. بەتایبەتی لەو حالَەت و شوێنانەی كە جەنگ رێگرە لە بەردەم خوێندیان. هەروەها باسی لە رەوشی ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستانی كرد.
هەروەها گوتیشی" لەدەیەی رابردوودا، كوردستان توانیویەتی ئاشتی و سەقامگیری دەستەبەر بكات و بووژانەوە بەخۆیەوە ببینێت".
لەبارەی سیستمی خوێندنی هەرێمی كوردستانیش كە لەنێوەڕۆكی گوتارەكەدا باسیكرد، ئیدریس نێچیرڤان بارزانی گوتی:" پەروەردە زۆر گرنگە، چونكە وەبەرهێنانە لە داهاتوودا، دەبووایە ئێمە پێكهاتەیەكی تازەی سیستەمی خوێندن بنیادبنێین و قوتابخانەكان و كتێب و پرۆگرامەكان تازە بكەینەوە".
ئیدریس بارزانی، كوڕی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و تەمەنی 17 ساڵە، ئەو دەزگایەكی خێرخوازی بەڕێوەدەبات لە بوارەكانی پەروەردە، یارمەتیدانی هەژاران و ئافرەتاندا كاردەكات، هەروەها كاردەكات بۆ كەمكردنەوەی هەژاری.
ئەمە یەكەمجارە شاندێكی گەنجانی كوردستان بەشداری لەم كۆنفرانسە نێودەوڵەتییەدا بكات. شاندەكە لەلایەن ژمارەیەك رێكخراوی خێرخوازی و كۆمپانیا كەلە كوردستان كاردەكەن سپۆنسەر كراوە.
لەلایەن چەند دەزگایەكی راگەیاندنی هەرێمی كوردستانەوە رەخنە لەو بەشدارییەی ئیدریس نێچیرڤان بارزانی گیرا، كە هیچ سیفەتێكی فەرمی نییە و تەمەنی نەگەیشتووەتە 18 ساڵ، كەچی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كردووە. بەڵام ئەندامێكی شاندەكە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، كە ئیدریس نێچیرڤان بارزانی بەنوێنەرایەتی رێكخراوی روانگە بەشداریی كردووە، نەك بە نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
كۆنگرەی (یەك جیهان بۆ گەنجان)، بریتییە لە كۆبوونەوەی گەنجانی نێوان تەمەن 18 بۆ 30 ساڵ، كە تێیدا گفتوگۆ لەسەر پرسەكانی پەیوەست بە گەنجان دەكرێت وەك سەكۆیەكی هەموو گەنجانی جیهان. لە كۆتایی كۆنفرانسەكەشدا نوێنەرانی كۆنفرانسەكە دەبنە بەشێك لە ئەندامانی تۆڕێكی گەورەی سەركردەكانی گەنج لە جیهاندا، كە كار دەكەن لەپێناو پێشخستنی پەروەردە و پاراستنی ژینگەی جیهان.