بافڵ تاڵەبانی لە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی باوکی: بە ھاوکاری دڵسۆزانت یەکێتیمان لە ھەڵدێران پاراست
رووداو دیجیتاڵ
بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کوڕی جەلال تاڵەبانی لە چوارەم ساڵڕۆژی کۆچی دوایی باوکیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ھەنگاوی وەفاداری دەنێين و بەشوێن دونیابینی و سیاسەتی حەکیمانەی مام رێدەکەين و ئەمانەتی تۆ لە بەرامبەر خوێنی شەھیدان و تێکۆشەرانی یەکێتی دەپارێزین، دەیبووژێنینەوە و رێکیدەخەینەوە." دەشڵێت "بە ھاوکاری دڵسۆزانی رێگەکەت و تێکۆشەران و شوێنکەوتوانی، یەکێتیمان لە ھەڵدێران پاراست."
رۆژی 3-10-2017 جەلال تاڵەبانی لە تەمەنی 83 ساڵی لە ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد. بافڵ تاڵەبانی دەڵێت "لە چوارەمین ساڵڕۆژی ماڵئاوایی تۆدا بەشکۆوە رادەمێنم و تاوێک لە خەباتی رابەر و رۆشنکەرەوەی بیری کوردایەتی و بڵێسەی شۆڕشی نوێ، پشوودەدەم و بەدەم گەشبینی، ھیوا و ئومێدەوە بۆ ئاسۆیەکی روونتر ھەنگاودەنێم."
بافڵ تاڵەبانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەشڵێت "ئەرکی ئێمەيە بەرنامەکەت تەواوبکەين و یەکێتی ناو یەکێتی بپارێزين. ئەم یادە بەدەرفەت دەزانم تا جارێکی دیکە دڵنیات بکەمەوە و ویژدانم ئاسوودەبکەم، دوای پشوودرێژی و دانبەخۆداگرتنێکی زۆر دواجار بە ھاوکاری دڵسۆزانی رێگەکەت و تێکۆشەران و شوێنکەوتوانی، یەکێتیمان لەھەڵدێران پاراست و ژیانی سیاسی و حیزبایەتیمان ئاسایی کردەوە، ھەر بڕیارێک درابێت و لەداھاتووشدا دەدرێت لە خزمەتی چاکەی گشتی و یەکێتی و کوردستانەکەت دەبێت."
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق هاوپەیمانیی کوردستانیان پێکهێناوە. بافڵ تاڵەبانی دەڵێت "لەم قۆناغی خەباتی نوێیەشدا یەکێتییەکەمان و گۆڕانەکەی کاک نەوشيروان دوا ئاواتی ئێوە و ویستی کۆمەڵانی خەڵکیان بەجێگەیاند و پێکەوە بەرەو سەرکەوتن ھەنگاودەنێن و لە ھاوپەیمانیەتييەکەدا لە بەردەم وەفاداری خەڵک و کێشە بنچینەییەکانی ھەرێم و پارسەنگی ھێز و مافە دەستوورییەکانمان راوەستاوین. ھاوپەیمانی کوردستان وەفادار دەبێت و کار بۆ ژیانێکی باشتر و پاراستنی قەوارەی ھەرێم دەکات. خۆمان ئامادەکردووە و لە بەردەم سەرپێخستنی خەونی تۆ و کاک نەوشیروان داین و دەمانەوێت ئەو سیاسەتە حەکیمانەی ئێوە بکەینە سەرمەشقی خەباتی نوێمان."
دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ چوارەم ساڵیادی کۆچی دوایی باوکی
لە چوارەمین ساڵڕۆژی ماڵئاوایی تۆدا بەشکۆوە رادەمێنم و تاوێک لە خەباتی رابەر و رۆشنکەرەوەی بیری کوردایەتی و بڵێسەی شۆڕشی نوێ، پشوودەدەم و بەدەم گەشبینی، ھیوا و ئومێدەوە بۆ ئاسۆیەکی روونتر ھەنگاودەنێم.
ھەنگاوی وەفاداری دەنێين و بەشوێن دونیابینی و سیاسەتی حەکیمانەی مام ڕێدەکەين و ئەمانەتی تۆ لە بەرامبەر خوێنی شەھیدان و تێکۆشەرانی یەکێتی دەپارێزین، دەیبوژێنینەوە، رێکیدەخەینەوە.
وەفادار بۆ یەکێتی و مێژووی پڕسەروەری مام، ئەرکی ئێمەيە بەرنامەکەت تەواوبکەين و یەکێتی ناو یەکێتی بپارێزين. ئەم یادە بەدەرفەت دەزانم تا جارێکی تر دڵنیات بکەمەوە و ویژدانم ئاسوودەبکەم، دوای پشوودرێژی و دانبەخۆداگرتنێکی زۆر دواجار بە ھاوکاری دڵسۆزانی رێگاکەت و تێکۆشەران و شوێنکەوتوانی، یەکێتیمان لەھەڵدێران پاراست و ژیانی سیاسی و حیزبایەتیمان ئاسایی کردەوە، ھەر بڕیارێک درابێت و لەداھاتووشدا دەدرێت لە خزمەتی چاکەی گشتی و یەکێتی و کوردستانەکەت دەبێت.
راستە رێگری ھەبوو بەڵام لەم کاروانەدا تەنھا نەبووین و تەنھا نین، پێکەوە ھەموومان تێکۆشەران، پێشمەرگەی دێرین، کەمئەندامانی سەنگەر، زیندانیانی سیاسی، کەسوکاری شەھیدان، ھەڤاڵان و کادران یەکێتیمان پاراست و لەخەمی یەکێتیدا بووین، وەک سەردەمی رابەرایەتی تۆ ئێستا یەکێتی و یەکێتییەکان ئازاو ئازادن کار بۆ ژیانێکی باشتر و کوردستانێکی ئاوەدانتر دەکەن.
لەم قۆناغی خەباتی نوێیەشدا یەکێتییەکەمان و گۆڕانەکەی کاک نەوشيروان دوا ئاواتی ئێوە و ویستی کۆمەڵانی خەڵکیان بەجێگەیاند و پێکەوە بەرەو سەرکەوتن ھەنگاودەنێن و لە ھاوپەیمانیەتييەکەدا لە بەردەم وەفاداری خەڵک و کێشە بنچینەییەکانی ھەرێم و پارسەنگی ھێز و مافە دەستوورییەکانمان راوەستاوین. ھاوپەیمانی کوردستان وەفادار دەبێت و کار بۆ ژیانێکی باشتر و پاراستنی قەوارەی ھەرێم دەکات. خۆمان ئامادەکردووە و لە بەردەم سەرپێخستنی خەونی تۆ و کاک نەوشیروان داین و دەمانەوێت ئەو سیاسەتە حەکیمانەی ئێوە بکەینە سەرمەشقی خەباتی نوێمان.
کەرکوک و کەرکوکییەکان، خانەقینییەکان، شەنگال، مەخمور و ئازیزانمان لە ناوچە دابڕێندراوەکان لەبەرامبەر بەڵێنی سەرۆک مام جەلال و خەمی کوردستانی بوونی ئێوە وەفادارین و لەئاست بەرپرسیارێتی پەیمانی مام دەبین و قودسی کوردستان قوڵایی ستراتیژی خەباتمان دەبێت و بەگیانمان دەیپارێزین، بۆ ھەمیشە لەگەڵتانین و شارەکەی خۆمان جێنەھێشتووە و جێی ناھێڵین، وەفا و وەسێتی باوکمانە و دەیپارێزین....
بۆ تۆی باوکیش بیرت دەکەم، زۆرجار لەبەرامبەر مەزنیت، رابەرایەتی و پێشەواییت، داکۆکیت لەمافە گشتییەکان و ئازادی رادەربڕین و تەبایی و یەکڕیزی گەلی کورد، خەمت بۆ نیشتمانێک کە رەنگدانەوەی ھەموو بۆچوونە جیاوازەکان بێت، رادەمێنم و بەڵێن بە رۆحت دەدەم کە ئەم بەرپرسیارێتییە بە ئەمانەتەوە بەجێ بگەیەنم و مەشخەڵی شۆڕشی نوێ و یەکێتییەکەت بڵێسەدارتر بکەم. ئارامی بۆ ڕۆحی مەزنت و رێگات رۆشن و یەکێتییەکەت ئاوەدانتر باوکە گیان.
کوڕی خۆت
بافڵ