بوومەلەرزەزانیی عێراق: مانگی رابردوو زۆرترین بوومەلەرزە لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکراون
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق دەڵێت، لە مانگی ئەیلوولدا 48 بوومەلەرزەیان تۆمارکردوون کە 36یان لەنێو عێراق، 11یان لەنێو ئێران و ئەوی دیکەش لە سووریا بووە.
بەپێی راپۆرتێکی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق کە رۆژی سێشەممە، 3-10-2023، بڵاوکراوەتەوە، لە مانگی ئەیلوولدا 48 بوومەلەرزە لە عێراق تۆمارکراون و گوڕەکانیان لەنێوان 1 بۆ 5.2 پلە بە پێوەری رێختەر بووە؛ قووڵاییشیان لەنێوان 6 بۆ 29 کیلۆمەتر بووە.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، مانگی رابردوو بە 15 بوومەلەرزە، پارێزگای سلێمانی زۆرترین چالاکیی بوومەلەرزەی تێدا بووە؛ دوای ئەو بە حەوت بوومەلەرزە پارێزگای هەولێر هاتووە؛ شەش بوومەلەرزەش لە پارێزگای واست و چوار بوومەلەرزەش لە پارێزگای نەینەوا روویانداوە.
دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق دەڵێت، دوو بوومەلەرزە لە پارێزگای میسان و بوومەلەرزەیەکیش لە هەریەکە لە پارێزگاکانی کەرکووک و دیالە تۆمارکراون.
رۆژی سێشەممە، 3-10-2023، عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رۆژانە و مانگانە چالاکیی بوومەلەرزە هەن، چونکە عێراق کەوتووەتە نزیک هەردوو هێڵی بوومەلەرزەی پلێتی عەرەبی و فارسی، بەڵام ئێمە سەرجەم ئەو زەمینلەرزانەی روودەدات بڵاوناکەینەوە، ئەوەش بۆ ئەوەی خەڵک نەترسن، چونکە بەشێک لە زەمینلەرزەکان مرۆڤ هەستییان پێناکەن."