بەرهەم ساڵح پێشنیاز دەکرێ بۆ بوونە یاریدەدەری سکرتێری گشتیی UN و سەرۆکی ئاژانسی پەنابەران

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق بەربژێرە بۆئەوەی ببێتە سەرۆکی ئاژانسی تایبەت بە پەنابەرانی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
 
رۆژی هەینی 03-10-2025 محەممەد هەورامی، راوێژکاری بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق بۆ تۆڕی میدیایی رووداوی پشتڕاستی کردەوە کە ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی و وڵاتانی رۆژئاواییش، پێشنیازیان کردووە بەرهەم ساڵح ببێتە سەرۆکی ئاژانسی تایبەت بە پەنابەرانی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
 
محەممەد هەورامی گوتیشی، بە وەرگرتنی پۆستەکە، بەرهەم ساڵح لە هەمان کاتیشدا دەبێتە یاریدەدەری سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
 
لەبارەی هەڵوێستی بەرهەم ساڵح بۆ پێشنیازەکە، محەممەد هەورامی بە رووداوی گوت، خەریکی تاوتوێکردنیەتی و هێشتا هیچ بڕیارێکی نەداوە.
 
بەرهەم ساڵح لە 02-10-2018 تاوەکو 13ی ئۆکتۆبەری 2022 سەرۆککۆماری عێراق بوو، لە 28ی تشرینی یەکەمی 2009 تاوەکو 5ی نیسانی 2012ش سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو.