سنووری شنگال بۆردوومان دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

ئەم ئێوارەیە سنووری شنگال لە پارێزگای نەینەوا کرایە ئامانج و فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێت، لە ئەنجامدا چەند کەسێک گیانیان لەدەستداوە. 
 
عەقید لوقمان گلی، بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی پێشمەرگە لە سنووری شنگال لەبارەی هێرشەکەی ئەم ئێوارەیەی سنووری شنگال بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە رێگەی درۆنەوە دوو جار هێرشکرایە سەر دوو ناوچەی جیاوازی شنگال؛ یەکەمیان نزیکەی کاژێر 7ـی ئێوارە بوو و کرایە سەر ئۆتۆمبێلێک لە جۆری پیکاب لە ناوچەی شلۆ کە رێگەیەکە دەچێت بۆ گوندی باری؛ لەو ئۆتۆمبێلەدا چوار کەس هەبوون و هەموویان گەریلای پەکەکە بوون و گیانیان لەدەستدا. هێرشی دووەمیش نزیکەی نیو کاژێر دوای ئەوە بوو  و، ئۆتۆمبێلکێکی لە گەڕەکی نەسری قەزای شنگالی لە نزیک بنکەی پۆلیسی شنگال کردە ئامانج و ئەویش گڕی گرت، بەڵام هێشتا زیانەکانی نازانرێن."
 
ئەو بەرپرسەی هێزەکانی پێشمەرگە گوتیشی، زۆر پێدەچێت هێرشەکان لە رێگەی درۆنی تورکیاوە ئەنجامدرابن.
 
دژەتیرۆری کوردستانیش لەبارەی هێرشی دووەم راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی لە گەڕەکی نەسر لە قەزای شنگال کردە ئامانج و بەهۆیەوە چەکدارێکی پەکەکە کوژرا و 2 چەکداری دیکەش بریندار بوون."
 
چەند مانگێکە بۆردوومان لە سنووری شنگال زیادبووە. 
 
رۆژی سێشەممە، 18-10-2022، ئۆتۆمبێلێک لە شنگال تەقییەوە. ئەوکات پەرلەمانتارێکی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئۆتۆمبێلێکی یەبەشە"ـی کردە ئامانج و بەهۆیەوە بەرپرسێکی ئێزیدخان و شۆفێرەکەی بریندار بوون". دژەتیرۆری کوردستانیش گوتی، لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا "دوو کەس کوژراون." 
 
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و نوێنەری پارێزگای نەینەوا ئەو کاتە رایگەیاند: "کاژێر 8:30 لە گەڕەکی شەهیدان، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئۆپڵ ئۆمێگا رەنگ رەساسی کردە ئامانج کە سەر بە هێزەکانی یەبەشە بووە."
 
دووبەردانی باسی لەوە کرد، لە بۆردوومانەکەدا "خالید قاسم سالم ناسراو بە خالید قەیرەوانی، یەکێک لە بەرپرسانی ئێزیدخان و شۆفێرەکەی بە ناوی سالم بریندار بوون".
 
دژەتیرۆری کوردستان لەبارەی هێرشەکەی رۆژی 18-10-2022، لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆسەر ئۆتۆمبێلی بەرپرسێکی چەکدارانی پەکەکە دوو کەس کوژران و کەسێکی دیکەش بریندار بوو."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی دژەتیرۆری کوردستان، "فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا ئۆتۆمبێلی بەرپرسێکی چەکدارانی پەکەکەی لە گەڕەکی شەهیدان لە ناوەندی قەزای شنگال کردە ئامانج و بەهۆیەوە بەرپرسەکە و چەکدارێک کوژران و چەکدارێکی دیکەش بریندار بوو."