سەرۆک بارزانی: کوردانی فەیلی نموونەیەکی دیاری ئەو ستەم و چەوساندنەوەیەن لە دژی گەلی کورد کراوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە ژمارەیەک کەسایەتیی و نوێنەرانی کۆمەڵە و رێکخراوی کوردانی فەیلی کرد و رایگەیاند کوردانی فەیلی "هێمای فیداکاری و کوردپەروەرین و نموونەیەکی دیاری ئەو ستەم و چەوساندنەوەیەن کە لە دژی گەلی کورد ئەنجام دراوە."
 
رۆژی یەکشەممە، 3ی تشرینی دووەمی 2024، لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەک کەسایەتیی و نوێنەرانی کۆمەلە و رێکخراوی کوردانی فەیلی کرد.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا شاندی میوان "کورتەیەکیان لە کێشە و گیروگرفتەکانیان و بابەتی بێبەشبوونی ژمارەیەکی زۆری کوردانی فەیلی لە ماف و ناسنامە و ئاسەواری ئازاردان و راگواستنیان و دەرئەنجامەکانی سیاسەتی شۆڤینی بۆ سەرۆک بارزانی خستەڕوو کە لەسەر دەستی رژێمی پێشووی عێراق لە دژی کوردانی فەیلی پیادە کراوە و تاوەکو ئەمڕۆش بەشێک لەم کێشانە هەر بەردەوامن."
 
شاندەکە هەروەها "سوپاسی سەرۆک بارزانییان کرد کە هەمیشە بەرگریی لە مافەکانی کوردانی فەیلی کردووە لەو کێشە و ئاستەنگانەی هەیانە و هەمیشە داکۆکیکار بووە بۆ گەڕاندنەوە و چەسپاندنی مافەکانیان." 
 
هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهاتنی کەسایەتی و نوێنەرانی رێکخراو و کۆمەلەی کوردانی فەیلی، پێزانینی بۆ هەڵوێستەکانیان هەبوو، و رایگەیاند، "کوردانی فەیلی هێمای فیداکاری و کوردپەروەرین و نموونەیەکی دیاری ئەو ستەم و  چەوساندنەوەین کە لەدژی گەلی کورد ئەنجام دراوە. جەختیشی لەوە کردەوە  کوردانی فەیلی بەهۆی ناسنامەی نەتەوەییان تووشی زوڵم و دەربەدەریی و ئاوارەیی بوونە."
 
هاوکات، سەرۆک بارزانی ئەوەشی دووپاتکردەوە "ئەوەی لە توانایدا بێت بۆ پاڵپشتیکردن و جێگیرکردنی تەواوی ماف و داواکاریبەکانی کوردانی فەیلی ئەنجامی دەدات."