بە بەشداریی جێگرانی سەرۆکی پارتی، حیزبەکە لە دهۆک کەرنەڤاڵێکی جەماوەری دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی سێشەممە جێگرانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکەوە لە یاریگەی دهۆک بەشداری بکەن لە بانگەشەی پارتی بۆ بەربژێرانی لیستەکە و کۆکردنەوەی ' یەک ملیۆن دەنگ و زیاتر' بۆ حیزبەکە.
نەوزاد عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکاتی بەشداریکردن لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات رایگەیاند: "هەموو ئامادەکارییەکان کراون، پێویستییەکانی بەڕێوەبردنی کەرنەڤاڵەکە کۆتایی هاتووە.''
تەنیا 5 رۆژ بانگەشەی هەڵبژاردن ماوە، پارتەکانی کوردستان و عێراق بانگەشەیان چڕکردووەتەوە، بۆ کەرنەڤاڵەکەی رۆژی سێشەممەی پارتی لە دهۆک. بەرپرسی لقی یەکی حیزبەکە پێشبینی دەکات "زیاتر لە 50 هەزار کەس ئامادەبن.''
نەوزاد عەبدوڵڵا بە رووداوی راگەیاند: "فراوانتر لە بانگەشەی ساڵی رابردووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خەڵک ئامادە دەبن.''
لە سەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی لە چەندین بانگەشەی حیزبەکەی چاڵێنجی "یەک ملیۆن دەنگ"ـی بۆ پارتی راگەیاندووە، حیزبەکە زیاتر لە 800 هەزار دەنگی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەدەستهێنا، نیوەی ئەو دەنگانە لە دهۆک بۆ پارتی بوون، جگە لەوەی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان چاوی لە دەنگی ناوچە کێشەلەسەرەکانیشە بۆ ملیۆنێک دەنگ یان زیاتر.
نەوزاد عەبدوڵڵا لەوبارەوە دەڵێت: "چاومان لەوەیە لە دهۆک دەنگی پارتی زیاتر لە 410 هەزار دەنگ بێت، بۆ ئەوەی نزیک ببینەوە لەو ژمارەیەی جەنابی رێزدار کاک نێچیرڤان بارزانی وەکو چاڵێنجێکی گەورە رایگەیاندووە کە ملیۆنێک دەنگ و زیاترە، هیوامان ئەوەیە خەڵکێکی زۆر بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگەکانیان بۆ لیستی 275ـی پارتی بێ.''
بەپێی ئاماری نووسینگەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دهۆک لە دوو پرسدا یەکەمی هەرێمی کوردستانە، هەم لە وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان، هەم لە بەشداری لە هەڵبژاردندا لە خولەکانی رابردوودا.
نەوزاد عەبدوڵڵا لەوبارەوە دەڵێت: "خەڵکی دهۆک لە پرۆسەی دیموکراسیدا بەشدارییەکی کارایان هەیە، سندووقەکانی دەنگدان دەکەنە سەنگی مەحەکی دەرخستنی سەنگی هەر لایەنێک، زیاتر لە 700 هەزار دەنگدەر هەن، ئێمە بە هەموو شێوەیەک هەوڵمانداوە وا بکەین زۆرترین دەنگ بەدەستبێنین.''
کورسییەکانی پارێزگای دهۆک لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا بەسەر سێ لایەن دابەش بوون، پارتی دیموکراتی کوردستان 8 کورسی، یەکگرتوو دوو کورسی و یەکێتیش کورسییەکی بەدەستهێناوە.
بەرپرسی لقی یەکی پارتی لەدهۆک ئامانجی حیزبەکەی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا کرد و رایگەیاند:" 9 کورسی بۆ ئێمە مسۆگەرە و پلانیشمان بۆ ئەو ژمارەیەی کورسییەکانە، هەرچەندە ئەو یاسایە ستەمی زۆری تێدایە، بەڵام چاومان لە زیاتر لە ملیۆنێک دەنگە، ئەگەر عێراق یەک بازنەی هەڵبژاردن بووایە، ملیۆنێک دەنگ دەبووە زیاتر لە 70 کورسی پەرلەمان، بەڵام دابەشکاری بازنەکانی پارێزگاکان وایکردووە، بەهای کورسی لە دهۆک زیاتر لە 40 هەزار دەنگ و لە پارێزگای دیکەی عێراقیش سێ بۆ چوار هەزار دەنگ بێت.''
پارتی: پۆستەری ئێمەش لەدهۆک دەدڕێنرێت و 6 سکاڵامان تۆمارکردووە
لە ماوەی رابردوودا هەندێک لایەن نیگەران بوون لەوەی لە دهۆک پۆستەر و فلێکستەکانیان دەدڕێنرێت، بەرپرسەکەی پارتی رەتی دەکاتەوە ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکەی ئەوکارە بکەن و دەڵێت: "پۆستەری ئێمەش دەدڕێنرێت، کەسانی نابەرپرس ئەوکارە دەکەن و سکاڵاشمان لای کۆمیسیۆن تۆمار کردووە، رەنگە لایەنگری هەر ئەو حیزبانە خۆیان ئەوکارە بکەن بۆ ناوزڕاندنی دهۆک و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیرییەکەی، ملەگەڵ ئەوەشدا ئەو ئازادییە رەهایەی لە دهۆک هەیە لە شوێنی دیکە نییە.''
ئەو بەرپرسەی پارتی لە دهۆک رووی لەلایەنەکان کرد و گوتی: "با بێن پێمان بڵێن کێ وای کردووە، با سکاڵا لەسەر ئەو کەسانە بکەن، بە بەڵگەوە دەیان پۆستەرمان دڕێنراوە و هەموویمان تۆمارکردووە و دراوەتە کۆمیسیۆن، لیژنە دیاری دەکات کێ ئەوەی کردووە و کۆمیسیۆن لێی دەکۆڵێتەوە، شەش سکاڵامان لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک تۆمارکردووە.''
59 بەربژێری لیست و لایەنە جیاوازەکان لە سنووری پارێزگای دهۆک رکابەری لەسەر 12 کورسی پارێزگاکە دەکەن، لە سنووری پارێزگاکە 779 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە، 96٪ـی ئەو دەنگدەرانە کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە.