وێنەی سەرکردەکانی کورد لە فێستیڤاڵی فیلمی دەریای سوور لە سعودیە

رووداو دیجیتاڵ

بەڵگەفیلمی 'جوانیی شاراوەی عێراق' کە وێنەی سەرکردەکانی کورد لەخۆ دەگرێت، لە سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور بەشدارە و کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵات دەکات.
 
باوکی هونەری فۆتۆگرافی عێراقی، نازناوێکە خەڵک بە لەتیف عانی، فۆتۆگرافەری عێراقیان داوە کە بە کامێراکەی ژیانی رۆژانەی لە عێراق و باشووری کوردستان تۆمارکردووە.
 
بەڵگەفیلمەکە لە ئامادەکردن و دەرهێنانی سەهیم عومەر خەلیفە، دەرهێنەری کوردە کە خاوەنی زیاتر لە 110 خەڵاتی جیهانییە.
 
بەرهەمەکە لە 2020 لە بەغدا و چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستان وێنەگیراوە و ساڵێک دوای وێنەگرتنی، ئەو فۆتۆگرافەرە کۆچی دوایی کردووە.
 
لەو بەرهەمەدا تیشک خراوەتە سەر ژیانی ئەو هونەرمەندە و وێستگە گرنگەکانی ژیانی و لە بەشێکیدا باس لە پەیوەندی لەگەڵ کورد و تێڕوانینی بۆ کوردستان کراوە.
سەهیم عومەر خەلیفە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فەرەنسا، بەلجیکا و چەند کەناڵێک پشتگیری بەرهەمهێنانی فیلمەکەیان کردووە و لە بەشی روانگەی نوێی فێستیڤاڵی دەریای سوور بەشدارە کە تایبەتە بەو فیلمانەی بە شێوازێکی جیاواز کاریان بۆ کراوە و دوو پێشاندانی تایبەتی بۆ دەکرێت لە 3-4ـی کانوونی یەکەمی 2023.
 
لەتیف عانی سەردانی باشووری کوردستان کردووە و وێنەی زۆری گرتووە، لەوانە وێنەی سەرکردەکانی کورد.

 

 
خەلیفە لەمبارەیەوە گوتی، لەتیف عانی لە چل و پەنجاکانی سەدەی رابردوو وێنەی زۆری لە کوردستان گرتووە، بەتایبەتیش لە هەولێر، سلێمانی، زاخۆ و ئاکرێ. گوتیشی، عانی وێنەی مەلا مستەفا بارزانی گرتووە، هەروەها سەرۆک بارزانی و ئیدریس بارزانی بینیوە و وێنەیانی گرتووە و خۆشەویستی بۆ کورد هەبووە. 

 

 
لەتیف ئەلعانی، لە 18 تشرینی دووەمی 2021، لە تەمەنی 89 ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشییەوە لە بەغدا کۆچی دواییکرد.
 
سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی دەریای سوور لە 30ـی تشرینی دووەمی تاوەکو 9ـی کانوونی یەکەمی 2023 لە جەدەی سعودیە بەڕێوەدەچێت، ئەمەش دوای ئەو کرانەوە کولتووریەی ئەو وڵاتە دێت، کە لە زۆربەی شارەکانیدا فێستیڤاڵی هونەری سازدەکات.
 
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی دەریای سوور هەرچەندە تەمەنێکی کەمی هەیە، بەڵام بەهۆی بانگهێشتکردنی ئەستێرەکانی سینەما لە جیهاندا و پاڵشتیکردنی بەرهەمهێنانی فیلم لە ئاستی جیهاندا، نێوبانگێکی زۆری دەرکردووە. 
 
یەکەمین پێشاندانی بەڵگەفیلمی سینەمایی 'شاردنەوەی سەدام' لە دەرهێنانی هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری کورد، لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی لە سعودیە بوو و لە چوارچێوەی چالاکییەکانی سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور لەو وڵاتە لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی کە بەناوی دەریای سوورە، کێبڕکێ دەکات و دوو پێشاندانی بۆ کراوە.
 
'شاردنەوەی سەدام' چیرۆکی عەلا نامیق دەگێڕێتەوە کە بۆ ماوەی 235 رۆژ، سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراقی لە باشووری تکریت حەشاردا، لە کاتێکدا هەزاران سەربازی ئەمریکی دوای کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتەکەی لە ساڵی 2003، بەدوایدا دەگەڕان.
 
تۆڕی میدیایی رووداو یەکێک لە بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی فیلمەکەیە و مافی بڵاوکردنەوەی لە کوردستان و عێراق هەیە و ترەیلەرەکەیشی بۆ یەکەمجار لە رێگەی رووداوەوە بڵاوکرایەوە.