رووداو پێشنیازی کۆمیسیۆن بۆ دابەشکردنی کورسیی پێکهاتەکانی پەرلەمانی کوردستان بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق 11 کورسییەکەی کۆتای پێکهاتەکانی پەرلەمانی کوردستان بە پشتبەستن بە یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دابەش دەکات، پێشنیازی دەکات بۆ دادگەی فیدراڵیی عێراق، کە ئەو 11 کورسییە چواری بۆ سلێمانی، چواری بۆ هەولێر و سێیەکەی دیکەی بۆ پارێزگای دهۆک بێت. سکرتێری خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "دابەشکردنی کورسییەکانی تورکمان نادادی و ناتەواویی تێدایە. ناکرێت 80%ی تورکمانەکانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بن و دوو کورسییان هەبێت."
بەپێی نووسراوێکی فەرمانگەی پڕۆسەکان و تەکنەلۆژیای زانیاریی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارە 2551ی رۆژی 30-11-2023، کە ئاراستەی یاریدەدەری سەرۆکی فەرمانگەی هەڵبژاردن بۆ کاروباری تەکنیکی کراوە، کە بۆ دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئامادە کراوە بۆ روونکردنەوەی شیکردنەوەکانیان لەبارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان و کورسیی پێکهاتەکان لە سکاڵای ژمارە (83 و هاوتاکانی/ فیدراڵیی 2023/2558).
لە نووسراوەکەی کۆمیسیۆندا هاتووە، "بۆچوونی خۆمان لەبارەی دابەشکردنی هەرێمی کوردستان بەسەر بازنەی هەڵبژاردن و چۆنێتی دابەشکردنی کورسییەکان لەسەر بازنەکان روون دەکەینەوە، بە رەچاوکردنی ئەوەی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک بازنەی هەڵبژاردن دەبێت؛ بۆیە دەمانەوێت ئەمە روون بکەینەوە:
یەکەم: کۆمیسیۆن تەنیا پشتی بە بنکەی داتای دەنگدەرانی تۆمارکراو بە سیستمی بایۆمەتری و ئەوانەی کارتی بایۆمەتریان هەیە بەستووە کە لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و پارێزگاکانی کارپێکراو دەبێت.
دووەم: بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکان ژمارە 12ـی ساڵی 2018ـی هەموارکراو، هەر پارێزگایەک لە پارێزگاکانی عێراقی کردووەتە یەک بازنەی هەڵبژاردن و بەپێی ژمارەی دانیشتووان ژمارەی کورسی بۆ دیاریکردوون.
بەو پێیەی 320 کورسییەکەی پەرلەمانی عێراق بەو شێوەیە دابەشکراوە کە ژمارەی هەریەک لە سلێمانی، هەولێر، دهۆک بەمشێوەیە بێت:
- سلێمانی 18 کورسی
- هەولێر 15 کورسی
- دهۆک 11 کورسی
واتە ژمارەی کورسییەکانی هەرێمی کوردستان 44 کورسییە و رێژەی پارێزگاکانیش بەمشێوەیە:
- سلێمانی 41%
- هەولێر 34%
- دهۆک 25%
سەبارەت بە کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان و کورسیی پێکهاتەکان، لە نووسراوەکەدا هاتووە، "بەو پێیەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ژمارە 12ی هەموارکراوی ساڵی 2018 یاسایەکی فیدراڵیی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانە لە پارێزگاکانی عێراق، لەنێویاندا هەرێمی کوردستان.
ئەو رێژانەی لە سەرەوە ئاماژەیان بۆ کراوە لێکدەدرێنەوە و بەمشێوەیە دەبێت، بە رەچاوکردنی ئەوەی پەرلەمانی کوردستان 100 کورسی هەیە، بۆ پارێزگاکان بەمشێوەیە دەبێت:
- سلێمانی 41 کورسی، رێژەی 41%
- هەولێر 34 کورسی، رێژەی 34%
- دهۆک 25 کورسی، رێژەی 25%
هەرچی لەبارەی کورسیی پێکهاتەکانە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، ئەو 11 کورسییە بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەمشێوەیە دابەش دەبن:
- کلدان، سریان و ئاشوور: 5 کورسی
- تورکمان: 5 کورسی
- ئەرمەن: 1 کورسی
بە گەڕانەوە بەڕێژەکانی سەرەوە، ئەو کورسییانە بەپێی پارێزگاکان بەمشێوەیە دابەش دەبن:
- سلێمانی: 41% و 4 کورسی بۆ پێکهاتەکان؛ 2 کورسی بۆ کلدان، سریان ئاشووری و 2 کورسی بۆ تورکمان.
- هەولێر: 34% و 4 کورسی بۆ پێکهاتەکان؛ 2 کورسی بۆ کلدان، سریان و ئاشووری و 2 کورسی بۆ تورکمان.
- دهۆک: 25% و 3 کورسی بۆ پێکهاتەکان؛ 1 کورسی بۆ کلدان، سریان و ئاشووری؛ 1 کورسی بۆ تورکمان و 1 کورسی بۆ ئەرمەن.
مونا قەهوەچی، سکرتێری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، رۆژی یەکشەممە 3-12-2023، لەبارەی ئەو دابەشکردنەی بۆ کورسییەکان کراوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو دابەشکردنە نازانین لەسەر چی بنەمایەک کراوە، چونکە نادادی زۆری تێدایە. ناکرێت رێژەی 80%ی تورکمانەکان لە هەولێر بن و تەنیا دوو کورسییان هەبێت، جگە لەوەش بەلایەنی کەمەوە کورسییەکیش بۆ پارێزگای دهۆک بۆ تورکمان تەرخانکراوە، لە کاتێکدا هەر کورسییەک سێ بۆ چوار هەزار دەنگی پێویستە، واتە دەبێت نزیکەی 10 هەزار تورکمان لە دهۆک هەبن کە ئەم ژمارەیە نییە."
مونا قەهوەچی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، باشتر بوو نوێنەرانی پێکهاتەکان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە بانگهێشتبکرابان بۆ ئەوەی راوبۆچوونی خۆیان لەسەر ئەو بابەتە روونبکردایەتەوە و گوتیشی، "باشتر بوو کۆمیسیۆن لەگەڵ نوێنەرانی سەرجەم پێکهاتەکان لەبارەی ئەو نووسراوەوە قسەی بکردبایە، نەوەک بەو جۆرە بڵاوبکرێتەوە."
ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن، لەبارەی نووسراوەکەوە ئەمڕۆ یەکشەممە بە رووداوی گوت، "هێشتا نووسراوی کۆتایی نییە و دەکرێت بگۆڕدرێت، چونکە ئەوە بۆچوونێکە بۆ دادگەی فیدراڵی. ئەگەری هەیە دەستکاری بکرێت."
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 03-12-2023 دادگەکە بۆ بڕیاردان لەبارەی سکاڵایەک، کە پێشتر دوو سکاڵا بوون و یەکخراون لە دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ی ساڵی 1992ی هەموارکراو، کۆببێتەوە. سکاڵاکە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان و ئامانج نەجیب شەمعون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمار کراوە.
سکاڵاکان پەیوەندییان بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، کورسیی کۆتاکان، تۆماری دەنگدەران و بازنەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە.
پەرلەمانی کوردستان 111 کورسی هەیە؛ 11یان کورسیی پێکهاتەکانن. پێشتر یەکێتی، پارتی، گۆڕان و پێکهاتەکان چەندین کۆبوونەوەیان کرد و نەگەیشتن بەرێگەچارە بۆ ئەو 11 کورسییە کە پێکهاتەکان دەڵێن، نابێت لایەنەکانی دیکە دەستوەردان لە کاروباریان بکەن.