کرێی خانوو لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە 40 تاوەکو 60 دۆلارە


رووداو دیجیتاڵ

لە ئێران کرێی خانوو مانگ لە دوای مانگ قورسایی لەسەر ژیان و گوزەرانی کرێچییان زیاتر دەکات. بەپێی راپۆرتی یەکێتیی راوێژکارانی پارێزگای کرماشان، لە دوو ساڵی رابردوودا کرێی خانوو لە کرماشان 130٪ زیاتر بووە.
 
بابەک مورادی، سەرۆکی یەکێتیی خانووبەرەی پارێزگای کرماشان دەڵێت، کرێی خانوویەکی ئاسایی لە گەڕەکە جیاوازەکانی کرماشان بەشێوەی تێكڕا یەک ملیۆن و 200 هەزار تاوەکو 2 ملیۆن تمەنە واتە لە 40 تاوەکو 60 دۆلار؛ ئەو پارەیەش بۆ بەشی زۆری خەڵکی زۆرە.
 
لە هەندێ لە شارەکان خەڵک زۆرە کە توانای بە کرێگرتنی خانووی نییە؛ لە ورمێ، محەممەد خەلیل پوور، سەرۆکی ئەنجوومەنی شار پێشنیازی کردووە پاس بۆ خەڵکی بێ پەنا دابینبکرێت بۆ ئەوەی شەو تێیدا بمێننەوە و بەوجۆرە شەو و رۆژی ساردی زستان بەسەرببەن.
 
ئەو پێشنیازەی محەممە خەلیل پوور باسی دەکات لە تاران خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە؛ زۆر کەس هەن کاریشیان هەیە، بەڵام داهاتیان هێندە نییە کە بەشی کرێی خانوو بکات؛ بۆیە شەوانە لەنێو پاسەکاندا رۆژ دەکەنەوە.
 
هاونیشتمانییەک لە کرماشان دەڵێت، "خاوەن ماڵ دەڵێ خانووەکەم بایی 2 ملیار تمەنە، دەبێت بایی ئەو دوو ملیار قازانجی هەبێت؛ دەڵێ ئەگەر پارەکەم لە بانک دابنێم قازانجی زیاترم پێدەدەن. بۆیە کرێ خانوویان زیاد کردووە".
 
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی پەرەپێدانی شاری ئێران، 60٪ تاوەکو 70٪ی داهاتی خێزانەکان بۆ کرێ خانوو دەڕوات. 
 
ئەم بەرزبوونەوەیەی کرێی خانوو و سنوورداری داهات وایکردووە، لە شارێکی وەک کرماشان، بەپێی راپۆرتی یەکێتیی خانووبەرە، کرێچییەکان بەرەو گەڕەکە هەژارەکان و تەنانەت گەڕەکەکانی قەراخ شار بڕۆن.
 
بۆ پشتیوانی لە کرێچییەکان، حکومەتی ئێران ساڵی رابردوو بڕیاریدا قەرزی بانکی بە کرێچییەکان بدات و هەروەها بەرزکردنەوەی نرخی کرێی بۆ زیاتر لە 20٪ قەدەخە کرد؛ هەروەها حکومەت هەوڵیدا باج لە خانووە بەتاڵەکان وەربگرێت، بەڵام لە بەرامبەر هەڵاوسانی زۆر و گرانییەکان ئەم رێکارانە چارەسەرێکی زۆر کاریگەر نەبوون.
 
بەپێی راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، 24٪ی خێزانەکان لە ئێران کرێچین. هەڵبەت بەپێی هەندێ راپۆرت، ئەم ئامارە دەگاتە 40٪.
 
بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی خانوو، دابەزینی ئاستی داهاتی خەڵک و گرانبوونی کەرەستەی دروستکردنی خانوو، کڕینی خانووی بۆ زۆر کەس ئەستەم کردووە. 
 
حکومەتی ئیبراهیم رەئیسی دەیەوێ لە چوار ساڵدا 4 ملیۆن خانوو دروستبکات و کێشەی خانوو چارەسەر بکات.