لە هەولێر ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەی پێشکەوتوو دروست دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیایەکی خۆماڵی لە هەولێر ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە دروست دەکات و نوێترین ئۆتۆمبێلی بە دیزاینێکی سەرنجڕاکێش و کوالێتییەکی پێشکەوتوو بەرهەمهێناوە، ئەم ساڵ نوێترین مۆدێلی بەرهەمهێناوە و دەینێرێتەوە دوبەی و بازاڕەکانی ئەوروپا.

مەریوان فایەق کەریم، خاوەنی کۆمپانیای "دووسەرە" بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی ئاگرکوژێنەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم ساڵ نوێترین ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەیان بەناوی "DFP 77' بەرهەمهێناوە، پێشتریش 11 جۆری دیکەیان بەرهەمهێناوە کە توانای ئەوەی هەیە لە کاتی لێخوڕیندا، کاری ئاگرکوژێنەوەش بکات.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، حکومەتی ئیمارات لە رێگەی کۆمپانیایەکەوە داوای کڕینی 10 لەو ئۆتۆمبێلەی کردووە، هەروەها لە رێگەی کۆمپانیای "موبیاک"ـی یۆنانی دوای سەردانیان بۆ کارگەکە لە کوردستان، داوای 30 دانەی لەو ئۆتۆمبێلە کردووە کە بۆ بازاڕەکانی ئەوروپای دەنێرێت. گوتیشی: "بڕوانامەی ئایزۆی لە بواری میکانیکی، خۆپاراستن، کارەبا و ئاگرکوژێنەوەیان هەیە".

 

 
کارگەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلەکە لە هەولێرە، توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەی 35 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەی پێشکەوتووی هەیە کە دروستکردنی هەر دانەیەکی 40 رۆژ دەخایێنێت و 46 ئەندازیار و کرێکاری کورد کاری لەسەر دەکەن.
 
ئۆتۆمبێلەکان بەپێی ستانداردی وڵاتی نەمسا دروستکراون و 10 هەزار لیتر ئاو و هەزار و 500 لیتر فوم هەڵدەگرێت، 12 سۆندەی هەیە و مونیتەری سەر ئۆتۆمبێلەکە توانای ئەوەی هەیە 80 مەتر ئاو هەڵبدات. هەروەها تایبەتمەندیی رزگارکردن لەخۆدەگرێت و کەرستەی پێویستی بۆ دابینکراوە.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی وەزارەتی ناخۆ و پەیمانگەی بەرگریی شارستانییەوە چاودێریی کوالێتیی ئۆتۆمبێلەکان دەکەن، لە هەمان کاتدا پشتگیریی پڕۆژەی بەرهەمهێنانی دەکەن و داوای چەند دانەیەک لەو ئۆتۆمبێلەیان کردووە.