کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە دەباشان دەستیپێکرد

رووداو دیجیتاڵ 

شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانین و لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر ئاستی باڵا لە کۆبوونەوەدان، بەپێی زانیارییەکانی رووداو، پرسەکانی ئەنجوومەنی خۆجێی کەرکووک، نەینەوا و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ دەکرێن. 
 
رۆژی یەکشەممە، 04-02-2024، شاندی پارتی بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی،  به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێری مه‌كته‌بی سیاسی لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتییەوە پێشوازییان لێکرا.
 
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی گوتی، شاندەکەی پارتی پێکهاتوون لە، فازڵ میرانی، ئازاد بەرواری، مەحموود محەممەد، عەلی حوسێن و جەعفەر ئیمنیكی. هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا شاندەکەی یەکێتی پێکهاتوون لە بافڵ تاڵەبانی، دەرباز کۆسرەت، سەعدی پیرە، سالار سەرحەد و ئاراس ئاغا. 

 

 
دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە لە 14 پارێزگای عێراق و کەرکووک بەڕێوەچوو، ئەوە یەکەم کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتییە لە ئاستی باڵادا.
 
دوایین کۆبوونەوەی دوو حیزبە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان، 7ـی مانگی 11ـی ساڵی رابردوو بوو کە لە ئاستی مەکتەبی سیاسیدا لە پیرمام کۆبوونەوە.