تورکیا رەتیدەکاتەوە زیاتر لە دوو ملیۆن دار زەیتوونی لە عەفرین بڕیبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی نادروست کە سەر بە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیایە دەڵێت، ئەو هەواڵانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەکرێنەوە، گوایە تورکیا لە عەفرین "زیاتر لە 2 ملیۆن دار زەیتوونی بڕیوەتەوە،" راست نین.
 
ناوەندەکە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس روونکردنەوەیەکی لەبارەی دار زەیتوونەکانی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەو بانگەشانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، گوایە تورکیا لە عەفرین زیاتر لە 2 ملیۆن دار زەیتوونی بڕیوەتەوە، بە تەواوی دوورن لە راستییەوە."
 
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، "ئەم بابەتانە تەنیا دووبارەکردنەوەی چالاکییە سیستماتیکییەکانی پڕوپاگەندەی رەشن کە ساڵانێکە لەلایەن رێکخراوە تیرۆریستییەکان و پاشکۆکانیانەوە بە مەبەستی بە ئامانجگرتنی تورکیا بەرهەم دەهێندرێن."
 
جەخت لەوەش کراوەتەوە، "بوون و ئامادەیی تورکیا لە ناوچەکەدا بەشدارییەکی زۆر جیدی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دابینکردنی ئارامی، ئاسایش، سەقامگیری و خۆشگوزەرانیدا کردووە. لەم قۆناخەدا کە یەکپارچەیی خاکی سووریا بە کردەیی بەهێز بووە و توخمە تیرۆریستییەکان لەکارخراون، خستنەڕووی ئەو بانگەشە بێبنەمایانەی پێشتریش چەندین جار ورووژێنراون، هەوڵێکی مەبەستداری دروستکردنی تێڕوانینە. بانگەشەی باسکراو پشت بە هیچ داتا و زانیارییەکی بەرجەستە و پشتڕاستکراو نابەستێت و بە تەواوی زانیاریی چەواشەیە."
 
لە وێنەیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، ژمارەیەک هەژمار پۆستیان لەبارەی "بڕینەوەی دار زەیتوون" لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان کردووە.
 
لە پۆستەکاندا باس لەوە کراوە، زیاتر لە دوو ملیۆن دار زەیتوون لە ناوچەکەدا بڕدراونەتەوە یان لەنێوبراون.
 
شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، هێندەی بە سرووشتەکەی بەناوبانگە، هێندەش بە خاکە بەپیتەکەی بۆ کشتوکاڵ و زەیتوون ناسراوە. پێش شەڕی نێوخۆی سووریا، بژێویی 85 هەزار خێزان لە عەفرین لەسەر زەیتوون بوو.
 
لە سەرەتای 2018دا سوپای تورکیا و گرووپە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی ئەو کاتی سووریا هێرشیان کردە سەر عەفرین و داگیریان کرد.