پارتی و یەکێتی رێککەوتنی نێوانیان واژۆکرد

رووداو - هەولێر 

نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتیی دیموکراتی کوردستان و کۆسرەت رەسول عەلی، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتییان بۆ قۆناخی داهاتوو واژۆکرد. 


سەنگەر عەبدولڕەحمان، پەیامنێری رووداو رایگەیاند: "پارتی و یەکێتی رێککەوتنی نێوانیان تایبەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆکرد و لەسەر کۆمەڵێك پرس رێککەوتوون".

 

کۆسرەت رەسول عەلی، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەدوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە بە رووداوی رایگەیاند: "پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان دەکەین بە تایبەتی یەکێتییەکان و پارتییەکان. دەبێت ئەوان لە هەموو خەڵک زیاتر دڵسۆزبن، چونکە ئەم رێککەوتنە رێککەوتنێکی ئەساسییە، هیوادارم هەموومان لە حکومەتی کوردستان خزمەت بە خەڵک بکەین و ژیانیان باشتر بکەین".

جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتیشی: "رێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی گرنگە و لەگەڵ پارتی دەستکەوتەکان دەپارێزین".

 

فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: " رێککەوتنەکە بە دڵی هەردوولا بوو، ئەگەر بە دڵیان نەبوایە واژۆیان نەدەکرد، ئەوەی بەلای منیشەوە گرنگە ئەمنییەت و ئارامییە بۆ خەڵکی کوردستان، هەموو لایەنەکان لەبری ئەوەی بیر لە حیزبەکانی خۆمان بکەینەوە، بیر لە هاونیشتمانییانی کوردستان بکەینەوە باشترە، چونکە دەستکەوتی هەر حیزبێک ئەگەر لەڕێگەی دەستکەوتەکانی خەڵکەوە نەبێت، یان ئیدامە نامێنێتەوە، یان قیمەتی نابێت".

لەبارەی پێکهێنانی حکومەت فازڵ میرانی گوتی: "پێکهێنانی حکومەت لە هەفتەی داهاتووەوە دەستپێدەکات و دەبێت برادەرانی یەکێتی، سەرۆکی پەرلەمان دەستنیشان بکەن، بۆ ئەوەی پەرلەمان دەست بە رێکارە یاساییەکانی خۆی بکاتەوە، لە سەرەتاشەوە دەبێت سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردرێت، ئینجا سەرۆکی پەرلەمان".

لەبارەی پارێزگاری کەرکووک،  فازڵ میرانی رایگەیاند: "لە بەشێکی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان جەنابی سەرۆک کاک کۆسرەت رەسول کراوە باسی پارێزگاری کەرکووکیش کراوە". 

کۆنگرەی رۆژنامەڤانی هەردوو گوتەبێژی پارتی و یەکێتی لەبارەی رێککەوتنەکە

لەدوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتیی دیموکراتی کوردستان و لەتیف شێخ عومەر، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیان ئەنجامدا. 

مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتیی دیموکراتی کوردستان گوتی "رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ خەڵکی کوردستان گرنگە و بۆ تەبایی و یەکڕیزی گەلەکەمانە، هیوادارین رێککەوتنەکە ئارامی لە کوردستان دروست بکات"

هەروەها، لەتیف شێخ عومەر، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتی: "پارتی و یەکێتی بە متمانەوە رێککەوتنیان کردووە و بابەتی کەرکووکیش بەخواستی هەردوولامان یەکلابووەوە".