یەکێتی: با پێکەوە هەڵبژاردن بکەینە دەرفەتێکی زێڕین بۆ بووژاندنەوەی ئامانجەکانی راپەڕین

رووداو دیجیتاڵ 

یەکێتیی نیشتمانی کوردستان داوا دەکات، هەڵبژاردن بکرێتە دەرفەتێکی زێڕین بۆ بووژاندنەوەی ئامانجەکانی راپەڕین. 
 
رۆژی دووشەممە، 4ـی ئاداری 2024، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیێندراوێکی بەبۆنەی 33یەمین ساڵیادی راپەڕین بڵاوکردەوە. 
 
یەکێتی دەڵێت، دوای زیاتر لە سێ دەیە لە راپەڕین و پرۆسەی سیاسیی کوردستان وا لە حوزەیرانی ئەم ساڵدا روومان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانە. 
 
رۆژی 05-03-1991 خەڵکی رانیە لە دژی رژێمی بەعس راپەڕین، دواتر ئەو راپەڕینە هەموو شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستانی گرتەوە و بووە هۆی ئازادکردنی بەشێکی زۆر لە خاکی باشووری کوردستان و دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاماژە بەوە دەکات ئێستا "دەرفەتێکی زێڕین هاتووەتە کایەوە تا بە گیانی پڕ جۆشوخرۆشی سەرەتاکانی راپەڕینی دێرینەوە و بە دەنگدانی دیموکراتی لە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرددا ئەزموونی خۆماڵیمان مشتوماڵ بکەینەوە و پێکەوە بە بەشداری فراوان و کارای نەوە تازەکانی کوردەواری رێڕەوی حکومڕانیمان چاکتر و گەشەپێبدەین و ئەوەی ماوە لە ئامانجە ستراتیژییەکانی راپەڕین بەدیبهێنین."
 
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی داواش دەکات هەڵبژاردنی داهاتوو "بکەینە دەرفەتی زێڕین بۆ بوژاندنەوەی ئامانجەکانی راپەڕینی دێرین."