لەسەر دەستوور سەرۆکایەتی پەرلەمان سەردانی لایەنە سیاسییەکان دەکات

رووداو- هەولێر

بڕیارە ئەم هەفتەیە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان سەردانی لایەنە سیاسییەکان بکات بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا لەسەر پرسی دەستوور و جوڵاندنی ئەو کەیسە.


فەخرەدین قادر، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: " ئەم هەفتەیە وەک سەرۆکایەتی پەرلەمان سەردانی لایەنە سیاسییەکان دەکەین لەسەر پرسی دەستوور، گرینگی بابەتەکەش لەوەدایە، کە ئێمە لە مانگی 12-ی ساڵی رابردوو خوێندنەوەی یەکەممان کرد بۆ پڕۆژەیاسایەک لەسەر دەستوور و دەمانەوێت پەسەندی بکەین، بەڵام جۆرێک لە ناکۆکی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا هەیە ".

سکرتێری پەرلەمانی کوردستان جەختیکردەوە کە: " پرسی دەستوور پرسێکی جیدییە، بەڵام لەلایەن لایەنەکانەوە بە خاوی دەجوڵێندرێت، سەردانەکەی ئێمەیش بۆ ئەوەیە کە چالاکتری بکەین، کە دواجار باسی ویلایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان-یشی لێدەکەوێتەوە و ئەوەیش بابەتێکی جیدییە و هەرێمی کوردستان لەبەردەم ئەو پرسە جیدییەدایە و دەبێت لایەنە سیاسییەکان قسەی لەسەر بکەن و ئێمە دەمانەوێت جیدییەتەکەی بۆ لایەنە سیاسییەکان باس بکەین".

فەخرەدین قادر باسی لەوەش كرد "لەسەر پرسی دەستوری هەرێمی كوردستان، چی دیکە لەسەر حیزبەكان ناوەستین، خۆمان كاری تێدا دەكەین".