ئۆجەلان، لە ئاماراوە بۆ ئیمرالی و ژوورەكانی بڕیاردان
رووداو- هەولێر
رۆژی دووشەممە 4-4-2016 رۆژی لەدایکبوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK یەو بەو بۆنەیەوە لایەنگرانی ئەو پارتە لە ئامەد و چەند ناوچەیەکی دیکەی باکووری کوردستان بەنیازی ئەنجامدانی ئاهەنگ بوون، بەڵام حکومەتی تورکیا لە ئامەد و دەرەوەی ئامەد سازكردنی ئاهەنگی بەو بۆنەیەوە قەدەخەکرد.
رۆژی دووشەممە 4 ی نیسان، 68 ساڵ بەسەر لەدایكبوونی ئۆجەلاندا تێدەپەڕێت، بڕیاربوو لەلایەن لایەنگرانی PKK ەوە لە گوندی ئامارا کە زێدی ئۆجەلانە یادەکە بکرێتەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی توركیا لەو گوندە و دوروبەری و چەند ناوچەیەکی دیکەی نزیک گوندەكە قەدەخەی هاتووچۆیان راگەیاندووە، هاوکات رێگەش نادرێت هیچ كەسێك بچێتە نێو گوندەکەوە بۆ ئەوەی یادەکە ئەنجام نەدرێت.
نزیكەی 100 كەس بەتۆمەتی پیرۆزكردنی رۆژی لەدایكبوونی دەستگیركران
گونوول مورکووچ، پەیامنێری رووداو لە ئامەد رایگەیاند "بڕیاربوو لە ئامارا ئاهەنگێكی گەورە سازبكرێت، ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە ئامەد، مێردین، دێرسیم و چەند ناوچەیەکی دیکەی باکووری کوردستان و تورکیا بەرەو گوندی ئامارا بەڕێککەوتن بۆ ئەوەی بەشداری ئاهەنگە بکەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی رێگاکانی چوونەژوورەوەی ئامارا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە داخرابوون، رێگە نەدراوە کەس بچێتە نێو ئامارا".
بەپێی زانیارییەکانی پەیامێری رووداو، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە ئامارا 47 کەسیان دەستگیرکردووە و لەسەر رێگەکانی مێرسینیش 42 کەسی دیکە دەستگیرکراون.
ئامارا لە چاوەڕوانی ئۆجەلاندا
گوندی ئامرا، زێدی عەبدوڵڵا ئۆجەلان
گوندی ئامارا، دەكەوێتە نزیك شارۆچكەی خەلفەتی لە پارێزگای رووها. نزیكەی 150 ماڵ دەبێت و دانیشتووانەكەی نزیكەی 1800 كەسن. بەڵام بەهۆی بێكاری و نەبوونی خزمەتگوزاری و گوشاری سیاسییەوە، زۆربەی گەنجەكانی روویان لە ئەڵمانیا كردووە. زۆرینەی دانیشتووانی گوندەكە كوردن، سەرەڕای گوشارەكانی دەوڵەت توانیویانە زمانە كوردییەكەیان بپارێزن.
رێگای چوونە نێو ئامارا، قیرتاو نەكراوە و لەلایەن دەسەڵاتدارانی دەڤەرەكەوە نەك هیچ خزمەتێك نەكراوە، بەڵكو تا كاتی گرتنی ئۆجەلان لە ساڵی 1999دا، یەكێك بووە لەو شوێنانەی دەوڵەتی توركیا بە بەردەوامی چاوی لەسەری بووە، فیشەكێك لە دەڤەرەكە بتەقیبایە، گوندی ئامارا بەگشتی و ماڵباتی ئۆجەلان بە تایبەتی رووبەڕووی سووكایەتی و ئەشكەنجە و توندوتیژی دەبوونەوە. سەربازەكان تۆڵەی خۆیان لە دانیشتووانی گوندەكە دەكردەوە و لێیان دەپرسین: ئاپۆ لە كوێیە؟ پرسیارێك كە وەڵامەكەی لای ئەوان نەبوو.
بەشێک لە ژیانی سیاسی ئۆجەلان
عەبدوڵلا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان PKK، زیاتر لە 17 ساڵە لە زیندانە. ئۆجەلان لە ساڵی 1948 له گوندی ئامارای سهر به پارێزگای رووهای باکووری کوردستان لهدایکبووه. خوێندنی سهرهتایی له گوندی جهبین و قۆناغی ئامادهیی له نیزیب تهواوکردووه، لە ساڵی 1966 خوێندنی پیشهیی له بواری رووپێوی تەواوكردووە. ساڵی 1970 له کۆلێژی مافی زانکۆی ئیستەنبوڵ وهردهگیرێت، هاوکات ساڵی 1972 دهچێته کۆلێژی زانسته سیاسییهکان.
ئۆجەلان له کۆتایی شهستهکانی سهدهی رابردوو، تێکهڵی کاری سیاسی دهبێت و له ئهنقهره بۆ ماوهی 3 ساڵ له ریزی چهپی تورکیدا چالاکی سیاسی دهکات و، بههۆی بهشداریکردنی له مانگرتنێکدا، ساڵی 1972 بۆ ماوهی 7 مانگ زیندانی دهکرێت.
له نیسانی ساڵی 1973 دوای بێئومێدبوونی له چهپی تورکی و بێههڵوێستیان بهرامبهر دۆزی کورد، یهکهم کۆمهڵهی نهێنی پێکدێنێ و بابهتی داگیرکردن و پارچهکردنی کوردستان دهکاته تهوهری چالاکی سیاسی و گفتوگۆی نێو هاوڕێیانی.
له ساڵی 1975 ئۆجەلان به یهکجاری له چهپی تورکی جیادهبێتهوه و لهگهڵ هاوڕێکانی رووی چالاکییەکانیان له باکووری کوردستان دهکهن و ههر ئهو ماوهیهش بوو، که کۆمهڵه نهێنییهکهیان به گرووپی ئاپۆچییهکان ناسرا، له 27-11-1978 پارتی کرێکارانی کوردستان، ناسراو به PKKـی دامهزراند و دوای کودهتای سهربازی 12ی ئهیلوولی 1980، بواری چالاکی سیاسییان تهسکدهبێتهوه و بۆ درێژهپێدانی خهبات لەگەڵ لایەنگرانی روو له ناوچهی بیقاعی نێوان سووریا و لوبنان دهکهن.
ژیانی ئۆجەلان نەتەوەیەكی بەخۆیەوە گرێدا
دوای ئەوەی ئۆجەلان ماڵئاوایی لە گوندەکەی کرد و لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا دەستی بە خوێندنی زانکۆ کرد، دەستی بە لێکۆڵینەوە لە شکستی شۆڕشەکانی کورد کرد لە مێژوودا. دواتر و لە ساڵی 1978 لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی پارتی کرێکارانی کوردستانی دامەزراند.
دەستپێکردنی خەباتی چەکداری لە باکوری کوردستان، وەچەرخانێکی گرنگە بۆ کوردان لەو پارچەی کوردستان. شۆڕشەکەی ئۆجەلان خەونی سیاسییەکانی ئەنقەرە دەشیوێنێت، بەو هۆیەوە تورکیا گوشار لەسەر سووریا دروست دەکات. ئۆجەلان وەک خۆی جارێكیان دەڵێت "بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی دروستبوونی شەڕێکی گەورە لە ناوچەکە، سووریا جێدێڵێت و هانا بۆ چەند وڵاتێکی جیهان دەبات، لەوانە ئیتاڵیا و یۆنان و کینیا".
ئۆجەلان، هەرچەندە لە زیندانێکدا بەندکراوە کە لە دوورگەیەکدا لەناو ئاوەکانی دەریای مەرەمەرە بنیاتنراوە و سەربازانی ئیمراڵی میوانی هەمیشەیی دوورگەکەن، بەڵام دوای 17 ساڵ دووری، هێشتاش رێبەرایەتی پەکەکە دەکات و ناوی ئیمراڵی لەگەڵ قەندیل و ئامەد دێت.
منداڵیی ئۆجەلان لەزاری براکەیەوە
ئۆجەلان لەتەمەنی هەرزەکاری و لەنێو هاوڕێکانیدا
ئۆجەلان هەرچەندە لە خێزانێکی ئاغا بوو، بەڵام ئەوان هەژار بوون، مامۆستاکانی لە قوتابخانە داوایان لە باوکی ئۆجەلان کردووە کە پەرە بە خوێندنی کوڕەکەی بدات، چونکە زۆر زیرەک بوو، بۆیە عەبدوڵڵا ئۆجەلان چووەتە ماڵی خاڵی و لەوێ سێ ساڵی دیکە خوێندوویەتی. براکەی دەڵێت " مامۆستاکان دوای ئەوەی منیش چوومە هەمان قوتابخانە بۆ خوێندن، هەرچەندە هەشت ساڵیشی بەسەردا تێپەڕیبوو، بەڵام ناوی ئاپۆیان بەبیر مابوو و پێیان گوتم دەبێت وەکو ئاپۆ زیرەک بم".
نهێنییەكانی پشت پرۆسەی دەستگیركردنی ئۆجەلان
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەر و دامەزرێنەری پارتی كرێكارانی كوردستان، 17 ساڵ پێش ئێستا لە نایرۆبی پایتەختی كینیا دەستگیركرا. ئەو لە 1998 ناچاركرا سووریا بەجێبهێڵێت. ئەم ناچاركردنەش وایكرد كە خۆی لە زیندان ببینێتەوە.
حوسنی موبارەك سەرۆكی پێشووی میسر، نامەیەكی توركیای گەیاندە سووریا، ئەو كاتە پەیوەندی توركیا و سووریا ئاڵۆز بوو، سووریا هاوكاری پەكەكەی دەكرد، توركیا لە نامەكەدا دو بژاردەی خستبووە بەردەم سووریا، یان ئۆجەلان رادەستی توركیا بكات یان لە وڵاتەكەی بیكاتە دەرەوە، چونكە ئەگەر وا نەكات توركیا هێرش دەكاتە سەر سووریا، كە دواتر ئەم پلانەی توركیا وەك پلانێكی ئەمریكی - ئیسرائیلی لێكدرایەوە.
ئۆجەلان روویكردە چەند وڵاتێك، بەڵام لە هیچ كوێ جێگای نەكرایەوە، تا دواجار چووە كینیا و لەوی دەستگیركرا. دەستگیركردنی ئۆجەلان پڕ بوو لە نهێنی، ئەو پێش دەستگیركردنەكەی لەگەڵ باڵیۆزی یۆنان بوو لە كینیا، بەڵام راپۆرتەكان باسیان لەوە كردبوو كە باڵیۆزی یۆنان لەپڕ لە ئۆجەلان خۆی بزركردووە، دەستگیركردنی بەو شێوەیە و گواستنەەی بە فڕۆكە لە كینیاوە بۆ توركیا، بەبێ ئەوەی ئاسایش و دەزگا هەواڵگرییەكانی كینیا هیچ قسەیەكیان لەو بارەیەوە هەبێت، گومانەكانی زیاتر كرد، ئەمە شڵەژانێكی نێودەوڵەتی دروستكرد.
هێشتا ئۆجەلان دەستگیر نەكرابوو، رۆژی 5ی شووباتی 1999، واتە 10 رۆژ پێش دەستگیركردنی ئۆجەلان، ، ویلیام سەفایەر، رۆژنامەنووسی بەنێوبانگی ئەمریكی گوتارێكی لە نیویۆرك تایمز بڵاوكردەوە، دواتر لەبەر وردیی گوتارەكەی رۆژنامەی ئینتەرناشناڵ هێراڵد تریبیون جارێكی دیكە ئەو وتارەی پەخشكردەوە، كە تێیدا پێشبینی ئۆپەراسیۆنێكی دژ بە ئۆجەلان كرد. سەفایەر لە نووسینەكەیدا لەبارەی دەستگیركردنی ئۆجەلان نووسیبووی "بەرپرسانی هەواڵگری ئەمریكا و ئیسرائیل، لەگەڵ دیپلۆماتكارەكانی ئەو دوو وڵاتە، هاوكاری توركیایان كردووە بۆ ئەوەی پێش هەموو شتێك لە دیمەشق بكرێتە دەرەوە".
ئەو نووسیبووی "ئەمە وەك گرێبەستێكە، بۆ ئەوەی توركیا هاوكاری ئەمریكا بكات لە دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ كوردانی باكووری عێراق، بۆ جەنگی دژ بە سەدام حوسێن". چوار ساڵ پێش دەستگیركردنی ئۆجەلان، توركیا و ئیسرائیل سەرەڕای ئەوەی پەیوەندییەكانیان باش نەبوو، بەڵام لەساڵی 1995 رێككەوتننامەیەكی ئەمنییان واژۆكرد، بەگوێرەی ئەو رێككەوتننامەیە، ئیسرائیل دەبوو راهێنان بە شانە هەواڵگرییەكانی توركیا بكات.
تۆمەتباركردنی مۆساد بە هاوكاریكردنی توركیا، تەنها لەبەر بوونی ئەو رێككەتننامەیە نەبوو، چەند رۆژێك دوای دەستگیركردنی ئۆجەلان، گرووپی لێكۆڵینەوەی باشووری ئاسیا، لە راپۆرتێكی شیكاری دوور و درێژدا، باسی لەوە كرد، كە دەستگیركردنی ئۆجەلان لە كینیا گومانێكی دیكەیە، كە مۆساد دەستی لەو كارەدا هەبێت، چونكە كینیا و كۆتدیڤوار ئەو دوو وڵاتەی ئەفریقان كە بەهێزترین تۆڕی هەواڵگری ئیسرائیلی كاریان تێدا دەكات.
ئەم دەنگۆیانە لەلایەن بینیامین نەتانیاهۆی سەرۆكوەزیرانی ئێستای ئیسرائیل، كە ئەوكاتەش سەرۆك وەزیران بوو، رەتكرایەوە. ئەو لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا گوتی "ئیسرائیل دوور و نزیك هیچ رۆڵێكی لە دەستگیركردنی ئۆجەلاندا نەبووە".
كاردانەوەی جیهان بەرامبەر دەستگیركردنی ئۆجەلان
جەیمس فۆلێی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە مانگی كانوونی دووەمی 1999 نزیكەی یەك مانگ پێش دەستگیركردنی رێبەری پەكەكە، لە لێدوانێكیدا،گوتبووی " ئێستا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئۆجەلانی وەك تیرۆریست ناساندووە، پێویستە ئێمە كارێك بكەین بیبەینە بەردەم دادگا". فۆلێی تووڕەیی ئەمریكاشی لە ئیتاڵیا نیشاندا، كاتێك ئیتاڵیا لەو ماوەیەدا دەیویست ئۆجەلان بگرێتە خۆی.
مادلین ئۆڵبرایت، وەزیری دەرەوەی ئەوكاتەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، هۆشداریی بە هەر وڵاتێك دا، كە ئۆجەلان بگرێتە خۆی. بەمشێوەیە ئۆجەلان، نەك تەنها بوو بە پیاوێك بەبێ وڵات، بەڵكو تەنانەت پارچە زەوییەكیشی شك نەبرد پەنای بۆ ببات، ئەو روویكردە هەریەكە لە وڵاتانی رووسیا، ئیتاڵیا، سویسراو هۆڵەندا، بەڵام هەموویان رەتیانكردەوە.
دوای دەستگیركردنی ئۆجەلان و راگەیاندنی دەستگیركردنەكەی لەلایەن خودی بولەنت ئەجەوید، سەرۆكوەزیرانی ئەوكاتەی توركیا، جیهان كاردانەوەی زۆری بەخۆوە بینی، هەندێك لەگەڵی بوون و هەندێك دژ بەو ئۆپەراسیۆنە بوون كە لە دژی كرا، بەڵام هەموو ئەوانەش كە لەگەڵ دەستگیركردنەكەی بوون، داوایان لە توركیا كرد، بەشێوەیەكی دادپەروارەانە و بە چاودێری پارێزەری نێودەوڵەتی دادگایی بكرێت، چونكە توركیا هەر زوو رایگەیاند، كە سزای مەرگی بەسەردا دەسەپێنێت.
ئیگۆر ئیڤانۆڤ، وەزیری دەرەوەی ئەوكاتەی رووسیا، نیگەرانی خۆی لە راگەیاندنەكەی توركیا سەبارەت بە سزاكەی ئۆجەلان دەربڕی، دواتر وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیەنراوێكدا، رەخنەی تووندی لە ئەمریكا گرت و ئاماژەی بەوە دابوو، "ئەمریكا و هێزەكانی ناتۆ، ئامادەبوون یوگسلاڤیا بۆمباران بكەن، بەهۆی مامەڵەی خراپی لەگەڵ ئەلبانییەكاندا، بەڵام لەولاشەوە هاوكاری توركیایەك دەكەن، كە مامەڵەیەكی زۆر خراپ لەگەڵ كورد دەكات".
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا داوای لە توركیا كرد، بیر لە سزای مەرگ نەكاتەوە، چونكە لەسێدارەدان پێشێلكردنی مافی یاساكانی یەكێتی ئەوروپایە و بەرهەمهێنەری تووندوتیژی زیاترە. ئەڵمانیا، كە ئەوكاتە فراوانترین خۆپیشاندانی كوردانی ئەوروپای بەخۆوە بینی، لە زاری ئۆتۆ شیلی، وەزیری ناوخۆی وڵاتەكەیەوە، رایگەیاند هەموو شتێك دەكات بۆ رزگاركردنی ژیانی ئۆجەلان و رێگە لە لەسێدارەدانی دەگرێت.
ماسیمۆ دالێما، سەرۆكوەزیرانی ئەوكاتی ئیتاڵیا رایگەیاند، توركیا بەم بڕیارە، بە تەواوی خۆی لە ئەوروپا دووردەخاتەوە. هۆڵەندا سەرەڕای ئەوەی رەخنەی لە چۆنیەتی گرتنەكەی گرت، داوایكرد دادگاییكردنی ئۆجەلان و رەوشی ئەو لە زینداندا بخرێتە ژێر چاودێری نێودەوڵەتییەوە، بۆ ئەوەی لە ئازار و ئەشكەنجە پارێزراو بێت.
رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و چەندین رێكخراوی تایبەت بە مافی مرۆڤ، راگەیەندراویان بڵاوكردەوە و داوایانكرد، كۆی پرۆسەی دادگاییكردن بە ئامادەبوونی چاودێرانی نێودەوڵەتی بەڕێوە بچێت، رێگەش بە پارێزەرانی بیانی بدرێت، ئامادەی دانیشتنەكانی دادگا بن.
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، توركیا ، لە مانگی ئایاری 1999 لە چوار دانیشتنی دادگای سەربازی توركیا، سزای مەرگی بەسەر ئۆجەلاندا سەپاند،بەڵام بڕیارەكە جێبەجێ نەكرا و گوازرایەوە بۆ دوورگەی ئیمراڵی لەسەر دەریای مەڕمەڕە و نزیكەی 1000 سەربازی سوپای توركیا كران بە پاسەوانی ئەو زیندانەی كە تەنها یەك كەسی تێدایە، ئەویش ئۆجەلانە.