مەسرور بارزانی: پێویستە بەغدا قەرەبووی زیانەکانی کوردی فەیلی بکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 46ـەمین ساڵوەگەڕی جینۆسایدکردنی کوردی فەیلی، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوا لە حکومەتی فیدراڵی عێراق دەکات ئەرکە یاسایی و دەستوورییەکانی خۆی بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان جێبەجێ بکات.
رۆژی شەممە، 4ـی نیسانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی یادی شاڵاوەکانی جێنۆسایدکردنی کوردی فەیلی پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: "لە 46ـەمین ساڵوەگەڕی شاڵاوەکانی جێنۆسایدکردنی کوردی فەیلی، کە بووە هۆی شەهیدکردن و دەرکردن و بێسەروشوێنکردن و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و سامانی سەدان هەزار کوردی فەیلی لەلایەن رژێمەکانی پێشووی عێراق، بەتایبەتی رژێمی بەعس، دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ، ئەرک و بەرپرسیاریێتیی یاسایی و دەستووریی خۆی لە ئەستۆ بگرێت."
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای کردووە کە حکومەتی عێراق "بە شێوەیەکی شایستە"، بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان و زیانلێکەوتووانی کوردانی فەیلی قەرەبوو بکاتەوە. هەروەها جەختیشی کردووەتەوە کە ئەم قەرەبووکردنەوەیە دەبێت شەهیدانی کیمیاباران، ئەنفالکراوان و گشت ئەو کەسانەش بگرێتەوە کە لەسەر دەستی رژێمەکانی پێشووی عێراق زیانیان بەرکەوتووە.
مەسرور بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا هاوخەمی خۆی بۆ قوربانییانی ئەو تاوانە دەربڕی و رایگەیاند: "لەم یادە خەمناکەدا، سەری رێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردی فەیلی و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین."
دەقی پەیامەکە:
لە چل و شەشەمین ساڵڤەگەڕی شاڵاوەکانی جێنۆسایدکردنی کوردی فەیلی، کە بووە هۆی شەهیدکردن و دەرکردن و بێسەر و شوێنکردن و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و سامانی سەدان هەزار کوردی فەیلی لەلایەن ڕژێمەکانی پێشووی عێراق، بەتایبەتی ڕژێمی بەعس، دووپاتی دەکەینەوە، کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ، ئەرک و بەرپرسیاریەتی یاسایی و دەستووریی خۆی لە ئەستۆ بگرێت و بە شێوەیەکی شایستە، بنەماڵە و کەسوکاری شەهید و زیانلێکەوتووانی کوردی فەیلی و شەهیدانی کیمیاباران و ئەنفالکراوان و گشت زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق قەرەبوو بکاتەوە.
لەم یادە خەمناکەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردی فەیلی و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2026/4/4