ژیانی پاش داعش... قوربانیانی جەنگ پێویستیان بە هاوكاریی زیاترە
رووداو- هەولێر
دەیان هەزار قوربانیی دەستی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) كە زۆربەیان ئافرەت و منداڵن، بە ئازارەكانیانەوە پشتگوێخراون. چالاكڤانان و شارەزایان هۆشداری دەدەن لەوەی تێڕوانین و هەڵوێستی كۆمەڵگا بەرامبەر بە قوربانیان دەبێت گۆڕانی بەسەردا بێت.
یوسف عوسمان، دەروونناس، بە (رووداو)ی راگەیاند "كۆمەڵگا قوربانییەكان وەكوو كەسێكی ئاسایی قەبووڵ ناكات. ئەمە بەتایبەتی بۆ ئەو ئافرەتانە راستە كە چەكدارانی داعش دەستدرێژییان كردوونەتە سەر".
یوسف عوسمان جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ئەو ژنانەی لە دەستی داعش رزگاریان بووە، دواتریش لەناو كۆمەڵگادا دەكرێنەوە بە قوربانی و گوتی "لە یەكێك لە دانیشتەكانی چارەسەریدا یەكێك قوربانیان دەیگوت خەڵك چیدی ئێمە نابینن، نایانەوێت دەنگی ئێمە ببیستن. ئەوان تەنیا دەیانەوێت لەبارەی تیرۆریستەكانەوە شت ببیستن. ئەمەش قوبانییەكان ئازار دەدات."
بە گوتەی یوسف عوسمان، قوربانیانی دەستی داعش ئیدی لە پرسیارەكانی خێزانەكانیان، خزم و كەسەكانیان، هاوڕێكانیان و تەنانەت میدیاش ماندوو بوون، لەبەر ئەوەی "زۆربەی خەڵك بۆیان ئەوە پرسیارە كە ئاخۆ چەند پیاو دەستدرێژییان كردووەتە سەر قوربانییەكە و چۆن مامەڵەی لەگەڵ كراوە".
بەبڕوای یوسف عوسمان، نەبوونی پرۆگرامێكی هاوكاری و پشتگیریی هەمەلایەنە و سیستەماتیك بۆ یارمەتیدانی قوربانیانی جەنگی داعش وادەكات بەربەست بۆ پێشكەوتنی كۆمەڵگای كوردی بەشێوەیەكی گشتی دروست بكات "ئێمە لێكۆڵینەوەمان لەسەر كەیسە مێژووییەكانی ئەو نەتەوە و كۆمەڵگایانە كردووە كە جەنگ كاریگەری لەسەر داناون"، لەوێشەوە بۆیان دەركەوتووە "پێویستە كاری زیاتر بكرێت بۆ ئەوەی ئازار و زیانەكانی جەنگ كەم بكرێتەوە، لە كاتێكدا جەنگەكە هەر ئێستاش گۆڕانكاری لە ژیانی خەڵكدا دروستكردووە".
ئاژانسە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانی هاوكاری و رێكخراوە ناحكومییەكان كۆمەڵێك پرۆگرامی چارەسەریان خستووەتەڕوو، لەوانەش كۆمەڵێك چارەسەری پزیشكی و سایكۆلۆژی، هەروەها كۆمەڵێك وۆركشۆپیش لەناو كەمپی ئاوارەكاندا بۆ قوربانیانی دەستی داعش كراونەتەوە. پرۆگرامەكان بەشێوەیەكی سەرەكی جەخت لەسەر ئافرەتە كوردە ئێزدییەكان دەكەنەوە كە داعش وەكوو كەنیزەك و كۆیلەی سێكسی بەكاری هێناون، بە تایبەتیش دوای ئەوەی لە ئابی 2014دا چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر شاری شنگال و دەستیان بە كوشتار و تاڵان و دەستدرێژی كرد. بەڵام چالاكڤانەكان پێیانوایە پرۆگرامەكان بەپێی پێویست نین.
بەرپرسی رێكخراوی تواناسازیی ئافرەتان لە هەولێر بە (رووداو)ی راگەیاند، لە خانكێ كە كەمپێكی ئاوارە ئێزدییەكانە لە دهۆك، دەستیان بە پرۆگرامێكی دوو ساڵە كردووە ، زۆربەی دانیشتووانی ئەم كەمپە لەلایەن داعشەوە رفێنرابوون و بۆ چەند مانگ یانیش زیاتر لە ساڵێك لەژێر دەسەڵاتی چەكدارانی داعشدا بوون.
جوان پشتیوان، بەڕێوەبەری پرۆگرامەكە، ئاماژەی بەوەدا كە پرۆگرامەكە یارمەتی مرۆیی، كۆمەڵایەتی، یاسایی و پزیشكی لەخۆدەگرێت، ئەگەرچی گوتیشی، زۆربەی هاریكارییەكان بەهۆی قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستانەوە راگیراون.
یوسف عوسمان دەڵێت جێگەی داخە سەرەڕای هەوڵی رێكخراوە ناحكومییەكان، رێكخراوە ناوخۆییەكان، چالاكڤانەكان بۆ یارمەتیدانی قوربانیانی دەستی داعش، بەڵام هیچ دەستە یان گرووپ یانیش میكانیزمێكی سیستەماتیك لەئارادا نییە بۆ ئەوەی هاریكارییەكی درێژخایەن پێشكەش بە قوربانیانی جەنگ بكات. بە بۆچوونی ئەو، كۆمەڵگای كوردی پێویستی بە كۆمەڵێك پرۆگرامی پەروەردەییشە بۆ ئەوەی فێری خەڵك بكرێت چۆن مامەڵە لەگەڵ قوربانیانی توندوتیژییەكانی جەنگدا بكرێت.
یوسف عوسمان سەبارەت بەم پرۆگرامە گوتی "دەبێ لە منداڵەكانمانەوە دەست پێبكەین و لە قوتابخانەكاندا فێری منداڵەكان بكەین بە چ شێوازێك لە قوربانیانی جەنگ تێبگەن و قەبووڵیان بكەن. دەبێت ئەوەمان لەبیر بێت بەربەستی سەرەكی قوربانیەكان نین، بەڵكو كۆمەڵگایە."
خدر دوملی، ئەكادیمیسیەن و چالاكڤان لەبارەی دۆسیەی ئێزدییەكان هەمان نیگەرانی هەیە و پێیوایە پرۆگرامەكان زۆر سنووردارن. دوملی لەوبارەیەوە گوتی "بەداخەوە پرۆگرامەكانی یارمەتیدانی قوربانیانی جەنگ و كوردە ئێزدییە رزگاربووەكان كورتمەودان، لە كاتێكدا ئێمە پێویستمان بە كۆمەڵێك پرۆگرامی فیزیكی و دەروونیی درێژخایەن هەیە."
بە گوتەی دوملی، كێشەیەكی دیكەی ئەوان ئەوەیە كە جیاوازییەكی زۆر لە نێوان ژمارەی قوربانیان و رێكخراوە مرۆییەكاندا هەیە، لەبەر ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە پرۆگرامەكانی هاریكاری راگیراون، ئەمە جگە لەوەی هیچ پرۆگرامێك نییە كە بە تایبەتی كار لەسەر كێشەكانی ئەو منداڵانە بكات كە توندوتیژییەكانی داعشیان ئەزموون كردووە، لە كاتێكدا ژمارەی ئەم منداڵانەش زۆرە.
ڤیان دەخیل، نوێنەری كوردی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق، لە تویتێكدا لە 22ی نیسان رایگەیاند "لە كاتی هێرشەكانی داعشەوە بۆ سەر شنگال هەتا ئێستا 2745 منداڵی بێ دایك و باوكمان هەیە، هەزار منداڵیش هێشتا لەلای داعش ماون و مێشكیان دەشۆنەوە."