گەیلان جەمال: هەر بەنزینێک ئۆکتانەکەی لە 88 کەمتر بێت، بە بەنزینی دانانێین

رووداو - هەولێر

گەیلان جەمال ئەحمەد، بەڕێوەبەری تاقیگەی ناوەندی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (هۆت لاین) لە تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی ناجێگیری نرخ و کوالێتی بەنزین رایگەیاند "هەر بەنزینێک ئۆکتانەکەی لە 88 کەمتر بێت، بە بەنزینی دانانێین، ئەو وێستگانەی ئەو جۆرە بەنزینانەش دەکڕن، لەو بابەتە ئاگادار کراونەتەوە، لە رێگەی تاقیگە گەڕۆکەکانیشەوە، لەکاتی پشکنین دەرچوو بەنزین نییە، ئەوا پێبژاردن دەکرێن و سزا دەدرێن".

گەیلان جەمال، دەڵێت "بۆ بەرژەوەندی گشتی و یەکخستنی جۆرەکانی بەنزین لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، بەپێی فەرمانی وەزاری لەمەودا و لە هەرێمی کوردستان، پۆلێن بۆ سێ جۆرە بەنزین دەکرێت و جیاواز لەو جۆرانە هیچ بەنزینێکی دیکە نابێت مامەڵەی پێوە بکرێت".

بەڕێوەبەری تاقیگەی ناوەندی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، ئاماژە بە خەسڵەتی ئەو بەنزینانە دەدات، کە رێگەدراوە مامەڵەیان پێوە دەکرێت، ئەوانیش بریتین لە نۆڕماڵ، محەسەن و سوپەر.

بەپێی فەرمانێکی وەزاریش ژمارە (2613) کە لە رێککەوتی 28-4-2016 دەرچووە و وێنەیەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە، بڕیار لەسەر چەند خاڵێک دراوە، لەوانە: نابێت لە تابلۆی وێستگەکانی فرۆشتنی بەنزین جۆری (بێجی) بنووسرێت، لەبەر ئەوەی هیچ خەسڵەتێکی باوەڕپێکراو نییەو نە بوونیشی هەیە.

هەر بەپێی فەرمانەکە، وێستگەکان بەرپرسیارن لە بەرامبەر ئەو جۆرە بەنزینەی دەیفرۆشن، ئەگەر لەکاتی پشکنینی بەنزینەکە، ئەو جۆرە نەبێت کە خاوەن وێستگەکە دەسنیشانی کردووە، لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت و ئەم فەرمانەش لە 15-5-2016وە جێبەجێ دەکرێت.