مەلا عومەر دارەتوو: لەنزیک بازگەی چەمچەماڵ چەند چەکدارێک لێیاندام
رووداو دیجیتاڵ
مامۆستایەکی ئاینی شارۆچکەی دارەتوو لە هەولێر رایگەیاند لە بازگەی چەمچەماڵ لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە هێرشی کراوەتە سەر و لێیدراوە و داواکراوە قسە بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵێت. دەشڵێت: "هیچ تەدەخولێکی سیاسەتم نەکردووە و سەر بە هیچ حیزبێک نیم."
رۆژی چوارشەممە، 4-5-2022، مەلا عومەر دارەتوو لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ دوای ئەوەی سەردانی ماڵی ئەو کەسەم کە رۆژی یەکەمی جەژن چوار کەسیان لێکوژرا لە چەمچەماڵ، لە رێگەی گەڕانەوەم کەمێک دوای سەیتەرەکەی چەمچەماڵ سەیارەیەک فول لایتی بۆ لێداین. من دوو کەسم لەگەڵ بوو یەکێکیان کوڕەکەم بوو. چەکدارەکان دابەزین دوای ئەوەی سەیارەکەمان راگرت، لێیاندام و جوێن و قسەیان پێگوتم و گوتیان دەبێت لایڤێک بکەیتەوە و قسە بە مەسروور بارزانی بڵێیت، لێرەوە من داوا لە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی دەکەم ئەو کەسانە بدۆزنەوە، چونکە ئەگەر بیانەوێت ئاسانە دۆزینەوەیان و کامێرا هەیە."
یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان، 2-5-2022 لە قەزای چەمچەماڵ کەسێک هێرشی کردە سەر ماڵی خەزووری و چوار کەسی کوشت، مامۆستا عومەر دارەتوو لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا پەیامێکی بۆ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی نارد و گوتی بەبێ تاوان چۆن دەبێت ئاوا خەڵک بکوژرێت و رەخنەی لێگرتن.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی هەرێمی کوردستان، رۆژی چوارشەممە 4-5-2022، لەو بارەیەوە بە رووداوی گوت هەموو زانیارییەکیان لەبارەی رووداوەکەوە هەیە. لەبارەی ئەو ڤیدیۆیەشەوە هەیە کە رۆژی پێشتر تێیدا مامۆستا عومەری دارەتوو لەبارەی رووداوەکەی چەمچەماڵەوە بڵاویکردەوە.
سەرچاوەکە بە (رووداو)ی گوت: "ئێمە لە وەزارەتی ئەوقاف پێمانوایە ڤیدیۆکەی مامۆستا عومەر دارەتوو کردی پێشێلکردنی یاسا و رێنماییەکانی وەزارەتە، مامۆستای ئاینی کاری رێنوێنیکردنە. ئەو لەو ڤیدیۆکەیدا دوو بابەتی تێکەڵکردووە و جگە لەوە تەشهیرکردنی تێدایە، بۆیە رۆژانی داهاتوو رێوشوێنی بەرامبەر دەگیرێتەبەر."
سەرچاوەیەک لە مەڵبەندی 12ی چەمچەڵی یەکێتی، کە پێیباش نەبوو ناوی بڵاوبکرێتەوە بە رووداوی گوت ئاگاداری رووداوەکە نین و ناشزانن و کەس پەیوەندیی پێوەنەکردوون، گوایە مامۆستایەکی ئاینی لە سنووری قەزاکەیاندا لێیدرابێت و گوتی: "ئاگاداری بابەتی لێدان لە هیچ مەلایەک نیین."
دوای رووداوەکە، شەوی چوارشەممە کەسێکی نزیکی مامۆستا عومەر دارەتوو بە (رووداو)ی گوت: "مامۆستا عومەر گەیشتووەتەوە ماڵەکەی خۆی لە دارەتوو، تەندروستی باشە تەنیا کەمێک ئازاری هەیە."