بازاڕی قاچاخچییانی نسێبین بەڕووی گەشتیاراندا کرایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بازاڕی مێژوویی قاچاخچییان لە نسێبینی سەر بە مێردینی باکووری کوردستان، نۆژەنکرایەوە و دەرگەی بۆ سەردانیکاران واڵا کرا.
 
لە ساڵی 2021دا لە چوارچێوەی پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی بازاڕە دێرین و مێژووییەکاندا، رووکاری 255 دوکانی ئەو بازاڕە نوێکرانەوە و ژێرخان، رووناکی و باخچەی بۆ دروستکرا.
 
ئەو گەشتیارە ناوخۆیی و بیانییانەی سەردانی مێردین و ناوچەکە دەکەن، نسێبین دەخەنە ناو کارنامەی گەشتەکانیان. ئێستا زۆربەی ئەو گرووپە گەشتیارانەی دەچنە مێردین، سەرێک لە نسێبین دەدەن و سەردانی بازاڕی قاچاخچییان دەکەن.
 
"دۆخی کاسبکارانمان زۆر باشە"
 
عومەر ئۆزەل، سەرۆکی ژووری کاسبکاران و پیشەوەرانی نسێبین دەڵێت: "جاران کاسبکارانی ئێمە زۆر بێ کریار بوون. تەنانەت هەندێکیان دەیانگوت لەبەر زۆر دانیشتن پشتمان ژانی دەکرد، بەڵام لە ماوەی 5-6 ساڵی رابردوودا، بەتایبەتی بەهۆی ئەو هاوئاهەنگییانەی لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکاندا کردمان، دۆخەکە بەتەواوی گۆڕاوە".
 
ئۆزەل هەروەها لەبارەی جموجووڵی بازاڕەکە گوتی:"ئێستا کاسبکاران دەڵێن (زۆر دەفرۆشین و ماندوو دەبین). لە هەموو لایەکی تورکیا و تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتیشەوە هەزاران گەشتیار دێن. پێشتر نزیکەی 300 دووکان لەم بازاڕەدا هەبوون، بەڵام ئەمڕۆ ژمارەیان گەیشتووەتە هەزار دووکان و هەموویان سەرقاڵن. باری دارایی کاسبکارانمان زۆر باشە. ئەوان لە دۆخەکە رازین."
 
پرۆسەی چارەسەری رۆڵی ئەرێنیی هەیە
 
سەرۆکی ژووری کاسبکارانی نسێبین لەبارەی رۆڵ و کاریگەریی پرۆسەی چارەسەری لەسەر ئابووریی باکووری کوردستان گوتی:"پرۆسەکە ئەرێنییە و بووەتە هۆی زیادبوونی گەشتیاران. لە داهاتوودا بازاڕەکە زیاتر گەشە پێدەدەین و نسێبین دووبارە بووەتەوە ناوەندێکی گرنگی بازرگانی".
 
لە کۆتاییەکانی 2024دا، دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ، ناوچەکە جموجووڵی زیاتری بەخۆیەوە بینی. 
 
هاوکات لە ئەنقەرە دەسیپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە بابەتی ئاشتی و پرۆسەی چارەسەری، کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر ناوچەکە هەیە.
 
بۆچی پێی دەڵێن بازاڕی قاچاخچییان؟
 
ئەو بازاڕەی نسێبین، دوای کێشانی سنووری نێوان باکوور و رۆژئاوای کوردستان، ساڵی 1923، بووە ناوەندێکی بازرگانیی گرنگ. 
 
لە ساڵانی پەنجا و شەستەکانی سەدەی رابردوودا وەک یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی بازرگانیی نێوان تورکیا و سووریا ناسرا. بازاڕی قاچاخچییان بەهۆی ئەوەی لەسەر رێگەی نێوان نسێبینی باکووری کوردستان و قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان هەڵکەوتووە، بە خێرایی گەشەی کرد.
 
زۆربەی ئەو کاڵایانەی بە رێگەی نایاسایی (قاچاخ) دەگەیێندران، بە (بازاڕی قاچاخچییان) ناسرا و ناوەکەی هەر بەمشێوەیە مایەوە.
 
لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکاندا بازاڕەکە لە گەرمترین سەردەمی مێژووییدا بوو؛ جگەرە، چای، قوماش، کەلوپەلی ئەلیکترۆنی و جوانکاری تێدا دەفرۆشرا.
 
کەی بازرگانی لەو بازاڕەدا پەکی کەوت؟
 
لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی سووریا و داخستنی سنوورەکان، لە ساڵی 2011ــەوە، کاسبکارانی بازاڕەکە زیانی زۆریان بەرکەوت و بازرگانی تێیدا گەیشتە ئاستی وەستان.
 
کاسبکاران ساڵانێکی زۆر رووبەڕووی تەنگژەی گەورەی ئابووری بوونەوە و ناچار بوون بە کۆمەڵ دەرگەی دووکانەکانیان دابخەن. بەڵام ئێستا بازاڕەکە دووبارە جموجووڵی تێدا دروست بووە.