لە مەلەتی پاسێک وەرگەڕا؛ سێ کەس گیانیان لەدەستدا و 22 ـی دیکەش بریندار بوون


رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای مەلەتیی باکووری کوردستان پاسێکی نەفەرهەڵگر وەرگەڕا و بەو هۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا و 22 ـی دیکەش بریندار بوون.
 
رووداوەکە درەنگی شەوی یەکشەممە، 03ی ئایاری 2026، لەسەر رێگەی سەرەکیی مەلەتی-سەمسوور روویدا. پاسێکی نەفەرهەڵگری کۆمپانیای گەشتیاریی مووش یۆڵو، کۆنترۆڵی لەدەستدا و وەرگەڕا.
 
دوای ئاگادارکردنەوە، تیمەکانی پۆلیس، جەندرمە، تەندروستی و بەرگریی شارستانی رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
 
بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، لە رووداوەکەدا سێ کەس گیانیان لەدەستدا و 22 کەسیش بریندار بوون.
 
سەدار یاڤوز، پارێزگاری مەلەتی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، دوای ئەوەی زانرا پاسێکی نەفەرهەڵگر کە لە ئاراستەی مەلەتییەوە بەرەو سەمسوور دەچوو لە سنووری شارۆچکەی دۆغانشەهیر تووشی رووداو بووە، بە هاوئاهەنگی پارێزگا، تیمەکانی پۆلیس، جەندرمە، تەندروستی، ئافاد، بەرگری شارستانی و تیمەکانی دیکە بەپەلە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.
 
یاڤوز، ئاماژەی بەوەدا، "کاری رزگارکردن بەردەوامە و دواتر زانیاری لەبارەی پێشهاتەکانەوە دەدرێت. هیوای سەلامەتی دەخوازم."
 
بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، تەنیا لە مانگی ئاداری ئەم ساڵدا 55 هەزار و 41 رووداوی هاتووچۆ لە تورکیا و باکووری کوردستان روویانداوە، کە تێیاندا 140 کەس گیانیان لەدەستداوە و 30 هەزار و 517 کەسیش بریندار بوون.
 
هەر بەپێی ئامارەکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، 157 هەزار و 195 رووداوی هاتووچۆ تۆمارکراون. لەو رووداوانەدا 420 کەس گیانیان لەدەستداوە و 78 هەزار و 313 ـی دیکەش بریندار بوون.