ژنێکی دانیشتووی هەریر دوای لەدایکبوونی منداڵەکەی گیان لەدەست دەدات
رووداو دیجیتاڵ
ژنێکی دووگیان لە رێگەی چوون بۆ هەولێر گیان لەدەست دەدات. هاوژینەکەی دەڵێت، ژنەکەی لەنێو ئۆتۆمبێلەکە منداڵی بووە و دوای ئەوە گیانی لەدەستداوە.
ئەمیر عومەر، هاوژینی لەیلا سدیق سوورچی، ئەمڕۆ چوارشەممە بە رووداوی گوت: "دوێنێ ئێوارە دۆخی لەیلا تێکچوو؛ بۆیە لەگەڵ خوشکێکم بە ئۆتۆمبێلی خۆمان بەرەو هەولێر بەڕێکەوتین، بەڵام دوای 45 خولەک لە کەوتنەڕێمان منداڵەکە لەنێو ئۆتۆمبێلەکە لەدایکبوو و دوای ئەوەش لەیلا گیانی لەدەستدا".
ئەمیر عومەر دەڵێت: "کاتێک کچەکەمان لەدایکبوو، بەپەلە چووینە دەرمانخانەیەک لە ناحیەی دارەشەکران و پێیان گوتین لەیلا گیانی لەدەست داوە؛ بۆیە نەچووینە هەولێر و گەڕاینەوە گوندی خۆمان لە زڕگوێزە."
هاوکات قەیدار سدیق، برای لەیلا، رووداوەکەی بەم شێوەیە بۆ رووداو گێڕایەوە: "کاژێر پێنجی ئێوارەی رۆژی سێشەممە، زاواکەمان پەیوەندی پێمانەوە کرد و گوتی، لەیلا کاتی لەدایکبوونی منداڵەکەیەتی. ئێمەش لە بجیلەوە بەرەو هەولێر بەڕێکەوتین و کاتێک لەگەڵ دایک و باوکم گەیشتینە هەولێر، داوامان کرد بچینە نەخۆشخانە؛ زاواکەمان گوتی پێویست ناکات بێنە نەخۆشخانە؛ بۆیە راستەوخۆ بەرەو گوندی زڕگوێزە بەڕێکەوتین و چووینە ماڵی خوشکم و تاوەکو کاژێر نۆی شەو لەوێ چاوەڕێمان کرد. "
قەیدار دەڵێت: "کاژێر نۆی شەو پێیان گوتین لەیلا و منداڵەکەی باشن و کەمێکی دیکە دەگەڕێنەوە؛ بۆیە من و باوکم گەڕاینەوە بۆ بجیل و دایکم لەوێ مایەوە؛ کاتێک گەیشتینەوە نزیک بجیل تەلەفۆنیان کردەوە و گوتیان لەیلا گیانی لەدەست داوە".
براکەی لەیلا گوتی : "گومانمان لە هۆکاری گیانلەدەستدانی خوشکەکەمان هەیە؛ بۆیە چاوەڕیێن پرسەکە تەواو بێت. بەدواداچوون دەکەین و سکاڵا لەسەر زاواکەمان تۆمار دەکەین."
یەکێک لە کوڕە مامەکانی لەیلاش گوتی: "بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی وەرم گرتوون، دوێنێ لەیلایان بردووەتە لای مامانێک لە گوندێکی هەریر و لەوێ دوای لەدایکبوونی منداڵەکەی، گیانی لەدەست داوە".
لەیلا سوورچی خەڵکی ناحیەی بجیلی سەر بە قەزای ئاکرێیە، دوای پێکهێنانی ژیانی هاوژینی چووە شوێنی نیشتەجێبوونی هاوژینەکەی لە گوندی زڕگوێزە سەر بە قەزای هەریری سەر بە پارێزگای هەولێر.
لەیلای تەمەن 25 ساڵ، ساڵ و نیوێک بوو ژیانی هاوژینی پێکهێنابوو و دوای گیان لەدەستدانی، تەرمەکەیان بردەوە ناحیەی بجیل، بەڵام پرسەکەی لە زڕگوێزە بۆ دانراوە.