گوتەبێژی ئەنجوومەنی دادوەری: مووچەی ئەندامانی ئەنجوومەنی دادوەری زیادنەکراوە

رووداو - هەولێر

ئەنجوومەنی دادوەری هەواڵی زیادکردنی مووچەی ئەندامانی ئەنجوومەنی دادوەری بۆ 13 ملیۆن دینار رەتدەکاتەوە، گوتەبێژی ئەنجوومەنەکەش دەڵێت "سکاڵا لەسەر ئەوانە تۆمار دەکەین کە تۆمەتی ناڕەوامان بۆ هەڵدەبەستن".

ئومێد موحسین، گوتەبێژی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان، بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "ئەو هەواڵانەی باس لە زیادکردنی مووچەی ئەندامانی ئەنجوومەنی دادوەری دەکەن دوورن لە راستییەوە".
 
گوتیشی "بەپێچەوانەوە لە دوا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دادوەری لە رۆژی 16ی حوزەیران بڕیاری بڕینی تەواوی ئەو دەرماڵەیەمان داوە کە دادوەران لەبەرامبەر بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا وەریدەگرن، بۆیە دەبوایە ستایشی ئەم بڕیارەی ئێمە بکەن، نەک ئەم هەواڵە ناڕاستانە بڵاوبکەنەوە" نەشیشاردەوە کە "ئەنجوومەنی دادوەری مانگانە 150 ملیۆن دینار بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنێتەوە".

گوتەبێژی ئەنجوومەنی دادوەری ئاماژەی بەوەشکرد "هیچ مووچەیەک ناگاتە 9 ملیۆن و 500 هەزار دینار و بەرزترین مووچەش سەرۆکی دادگای تەمیز وەریدەگرێت کە 8 ملیۆن دینارە و ئەوانی دیکەش کەمتر وەردەگرن".

ئومێد موحسین بە رووداویشی گوت "بەپێی یاسا دەتوانین مووچەکانمان لەگەڵ بەغدا هاوتا بکەین، بەڵام ئێمە دۆخی قەیرانی داراییمان لە باشووری کوردستان لەبەرچاو گرتووە و ئەو بڕیارەمان نەداوە".