وەزیری پەروەردە: تاقیکردنەوەکانی 12ی ئامادەیی لەکاتی خۆیاندا دەکرێن

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاقیکردنەوەکانی 12ی ئامادەیی لەکاتی دیاریکراوی خۆیاندا دەکرێن و رۆژی 11ی تەممووز دەستپێدەکەن و 8ی ئاب کۆتاییان دێت؛ قوتابیان ناچاردەکرێن کە ماسک بەکاربهێنن.
 

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاقیکردنەوەکانی 12ی ئامادەیی بە گرتنەبەری رێکارەکانی تەندروستی بەڕێوەدەچن، گوتی "پاش پێشکێشکردنی هەڵسەنگاندنی وردی تەندروستی، پاش ئەوەی هەموو لایەکمان کۆک بووین لەسەر ئەوەی کە رۆژی 11-7-2020 یەکەم رۆژی دەستپێکی تاقیکردنەوەکان دەبێت، هەروەکو خشتەی بۆ راگەیێندراوە، بۆ قۆناخی 12ی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانییەوە".

بەشێک لە خوێندکاران و قوتابیان پێیان باش نییە لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا کە کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە تاقیکردنەوەکان ئەنجامبدرێن؛ وەزیری پەروەردە دەڵێت، رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی جێبەجێ دەکەن، لەوانەش پاراستنی مەودای نێوان دوو قوتابی و ئاڵوگۆڕنەکردنی قەڵەم و پێداویستییەکانی دیکەی تایبەت بە تاقیکردنەوە.

تاڕاددەیەک ناڕوونە مەترسیی کۆرۆنا کەی کۆتایی دێت و پێشبینی نەکراوە، ئالان حەمەسەعید دەڵێت "کەسمان ناتوانین پێشبینی ئەوە بکەین کە مانگی 8مان لە ئێستا باشتر دەبێت". ئاماژەی بەوەش کرد "سرووشتی تاقیکردنەوەکانی قۆناخی 12ی ئامادەیی وایە کە دەبێت ئەو تاقیکردنەوەیە هەر ئەنجامبدرێت، چونکە یەکەم بڕوانامەی لەسەر دەدرێت، دووەم ئەو تاقیکردنەوەیە دەبێتە بنەمایەک بۆ داخڵبوون لە زانکۆ و پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان".

وەزیری پەروەردە ئاشکرایکرد، پاش 2 - 3 کاژێر لە راگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان، قوتابی دەتوانێت پەڕەی سۆمای خۆی ببینێت بە وەڵامی نموونەییەوە، بۆ ئەوەی بزانێت تاوەکو چەند هەڵەی کردووە یان بە راستی وەڵامەکانی داوەتەوە.

وەزارەتی ناوخۆ یارمەتیدەر دەبێت بۆئەوەی تاقیکردنەوەکان بە رێکوپێکی ئەنجامبدرێن، وەزیری پەروەردە دەڵێت، بەشێک لە هۆڵەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ تاقیکردنەوەکان دابیندەکرێن.

بەپێی ئەو ئامارەی لەلایەن وەزیری پەروەردەوە خرایەڕوو، ئەمساڵ 162 هەزار و 668 قوتابی و خوێندکاری قۆناخی 12ی ئامادەیی هەبوون، 144 هەزار و 142 قوتابی لە تاقیکردنەوەکاندا بەشداردەبن؛ هەروەها دوای سێ کاژێر لە ئەنجامدانی تاقیکردنەوە، قوتابی دەتوانێت پەڕەی سۆمای خۆی ببینێت.

ئەو 144 هەزار و 142 قوتابی و خوێندکارەی مافی بەشداربوونیان بەدەستهێناوە دابەشدەبن بەسەر دوو هەزار و 337 هۆڵدا، کە ئەوانیش هۆڵی زانکۆ و پەیمانگە و قوتابخانە ئەهلییەکان و هۆڵەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانن.