كچێك كارگەیەكی ئامادەكردنی جلوبەرگی سەربازی دادەنێت

رووداو- سلێمانی

بۆ یەكەمجار لە كوردستان كچێك بە هاوكاریی خێزانەكەی كارگەیەكی ئامادەكردنی جلوبەرگی سەربازی دادەنێت و دەیەوێ ركابەری بەرهەمەكانی دەرەوەش بكات.

زرێبار موختار، 23 ساڵ و ناسراو بە زرێبار هەورامی، خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان لەدایك بووە و تا شەشی ئامادەیی خوێندووە. زرێبار كە پێشتر بێژەری تەلەڤزیۆن بووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە میدیا دووركەوتەوە و ئێستا سەرقاڵی بزنسە.

زرێبار هەورامی، بە پاڵپشتی خێزانەكەی كارگەیەكی لە ژێر زەمینی باڵەخانەیەك لە شاری سلێمانی داناوە و رۆژی شەممەی رابردووش 30-7-2016 یەكەم رۆژی كاركردنی كارگەكە بوو. لەنێو كارگەكەدا ژمارەیەك ئامێری نوێی درووین و جلی ئامادەكراوی سەربازی وەكو نموونە دانراون.

زرێبار بە (رووداو)ی راگەیاند، دوای وازهێنانی لە كاری راگەیاندن، لەگەڵ خێزانەكەی بیریان لە دروستكردنی ئەو كارگەیە كردووەتەوە و گوتی "وەكو سەرەتا پێنج كرێكار كارم بۆ دەكەن، بەڵام دەبێت نزیكەی 20 كرێكاری دیكەش لە هەردوو رەگەز بۆ كارگەكە پەیدا بكەم".

ساڵانێكی زۆرە لە هەرێمی كوردستان كچانیش كاری هاوشێوەی پیاوان دەكەن، بەڵام دانانی كارگەی ئامادەكردنی جلوبەرگی سەربازی لەلایەن ئافرەتانەوە یەكەمجارە دەكرێت. هەورامی گوتی "راستە ئەو پیشەیە بۆ ئافرەت جیاوازە، بەڵام ویستم بیسەلمێنم كە كچیش دەتوانێت ئەو كارە بكات، پاشان بۆچی سەرمایەدارێكی بیانی لە وڵاتەكەماندا ئەو كارە بكات، بۆیە ئەو كارەم هەڵبژارد تا بتوانم هەلی كار بۆ گەنجانیش دەستەبەر بكەم، وەكو خۆیشم پێشتر حەزم دەكرد لە بواری سەربازیدا كار بكەم".

زرێبار لەم كاتەدا ئامادە نەبوو سەرمایەی پڕۆژەكەی ئاشكرا بكات، بەڵام گوتی "ئۆتۆمبێلەكەم فرۆشتووە و نیوەی سەرمایەی كارگەكەم پێ دابین كردووە، ئێستا رۆژانە بە تاكسی هاتووچۆ دەكەم، باوك و براكەشم هاوكارییان كردووم، دەنگۆیەك بڵاوبووەتەوە كە گوایە خەڵكانی دیكە هاوكارییان كردووم، بەڵام ئەوە دوورە لەڕاستی".

 كچەكەی هەر لە تەمەنی هەرزەكارییەوە حەزی لە ئیشی سەربەخۆ بووە و گوتی "زرێبار دەیویست وەكو پیاوان ئیشی دەرەوە بكات، ئێمەش زۆر متمانەمان پێی بوو، كاتێكیش بیرۆكەكەی باسكرد بەلامانەوە باش بوو، بۆیە هاوكاریمان كرد".

جگە لە هێزە ئەمنییەكانی وەكو پۆلیس و ئاسایش، ژمارەیەكی زۆریش پێشمەرگە هەن كە جلوبەرگ و پێداویستیی سەرجەمیان لە دەرەوە هاوردە دەكرێ.

زرێبار گوتی "بێگومان لەم كاتەدا برا پێشمەرگەكانمان پێویستیان بەو جلانەیە، بەڵام كاتی تەواوبوونی شەڕیش، ئەم جلانە هەموو كات دەفرۆشرێ، لەبەرئەوەی دەزگای ئەمنیی دیكەمان هەن بەردەوام پێویستیان پێی دەبێت".

سەبارەت بە ساخكردنەوەی بەرهەمەكانیشی، زرێبار گوتی "لەم مانگەوە بەرهەممان دەبێت، بۆ ساغكردنەوەشیان قسە لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكان و بازرگان و فرۆشیارەكان دەكەین، مەبەستیشمانە ركابەری بەرهەمەكانی دەرەوە بكەین".

فرۆشیارانی جلی سەربازی لە شاری سلێمانی تائێستا دامەزراندنی ئەو كارگەیەیان نەبیستووە. سدیق سەعید كە 23 ساڵە دوكانی ئەو جلانەی هەیە، بە (رووداو)ی گوت "ئێمە جلەكانمان لە چینەوە، بەپێی رێنماییەكانی ئاسایش بۆ دێت، یاخود قوماشی چینی دێننە سلێمانی و لەلایەن بەرگدرووەكانەوە دەیدروون، هەندێجاریش دەزگا ئەمنییەكان و وەزارەتی پێشمەرگە بە تەندەر داوای جلی سەربازی دەكەن".

بە گوتەی سدیق، فرۆشتنی جلی سەربازی بەپێی رۆژگارە و ئێستاش بەهۆی قەیرانەوە بەراورد بە جاران هەرزانترە و گوتی "پێشتر جلمان بە 120 هەزار دینار فرۆشتووە، بەڵام ئێستا لە 18 تاوەكو 20 هەزارە. ئەگەر لەلای بەرگدرووەكانیش بیدوورین، ئەوا قاتێك بە 50 هەزار دینار دەفرۆشین، هەموو كارەكانیشمان بەپێی رێنمایی ئاسایش دەكەین".

بەبۆچوونی ئەو دوكاندارە، ئەو كۆمپانیایە دەتوانێت ململانێی دەرەوە بكات بەو مەرجەی نرخەكانی گونجاو بن و لەڕووی كواڵیتی و دیزاینەوە جلەكانی شیاو بن. سدیق گوتی "هیوادارین كارگەیەكی وا هەبێت بۆ ئەوەی ئێمەش جل لە دەرەوە نەهێنین".