مەرج و کاتی وەرگرتنی منداڵ لە باخچەکانی ساوایان دیاریدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەرج و کاتی وەرگرتنی منداڵان لە باخچە حکومییەکانی ساوایان دیاریدەکات و یەکێک لە مەرجەکان ئەوەیە، دەبێت ئەو منداڵەی دەخرێتە ئەو باخچانەوە تەمەنی لە چوار ساڵ کەمتر نەبێت؛ بەڕێوەبەری گشتیی فێرکردنی بنەڕەتی و باخچەکانی ساوایانیش دەڵێت، "421 باخچەی حکومی هەن و بەپێی توانای ئەو باخچانە ئەمساڵ منداڵ وەردەگیرێن".
شیلان خەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی فێرکردنی بنەڕەتی و باخچەی ساوایان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "دوای ئەوەی ساڵی خوێندنی 2020-2021 بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێوشوێنەکانی کەرەنتینەوە هیچ منداڵێک لە باخچەکانی ساوایان وەرنەگیران، بۆ ساڵی خوێندنی 2021-2022 بڕیارمان داوە منداڵان وەربگرین و لەو 421 باخچەیەی کە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەن، جێیان بکەینەوە".
شیلان خەلیل گوتیشی، هەوڵدەدەن بە رەچاوکردنی بارودۆخی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێنوێنییە خۆپارێزییەکان و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، منداڵان لەو باخچانە وەربگیرێن.
بەپێی نووسراوی ژمارە 12812ی بەڕێوەبەرایەتیی باخچەكانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە رۆژی چوارشەممە 4ی ئابی 2021 دەرچووە و گشتاندنی بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی پەروەردە پێ کراوە، "دوای وەرگرتنی رەزامەندیی وەزیری پەروەردە بۆ دیاریكردنی كاتی دابەشكردنی فۆرمی تۆماركردنی منداڵان لە باخچەكانی منداڵانی حكومی بۆ ساڵی خوێندنی (2021- 2022) لە 15-8-2021ـەوە دەست بکرێت بە دابەشكردنی فۆرم بۆ وەرگرتنی منداڵان".
هەروەها ئەو مەرجانەشی دیاریکردووە کە بۆ وەرگرتنی منداڵان دەرچوون کە ئەمانەن:
1- تەمەنی چوار ساڵ بێت و لەدایکبووی 01-01-2017 تاوەکو 31-12-2017.
2- منداڵانی تەمەن پێنج ساڵی لەدایکبووی 01-01-2016 تاوەکو 31-12-2016 بێت لە گشت باخچەکانی منداڵانی حکومی.
3- بە هیچ شێوەیەک بڕە پارە لە دایک و باوکی منداڵان وەرناگیرێت بۆ تۆمارکردنی ناو.