كورد دەیەوێ پرسیاری نەتەوە و ئایین لە فۆرمی سەرژمێریدا هەبێت
رووداو - هەولێر
مەحموود عوسمان، ئەندامی لیژنەی باڵای سەرژمێریی دانیشتووانی عێراق و بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی دەڵێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان شانبەشانی حكومەتی عێراق دەستی بە ئامادەكاری كردووە بۆ پرۆسەی سەرژمێریی گشتی لە عێراق كە وا بڕیارە لە ساڵی داهاتوودا بكرێ.
مەحموود عوسمان لە كاتی بەشداریكردنی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تەلەڤزیۆنی (رووداو) رایگەیاند، عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی عێراق سوورە لەسەر ئەوەی لە مانگی 10ی ساڵی 2020 سەرژمێری گشتیی دانیشتووان بكرێ.
سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاری داوە سەرژمێرییەكە لە یەك رۆژدا بكرێ و لە هەمان رۆژیشدا ئەنجامەكەی رابگەیەنرێ. مەحموود عوسمان دەڵێت: "بەرێوەچوونی كارەكە لە یەك رۆژدا خەرجییەكی زۆر دەخاتە سەر حكومەت".
مەحموود عوسمان ئاشكرای كرد كە هەر تاكێك 42 پرسیاری ئاراستە دەكرێت و پڕۆسەكەش بە سیستەمی ئەلیكترۆنی (تابلێت) دەكرێت، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستیان بە 300 هەزار تابلێت دەبێت، لەگەڵ 300 هەزار كارمەند لە سەرانسەری عێراق، هەرچەندە كێشەیان لەوە هەیە كە لە عێراق بواری ئایتی لاوازە، بەڵام ئەوان لەگەڵ كۆمپانیایەك رێككەوتوون بۆ ئەوەی زانیارییەكانی پڕۆسەكە لە رێگەی سیمكارتێكی تایبەتەوە هەڵبگیرێت. روونیشیكردەوە "هەرچەندە خەڵك مەترسی ئەوەیان هەیە سیستەمەكە هاك بكرێت و دەستكاریی ژمارەكان بكرێت، بەڵام هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە بەهیچ شێوەیەك سیستمەكە هاك ناكرێت، لەم سیستەمەشدا سوود لە ئەزموونی سەرژمێریی میسر و ئوردن وەردەگیرێ".
كورد هەمیشە قوربانی سەرژمێرییەكانی پێشووی دەوڵەتی عێراق بووە لە كەمكردنەوەی ژمارەكەی، بەتایبەتی لە كەركووك و ئەو ناوچانەی ئێستا دەكەونە چوارچێوەی ماددەی 140ی دەستووری عێراقەوە.
بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی دەڵێت: "حكومەتی هەرێمی كوردستان شانبەشانی حكومەتی عێراق دەستی بە ئامادەكاری كردووە و دەیەوێ سەرژمێرییەكی پاك و بێگەرد بكرێت، بەڵام پێویستە هەردوو پرسیاری نەتەوە و ئایین لە فۆرمی سەرژمێرییەكەدا هەبێت، لەكاتێكدا سەرژمێریی 2009 بەهۆی ئەم دوو پرسیارەوە هەڵوەشایەوە".
ئەندامەكەی لیژنەی باڵای سەرژمێریی گشتی باسی هەڵوێستێكی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان لەبارەی سەرژمێرییەوە دەكات و دەڵێت: "كاتی خۆی لە سەرۆك بارزانییان پرسی لە بەڕێوەچوونی سەرژمێری گشتی لە عێراق ناترسی ژمارەی راستەقینەتان دەركەوێت و ژمارەكە لە 17٪ كەمتر بێتەوە؟ لە وەڵامدا گوتبووی: ئێوە سەرژمێری بكەن خوا بكات ژمارەمان ببێتە 10٪، گرنگ ئەوەیە سەرژمێرییەك بێت پاك و بێگەرد بێت و ژمارەی راستەقینەی هەموو لایەك بەدیاركەوێت".
لە بارەی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستانیش، مەحموود عوسمان گوتی: "ئێستا ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان 5 ملیۆن و 821 هەزار كەسە، ئەو ژمارەیە ئەو ناوچانە ناگرێتەوە كە دەكەونە چوارچێوەی ماددەی 140ی دەستوور".
گوتیشی: "60٪ی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان لەو چینەن كە دەتوانن كار بكەن و لەنێویشیاندا 43٪ی ئەم چینە كاریان هەیە، هەروەها 4٪ی منداڵان لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، كە دەبوو ئەو رێژەیە یەكسان بێت بە سفر".