لە گوندێکی نەغەدە هاونیشتمانییەک دەکوژرێت و 6 کەسیش بریندار دەکرێن
رووداو- هەولێر
لە شەڕی نێوان خێزانێکی کورد و خێزانێکی تورک لە گوندێکی سەر بە شاری نەغەدە لە پارێزگای ورمێ هاونیشتمانییەک کوژرا و 7 هاونیشتمانیی دیکەش بریندار بوون و 6 کەسیش دەستبەسەرکران.
ئەو رووداوە ئێوارەی رۆژی هەینی 03-09-2021 لە گوندی سەخسی تەپە روویدا، ئەوەش کاتێک خێزانە کوردەکە ویستیان دیوارێک بۆ حەوشەکەیان دروستبکەن، کە ئەوەش ناڕەزایەتیی خێزانە تورکەکەی دراوسێیانی لێکەوتەوە.
سەرچاوەیەکی خۆجێیی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شەڕی نێوان ئەو دوو خێزانە زوو کۆتاییهات، بەڵام دواتر خێزانە تورکەکە چەند کەسێکیان لە گوندەکانی بەگم قەڵا و سەراڵان، کە هەردووکیان تورکنشینن، هێناوە و چوونەتە سەر ماڵی خێزانە کوردەکە.
ئەو سەرچاوە خۆجێییە گوتی، کەسێکی بەساڵاچووی خەڵکی سەخسی تەپە بە ناوی عەلی ئەحمەدی کە کوردە ویستوویەتی ناوبژیوانی بکات، بەڵام یەکێک لە تورکەکانەوە بە چەقۆ لێیدراوە و گیانی لەدەستداوە.
ئەوە شەڕەکەی گەورە کردووە و 7 کەسی دیکەش بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانەی نەغەدە کراون. کێشەی نێوان ئەو دوو خێزانە بۆ ساڵانی پێشتر دەگەڕێتەوە. خێزانە کوردەکە پێشتریش ویستوویەتی دیوار بۆ حەوشەکەی دروستبکات، بەڵام خێزانە تورکەکە لە دادگەی نەغەدە سکاڵای لەسەری تۆمار کردووە.
بە گوێرەی ئەوەی کە دادگا لە بەرژەوەندی خێزانە کوردەکە بڕیاری داوە، رۆژی هەینی ئەو خێزانە ویستویەتی کارەکەی تەواو بکات.
رەسووڵ نەوعی، داواکاری گشتیی نەغەدە، شەڕەکەی وەک شەڕی بە کۆمەڵ لە قەڵەم دا و گوتی، بڕیاری داوە بەدواداچوونی بەپەلە و خێرا بۆ ئەو دۆسیەیە بکرێت.
لە ماوەی نزیکەی یەک مانگی رابردوودا ئەوە دووەم جارە هاونیشتمانی لە شاری نەغەدە لەوجۆرە شەڕانەدا دەکوژرێت. رۆژی 07.08.2021 هاونیشتمانییەک بە ناوی فەردین ئیبراهیمی، خەڵکی شنۆ لە کاتی ناوبژیوانیدا بە دەستی تورکێک کوژرا و کەسێکی دیکەش بریندار بوو. فەردین ئیبراهیمی بۆ چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی سەردانی نەغەدەی کردبوو. ئەو کەسەی بە چەقۆ لە فەردین ئیبراهیمی دابوو، تیشێرتێکی لەبەردا بوو کە ئاڵای تورکیای پێوە بوو.
ئەو رووداوە ناڕەزایەتیی گەورەی کوردی لێکەوتەوە. لە ناڕەزایەتییەکانیشدا خۆپێشاندەرێکی کورد کوژرا. لەو رووداوانەدا هاونیشتمانییەکانی نەغەدە پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانیان تۆمەتبار کرد کە لایەنگرییان لە تورکەکان کردووە و دەستی تورکەکانیان بۆ تێکدانی دووکان و دارایی کوردەکان ئاوەڵا کردووە.
شاری نەغەد لە دوو نەتەوەی کورد و تورکی ئازەری پێکدێ و لە دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە هەستیارییەکانیان بۆ سەر یەکتر زیاتر بووە.
زۆربەی بەرپرسانی شاری نەغەدە تورکن و تۆمەتی ئەوە دەدرێتە پاڵیان کە گەڕەکە کوردییەکانیان پەراوێزخستوون و ئەوەش وایکردووە لە ساڵانی رابردوودا ژمارەیەک زۆر کورد ئەو شارە جێبهێڵن.