زانکۆلاین کارا دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کاژێر 08:00ی سبەی سێشەممە، پێشکێشکردن بۆ دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی کە بە (زانکۆلاین) ناسراوە، کارا دەکرێت؛ بەڵام هێشتا دیارنییە بۆ ساڵی خوێندنی 2023 - 2024 چەند قوتابی لە زانکۆکاندا وەردەگیرێن.

رۆژی دووشەممە 04-09-2023 وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە رۆژی یەکشەممە 5ی ئەیلوولی 2023 وێبسایتی زانکۆلاین بۆ دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی و پیشەیی)، تاوەکو رۆژى 12ی ئەیلوولی 2023 کارا دەبێت."

دەشڵێت، "ده‌رچووان لەو ماوەیەدا ده‌توانن فۆڕمی وه‌رگرتن له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كان پڕبكه‌نه‌وە و پێشکێشی بكه‌ن، هه‌روه‌ك ده‌رچووان ده‌بێت سەردانی خوێندنگەکانی خۆیان بکەن بە مەبەستی وەرگرتنەوەی ناوى بەکارهێنەر و وشەى تێپەڕ (Username) و (Password)."

وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، ده‌رچووانی پۆلی 12 بۆ ئاشنابوونیان و وەرگرتنی زانیاریی زیاتر لەسەر سیستمه‌كانی وه‌رگرتن (زانكۆلاین، پارالێل و ئێواران) دەتوانن سەردانی وێبسایتى (www.regayzanko.com) بکەن و رێبەرى وەرگرتن بە وردى بخوێننەوە وەکو بنچینەیەک بۆ پڕکردنەوەى فۆرمەکانیان.

هەروەها دەشڵێت، ئەو دەرچووانە دەتوانن سەردانى مەڵبەندەکانى راوێژکاریى زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ وەرگرتنى روونكردنه‌وه‌ی پێویست له‌سه‌ر چۆنێتیی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی وه‌رگرتن به ‌سیستمه‌ جیاوازه‌كانیەوە، "ئەوەش ده‌ر‌فه‌تێكی گرنگه‌ بۆئه‌وه‌ی دەرچووان به‌رله‌وه‌ی فۆڕمی وه‌رگرتن پێشكێش بكه‌ن، ئاگاداری ورده‌كارییه‌كانی سیستمه‌كه‌ بن و هەوڵبدەن خۆیان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە و روو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمى نین و تەنیا بۆ دەستکەوتنى بڕێک پارە فۆرم بۆ دەرچووان پڕدەکەنەوە، چونکە وەزارەت بەرپرس نابێت لە هەر هەڵەیەک لەکاتى پڕکردنەوەى فۆڕمەکانیان."

سەبارەت بە وردەکاریی وەرگرتن لە زانکۆکان و کۆلێژەکان روونیکردووەتەوە، "وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ریزبەندیی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت کە دەرچووان لە زانکۆلاین پێشکێشی دەکەن بە رەچاوکردنی کۆنمرەی خوێندکار، بۆیە پێویستە بە وردی ریزبەندیی ئەو کۆلێژ و بەشانە دیاری بکەن کە ئارەزوو دەکەن خوێندنی تێدا تەواو بکەن، هەروەها پێویستیشە دەرچووانى پۆلى دوانزە لەگەڵ کاراکردنی زانکۆلاین دەست بکەن بە پێشکێشکردن و کارەکانیان دوانەخەن بۆ دوایین رۆژەکانی زانکۆلاین."

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاشکرای دەکات، "دواى دوو رۆژى دیکە سیستمى زانکۆلاین بۆ دەرچووانى خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان کارا دەبێت."

لەبارەی دەرچووانى ساڵانى (2015) تاوەکو (2022)، وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاشکرای کردووە، "ئەگەر نیازی فۆرم پێشکێشکردنیان هەیە بۆ سیستمەکانی خوێندنی پارالێل و ئێواران، ئەوا بە هەمان ئەو پاسۆرد و یوزەرنەیمانەى کە پێشتر وەریانگرتووە دەتوانن فۆرم پێشکێش بکەن، ئەگەر هەر دەرچوویەکیش یوزەرنەیم و پاسوۆردی لەلا نەماوە، دەتوانێت سەردانی خوێندنگەکەی خۆی بکات بۆ دووبارە وەرگرتنەوەی."

بۆ دەرچووانی پێش ساڵی 2015ش، وەزارەتەکە روونیکردووەتەوە، "ئەگەر نیازی فۆرم پێشکێشکردنیان هەیە بۆ خوێندنی ئێواران، پێویستە بڕوانامەکانیان بە پەسندکراوی لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاکانیان بنێرن بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردە و هەر لەوێش یوزەرنەیم و پاسوۆردیان پێدەدرێت."

هەفتەی رابردوو وەزارەتی پەروەردە نمرەی قوتابیانی دەرچووی پۆلی 12ـی ئامادەیی رادەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا کرد کە 47 هەزار و 629 خوێندکارن، بەڵام بەپێی وەزارەتی خوێندنی باڵا هێشتا دیارنییە بۆ خوێندنی ئەمساڵ چەند لەو دەرچووانە لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێن.