هۆکاری وشکبوونی گۆمی فێڵاو چییە؟
رووداو دیجیتاڵ
ساڵانە لە وەرزی زستان و بەهاردا گۆمی فێڵاو بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەکەی و بەرامبەربوونی لەگەڵ چیای حەساری سەکران دیمەنێکی سرووشتیی جوانی هەیە بەتایبەتی لە ئێواراندا کە دیمەنی چیا بەفرینەکە لە گۆمەکەدا رەنگدەداتەوە، بەو هۆیەشەوە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیار سەردانی دەکەن، بەڵام ئەو گۆمە لە وەرزی پاییزدا تاوەکو بارینی یەکەم بارینی پاییز وشک دەبێت.
دڵزار قادر، بەڕێوەبەری کارگێڕی ناشناڵ پارکی هەڵگورد - سەکران سەبارەت بە هۆکاری وشکبوونی گۆمەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی پاییز ئەو گۆمە بە تەواوی وشک دەبێت، جگە لەوەی کەمبارانی هۆکاری وشکبوونی گۆمەکەیە، کشتوکاڵکردن و باخەکانی ئەو سنوورە هۆکارێکی دیکەی وشکبوونی ئەو گۆمەن، چونکە بۆ ئاودێری سوود لە کانیاو و سەرچاوە ئاوییەکانی ئەو شوێنە وەردەگیرێت."
گۆمی فێڵاو سەرەکیترین ئاوی کانی دارەگەلە لەگەڵ چەند ئاوەژێیەکی دیکەی وەک سێکێل و زناق کە بە بەردەوامی دەڕژێنە نیو گۆمەکەوە.
بەڕێوەبەری کارگێڕی ناشناڵ پارکی هەڵگورد - سەکران دەشڵێت، ئەمە یەکەمجار نییە کە گۆمی فێڵاو لەو وەرزەدا وشک دەبێت، لە ساڵانی رابردووشدا دیمەنی هاوشێوە دووبارە بووەتەوە و گۆمەکە وشكبووە. دەشڵێت " تاوەکو یەکەم باران بارینی وەزی پاییز گۆمەکە بە وشکی دەمێنێتەوە."
ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیار سەردانی گۆمی فێڵاو دەکەن، مانگی چواری ساڵی رابردوو بەشێک لە سرووشتی گۆمی فێڵاو لە باڵەکایەتی شێوێندرا، بۆیە بە مەبەستی پاراستنی سرووشتەکەی و رێگریکردن لە گەیشتنی ئۆتۆمبێلیش بۆ سەر گۆمەکە، چواردەورەکەی هەڵکەنرا و سەردانیکردنی بە ئۆتۆمبێل قەدەخە کرا.