وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان ناچێتە پەرلەمانی عێراق
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، داوایانکردووە وەزیرانی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند لە کۆبوونەوەی سبەی لیژنەکەیان ئامادەبن، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئاوات شێخ جەناب بەشداری کۆبوونەوەکە ناکات و چاوەڕێی رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە.
د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق شەوی چوارشەممە (4-10-2023) لەبارەی کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممەی لیژنەکەیان کە بانگهێشتی وەزیرانی دارایی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقیان کردووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لیژنەی دارایی نووسراوی بۆ هەردوولا کردووە، کاتی کۆبوونەوەکەی دیاریکردووە و لە رێگەی نوێنەرایەتییەکەی لە بەغدا نووسراوی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ناردووە، بەڵام ئامادەبوون یان نەبوونی وەزیرانی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەند پەیوەندیی بە ئەوانەوە هەیە. هێشتا دیار نییە لە کۆبوونەوەکەی سبەی، هەردوو وەزیر ئامادەدەبن یان نا."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پاساوی نەگەیشتنی نووسراوی لیژنەی دارایی بۆ ئەوان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتەکە بەشداریکردنی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانی لەو کۆبوونەوەدا بەستووەتەوە بە رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و رێگەپێدانی بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەکەی رۆژی پێنجشەممە، 4ـی تشرینی 2023.
بەپێی نووسراوێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە رۆژی 30-9-2023، لەلایەن عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەکە بۆ نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە بەغدا ناردووە، داوا دەکات رۆژی پێنجشەممە، 5-10-2023، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لیژنەکەیان ئامادەبێت بۆ تاوتوێکردنی ئەم تەوەرانە:
- داهاتە نانەوتییەکان و دەروازە نافەرمییەکان.
- ئەو بڕە نەوتەی لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە لە بەرهەمی کوردستان وەرناگیرێت.
- رێگرییەکانی جێبەجێنەکردنی مادەکانی 12، 13ـی یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵانی 2023،2024 و 2025 تایبەت بەم بابەتانە:
- ناردنی سەرجەم بڕی ئەو داهات و خەرجییانەی هەن بۆ وەزارەتی دارایی عێراق.
- خستنەڕووی داهاتی ئەو قەرزانەی دراون بە هەرێمی کوردستان لە تەرازووی پارەدان.
- مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان و ئەوانەی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتییان هەیە.
- ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلای وەزارەتی پلاندانانی عێراق.
- جێبەجێکردنی بڕگەکانی بودجەی تایبەت بە چاوخشاندنەوە بە گرێبەستی گەڕی مۆڵەتە نەوتییەکان.
هەر لەو نووسراوەدا لیژنەی دارایی داوای کردووە وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، پلەکانیان، ناونیشانیان (مەدەنی، سەربازی)، هەروەها داتای تایبەت بە ژمارەی خانەنشینان و بڕی پارەی تەرخانکراو بۆیان، لەگەڵ ئامادەکردن و دیاریکردنی ئەو پارەیەی دەدرێتە ئەو کەسانەی چاودێری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، پێبدات.