یوتیووب کەناڵە کوردییە داخراوەکانی گەڕاندەوە؛ خاوەنەکانیان سوپاسی رووداو دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

دوای ماوەیەک لە داخستنی زیاتر لە 20 کەناڵی یوتیووبی کوردی بە بیانووی بەکارهێنانی هەژماری هاوبەشی داهات (AdSense)، کۆمپانیای یوتیووب بڕیاریدا ئەو کەناڵانە بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێنێتەوە. ئەم هەواڵە خۆشە، دڵی دەیان یوتیووبەری کوردی ئارام کردەوە کە ماوەیەک لەمەوبەر نیگەرانییەکی زۆریان هەبوو لە لەدەستدانی بەرهەم و بینەرەکانیان.
 
سەرەتای کێشەکە لە 17ـی مانگی رابردوو دەستیپێکرد کاتێک یەکێک لە کەناڵەکان بەهۆی پێشێلکردنی مافی کۆپیڕایتەوە داخرا. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی یوتیووب هەموو ئەو کەناڵانە دابخات کە پەیوەندییان بە هەمان هەژماری AdSenseـەوە هەبوو، سەرەڕای ئەوەی زۆربەیان هیچ پێشێلکارییەکیان ئەنجام نەدابوو.
 
زانا غازی عەزیز، ناسراو بە "زانا ئاڵتوون"، یەکێک لەو یوتیووبەرانەیە کەناڵەکەی گەڕێندراوەتەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەستێکی ناخۆش بوو کاتێک هەموو هەوڵ و ماندووبوونی ساڵانێک لەناوچوو بوو، بەڵام ئێستا زۆر دڵخۆشین کەناڵەکانمان گەڕاوەتەوە و دەتوانین بەردەوام بین لە بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی شیاو بۆ بینەرەکانمان. زۆر سوپاسی تۆڕی میدیایی رووداویش دەکەین لەم ماوەیەدا هاوکار و پشتیوانمان بوون." 
 
مەبەست بەهادین کە بە "مەبەست کینگ" ناسراوە، پێشتر داخستنی کەناڵەکانی بە "ستەمێکی گەورە" وەسف کردبوو، سوپاسی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد، ئەو گوتی: "لەو ساتە سەختەدا رووداو وەک پاڵپشتێک لەگەڵمان بوو و هاوکاریمانی کرد لە گەیاندنی دەنگمان. سوپاس بۆ ئەوان کە یارمەتیدەر بوون لە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە "
 
کۆی گشتیی سەبسکرایبی ئەو کەناڵانەی کە داخرابوون، زیاتر لە دوو ملیۆن سەبسکرایب بوو، گەورەترینیان زیاتر لە 400 هەزار و بچووکترینیان نزیکەی 100 هەزار سەبسکرایبی هەبوو.