عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک: چەمچەماڵم جێنەهێشتووە
رووداو دیجیتاڵ
عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک، کەسایەتیی دیاری چەمچەماڵ لەبارەی تۆمەتبارکردنی بە کوشتنی کارمەندێکی ئاسایشی چەمچەماڵ دەڵێت: "هیچ بەڵگەیەکمان لەسەر نەبوو، بۆیە ئازادکراین." دەشڵێت: "هیچ پلە و پۆستێکی سیاسی و سەربازی و حکومیم وەرنەگرتووە و بە نیازی پلە و پۆستیش نیم."
رۆژی هەینی 4-11-2022، عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک، کەسایەتیی دیاری چەمچەماڵ روونکردنەوەیەکی لەبارەی قسە و لێدوانەکانی بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتی بڵاوکردەوە کە بە گوتەی خۆی لە چەند رۆژی رابردوودا "هێرش"یان کردبووە سەری و لە روونکردنەوەکەدا کە بە ناونیشانی "بۆ مەکتەبی سیاسی و سەرکردەکانیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان" بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت: "عەیبەیەکی گەورەیە لەو ئاستە باڵایەی بەرپرسیارێتیدا و بەو تەمەنە زۆرەتان لە ئەزموون و خەبات ئێستا لەپێناو بەرژەوەندیی تایبەتی بوختان بکەن و بکەونە داوی ئەو فەوزا و منداڵبازاڕییەوە کە لە سیاسەت و سۆشیاڵ میدیا دەگوزەرێت."
عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک لە روونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، لە چەند رۆژی رابردوودا "ژمارەیەک سەرکردەی یەکێتی وەکو جەعفەر شێخ مستەفا، جەمیل ھەورامی، حەسیبە عەبدوڵڵا" لە تەلەفزیۆنی حیزبەکەیانەوە و لە روونکردنەوەی فەرمیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیشدا کوشتنی کەسێکیان لە چەمچەماڵ داوەتە پاڵی، "تەنانەت بە تاوانبار و تیرۆریست" ناویان هێناوە، نەک تۆمەتبار، هەروەها باسیان لەوە کردووە کە "نەچووەتە دادگە، پارتی داڵدەی داوە و لە هەولێر فەوجی بۆ کردووەتەوە."
عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک، بە پێنج خاڵ وەڵامی سەرکردەکانی یەکێتی دەداتەوە:
1- ئەو رووداوە بە رۆژی رووناک نەبووە و کاژێر 10ـی شەو بووە لە گەڕەکێکی تا راددەیەک چۆڵ و بێ کامێرا، بچووکترین بەڵگە نییە کە چۆن و کێ ئەو کارمەندەی ئاسایشی کوشتووە.
2- ئێمە لە دادگە یاخی نەبووین، بە زوویی چووینەتە دادگە و بەھۆی نەبوونی ھیچ بەڵگەیەک لە 14-6-2022 ئازاد کراوین.
3- ئێمە لە چەمچەماڵ نەڕۆیشتووین تاوەکو پارتی لە ھەولێر داڵدەمان بدات.
4- باسی ئەوە دەکەن لە دوای ئەو رووداوە پارتی فەوجی بۆ کردبمەوە، یەکەم من تائێستا ھیچ پلە و پۆستێکی سیاسی و سەربازی و حکومیم وەرنەگرتووە و بە نیازی پلە و پۆستیش نیم، دووەم ئەو فەوجە نۆ مانگ پێش ئەو رووداوە دروستکرا نەوەک دوای رووداوەکە، ئەو فەوجە بۆ من نەبوو، بەڵکو بۆ دامەزراندنەوەی ئەو گەنجانە بوو کە ئێوە لە ئەنجامی ململانێی سیاسی نێوان خۆتان و بزووتنەوەی گۆڕاندا سزاتاندان و نانبڕاوتان کردن، توانیمان 600 گەنجی سنووری چەمچەماڵ لەسەر میلاک و لەسەر دەستی پارتی دابمەزرێنین.
5- کارمەندەکەی ئاسایش ھەرچۆنێک کوژرا بێت کەسوکاری وەکو کێشەیەکی کۆمەڵایەتی سکاڵایان تۆمار کردووە، نەک وەکو کێشەی سیاسی و ئەمنی و تیرۆر تاوەکو ئێوە بێن تێکەڵ بە ململانێی سیاسی و کارە تیرۆریستییەکانی گرووپەکانی نێو حیزبەکەی خۆتانی بکەن، بەم رەفتارەتان ئەم رووداوەش دەبێتە گومانێکی دیکە لەسەر ئێوە و گرووپە تیرۆریستییەکانی نێو حیزبەکەتان.
ئەو روونکردنەوە لە کاتێکدایە، لە سنووری چەمچەماڵ درەنگانی شەوی 28-09-2022، ماڵی عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک لە رێگەی درۆنەوە مووشەکی ئاڕاستەکرا و تەنیا زیانی ماددی هەبوو. ئێوارەی رۆژی 02-10-2022، رێبوار سەید ساڵح، بەرپرسی لقی 19ی پارتی لە چەمچەماڵ بە رووداوی راگەیاند، ئەو ئێوارەیە بە درۆن ویستوویانە هێرشبکەنە سەر ماڵی عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک لە چەمچەماڵ، بەڵام لەلایەن چەند پێشمەرگەیەکەوە بە چەکی دۆشکە و بیکەیسی تەقەیان لێکراوە و دوورخراونەتەوە.