دەمیرتاش: چەکەکان نامێنن، چونکە ئۆجەلان پێداگرە و ئەردۆغانیش پشتیوانە
رووداو دیجیتاڵ
سهڵاحهدین دهمیرتاش، هاوسهرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) پەیامێکی سوپاسگوزاریی ئاراستەی دهوڵهت باخچهلی، سەرۆکی پارتی بزووتنهوهی نهتهوهیی (مەهەپە) کرد و رایگەیاند، باخچەلی قەدەخەکانی نەهێشت.
لەکاتێکدا دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا داوای ئازادکردنی دەمیرتاش دەکات، دەوڵەت باخچەلی لە گوتارێکدا لە پەرلەمان لەبارەی دەمیرتاش قسەی کرد و گوتی: "ئازادکردنی بۆ تورکیا دهبێته مایهی خێر".
سهڵاحهدین دهمیرتاش سێشەممە 4-11-2025 پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا سوپاسی دهوڵهت باخچهلی و ئۆزگور ئۆزەل دەکات.
دەمیرتاش دەڵێ: "بهڕێز دهوڵهت باخچهلی، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی فراکسیۆنی پارتەکەی دا بوێرانە قەدەخەکراوەکانی نەهێشت و نیشانیدا کە لە رێگەی خۆڕادەستکردن بە ترس، ئاشتی دروست نابێت. بە گەرمی پیرۆزبایی لێدەکەم و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە سوپاسی دەکەم".
دەمیرتاش ئاماژە بەوە دەکات، داوای لێبووردنەکەی ئەمڕۆی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) نموونەی ئازایەتی بووە و دەڵێ: "بە هەڵوێستێکی بەرزەوە رەخنە لە خۆی گرت و بەمەش نموونەیەکی دیکەی ئازایەتی نیشان دا؛ بە گەرمی پیرۆزبایی لێ دەکەم و سوپاسی دەکەم، بەڵام پێویستە هەمووان بزانن ئەگەر هەوڵ بدەین لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەینەوە و هەڵەکانی رابردوو وەلا بنێین، داهاتووشمان قەرزداری رابردوو دەبێ."
"چەکەکان بۆ هەمیشە نامێنن، چونکە ئۆجەلان پێداگرە و سەرۆککۆماریش پشتیوانە"
دەمیرتاش هەروەها دەڵێ، رقی لە کەس نییە و ئاماژە بەوەش دەکات: "کاتێک خەڵک چاوەڕێی چارەسەرکردنی کێشەکانمان لێدەکات، گوتنی شتی نوێ و دروستکردنی شتی نوێ بە ژیری و ئازایەتییەوە ئەرکی سەرشانی هەموومانە".
دەمیرتاش هەروەها دەڵێ: "سەرەتا چەکەکان بە تەواوی و بۆ هەمیشە نامێنن؛ ئەمە روونە، چونکە بهڕێز ئۆجەلان لەم بابەتەدا روون و پێداگرە. بە هەمان شێوە، بەڕێز سەرۆککۆمار پشتیوانە و پشتگیریی پڕۆسەکە دەکات. ئەرکی ئێمەش ئەوەیە بە بێ دوودڵی پشتگیریی سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە بکەین. هەوڵ دەدەین سەرجەم کێشەکانی دیکەشمان لە چوارچێوەی دەرفەت و مەرجەکانی سیاسەتی دیموکراسییانەدا پێکەوە چارەسەر بکەین، بەڵام بەر لە هەموو شتێک ئاشتی!"
ئۆزگور ئۆزەل بۆچی داوای لێبووردنی کرد؟
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا باسی بڕیاری دادگهی مافی مرۆڤی ئهورووپای کرد و گوتی: "لەوانە دەپرسم کە دوێنێ شانازییان بە زیندانیکردنی سهڵاحهدین دهمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ و عوسمان کاڤاڵا دەکرد؛ ئەگەر ئەمڕۆ دەڵێن "ئەمە خێرە"، ئایا ئەوان داوای لێبووردنێک قەرزدار نین؟"
ئەم گوتانەی ئۆزگور ئۆزەل لەکاتێکدایە، ساڵی 2016 بەشێک لە پەرلەمانتارانی جەهەپە پشتگیری لە هەڵگرتنی پارێزبەندیی سەر پەرلەمانتارانی هەدەپە کرد کە ئەوە بووە زەوینەسازییەک بۆ دەستگیرکردن و بەندکردنیان.
سەرۆکی جەهەپە ئەوەی بەبیرهێنایەوە و گوتی: "ئێمەش داوای لێبووردن قەرزدارین. هەرچەندە لەو کاتەدا 100 لە 120 پەرلەمانتاری جەهەپە دژی ئەوە دەنگیان دا، بەڵام 20 بۆ 25 پەرلەمانتاری جەهەپەش دەنگیان دا و ئەوەش هەڵە بوو. بۆیە وەک سەرۆکی ئێستای پارتەکە، لەبەردەم مێژوودا داوای لێبووردن لە هەموو تورکیا و گەلی تورکیا دەکەم بۆ ئەو هەڵەیەی ئەو کاتە؛ هەروەها زۆر سوپاسی دەمیرتاش دەکەم."
ئازادکردنی دەمیرتاش لە لایەن دادگە و دادوەرانی ئەورووپاوە
20ـی تشرینی دووەمی 2018 دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاریدا تورکیا مادەی 5، بڕگەی 3ی رێککەوتنی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپای پێشێل کردووە.
دادگەکە گوتی، تورکیا هەروەها مادەی 18 و مادەی 3ی پرۆتۆکۆڵی ژمارە 1ی رێککەوتنی مافی مرۆڤی ئەورووپای پێشێلکردووە.
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەمیرتاشی کرد، بەڵام تورکیا پابەندی بڕیارەکە نەبوو.
بڕیاری 22ی کانوونی یەکەمی 2020
ئەو بڕیارە لەلایەن لیژنەیەکی دادوەری درا کە لە 17 دادوەر پێکهاتبوو و راگەیێندرا کە دەمیرتاش لە 20ی ئەیلوولی 2019ـەوە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی خۆپێشاندانەکانی 6-8ی تشرینی یەکەمی 2014 دەستگیرکراوە.
دادگەکە رایگەیاند، هێشتنەوەی دەمیرتاش پێشێلکردنی مافەکانییەتی؛ هەروەها پێشێلکردنی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپایە لە لایەن تورکیاوە.
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاری دا کە دەبێ دەوڵەتی تورکیا هەموو رێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە ئازادکردنی دەستبەجێی دەمیرتاش.
راشیگەیاند، حکومەتی تورکیا ناتوانێ بیسەلمێنێ دەمیرتاش تاوانی کردووە و زیندانیکردنەکەشی بە بێ بنەما ناوبرد.
بڕیاری 8ی تەممووزی 2025
دوایین بڕیاری دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لەبارەی دەمیرتاش پەیوەندی بە رووداوەکانی ساڵی 2014ــی کۆبانێ هەیە.
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لە بڕیارەکەیدا گوتی، بنەمای بڕیاری دەستگیرکردنەکە کۆنکرێتی نەبووە و هیچ پەیوەندیش لەنێوان رووداوەکانی 2014 و تۆمەتەکانی دژی دەمیرتاش نییە.
رووداوەکانی کۆبانێ لە رۆژانی 6-8ـی تشرینی یەکەمی 2014 روویاندا.
دوای ئەوەی داعش لە ساڵی 2014 هێرشی کردە سەر کۆبانێ، هەدەپە و ژمارەیەک لە پارتە کوردییەکانی دیکەی باکووری کوردستان داوایان لە حکومەتی ئەو کاتەی تورکیا کرد رێگە بە ناردنی چەک و هاوکاریی دیکەی سەربازی لە تورکیاوە بۆ شەڕڤانان بدات، بەڵام ئەنقەرە رەتیکردەوە.
لە چەند شارێکی باکووری کوردستان خۆپێشاندان دەستیپێکرد، حکومەتیش بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند.
گرژییەکان زیادبوون و لە ئەنجامدا 46 سڤیل و پۆلیس کوژران، 682 کەس لە خۆپێشاندەران و پۆلیس بریندار بوون، 323 کەس دەستگیرکران و هەزار و 113 باڵەخانە سووتێنران.
حکومەتی تورکیا رۆژی 4ـی کانوونی دووەمی 2016 ئۆپەراسیۆنێكی فراوانی بۆ سەر هەدەپە دەستپێکرد، هاوسەرۆکان و ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارانی ئەو پارتە دەستبەسەرکران و دواتر بەبڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە.
تورکیا رۆژی 18ی ئایاری 1954 واژۆی لەسەر بەڵێننامەی مافی مرۆڤی ئەورووپا کرد و خستیە بڕگەی 90ـی دەستووری وڵاتەکەیەوە.
بەپێی ئەو واژۆیە و دەستووری وڵاتەکەی، تورکیا دەبێ بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا وەک خۆیان جێبەجێ بکات.