خانووە کۆنەکانی لوڕستان و کرماشان بە بارانێکی بەخووڕ دەڕووخێن؛ 'ناتوانین نۆژەنی بکەینەوە'
رووداو دیجیتاڵ
شاری خوڕماوای لوڕستان و کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رووبەرێکی زۆریان لە خانووی کۆن و بێکەڵک پێکهاتوون، ئەو دیاردەیە لە ناوەندی پارێزگای لوڕستانیش بووەتە کێشەیەکی گەورە و کۆمەڵێک لێکەوتەی کۆمەڵایەتی، تەندروستی و کولتووریشی لێکەوتووەتەوە.
هاونیشتمانییەکی شاری خوڕماوا لەبارەی دۆخی شارەکەیانەوە دەڵێت، "خانووەکەی ئێمە 100 ساڵە دروست کراوە، کۆن بووە، هەوڵیشم داوە نۆژەنی بکەمەوە، بەڵام هەوڵەکانم ئاکامی نەبووە."
هاونیشتمانییەکی دیکە دەڵێت، "ئەگەر حکومەت قەرزمان پێبدات، ئێمە خواخوامانە نۆژەنی بکەینەوە، ئێمە پارەی نۆژەنکردنەوەیمان نییە."
بێهزاد شاکەرەمی، بەڕێوەبەری بیناسازیی پارێزگای لوڕستان دەڵێت، لەم پارێزگایەدا دوو هەزار و 51 هێکتار خانووی کۆن و بێکەڵک هەن، بەڵام دەیانەوێت لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا 16 هەزار و 544 خانوویان نۆژەن بکەنەوە.
ئەم دیاردەیە لە کرماشانیش بە هەمان شێوەیە. رامین ئەڵماسی، بەڕێوەبەری رێگا و بیناسازیی کرماشان دەڵێت، لەو پارێزگایەدا هەزار و 200 هێکتار خانووی کۆن و بێکەڵک هەیە و هەوڵ دەدەن لە داهاتوویەکی نزیکدا نۆژەنیان بکەنەوە.
گەڕەکە کۆن و بێکەڵکەکان بۆ روودانی رووداوە سرووشتی و لە ناکاوەکان زۆر مەترسیدارن. بارانێکی بەخوڕ دەتوانێت بیان رووخێنێت، یان لە بوومەلەرزەیەکدا کەمیان چانسیان هەیە نەڕووخێن و نەبنە مەترسیی بۆ سەر دانیشتووەکانیان، یان لە ئەگەری سووتانی خانووەیەکدا فریاگوزاری رەنگە زۆر بە زەحمەت بگاتە شوێنی مەبەست.
حکومەت بڕیاری داوە بودجە بۆ نۆژەنکردنەوەیان دابین بکات، لەوبارەوە بێهزاد شاکەرەمی، بەڕێوەبەری بیناسازیی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، "هەندێک رێکارمان وەک هاندەر بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەم خانووانە لە بەرچاو گرتووە. 3 جۆر قەرزی بانکیی بە خانووە کۆنەکان دەدرێت، یەکیان قەرزێکی 150 ملیۆن تمەنییە کە هیچ سوودێکی لەسەر نییە، قەرزێکی 150 ملیۆن تمەنیی دیکە، کە 18٪ سوودی لەسەرە، 50 ملیۆنیش بانکەکان بۆ ئەم خانووانە تەرخانی دەکەن، واتە بە گشتیی قەرزی بانکیی خانووە کۆنەکان 350 ملیۆن تمەن دەکات."
لە ساڵانی رابردووشدا بەرپرسان بەردەوام باسیان لەوە کردووە، پێویستە خانووە کۆنەکان نۆژەن بکرێنەوە، بەڵام رووبەری گەڕەکە کۆنەکان بەردەوام زیاتر بووە، کە هۆکاری ئەمەش دەسکورتی خاوەنەکانیان و گرانیی کەلوپەلی بیناسازی بووە. بۆیە سەرەڕای مەترسیداربوونیان، زۆر لەم خانووانە خێزانێکی قەرەباڵخ تێیاندا دەژین.