وەزیری پێشمەرگە بۆ بەرپرسێکی یەکێتیی ئەوروپا: ئامانجمان دروستبوونی هێزێکی تۆکمەی نیشتمانییە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا کۆبوونەوە، وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا بە گرنگییەوە باسی پرۆسەی چاکسازی کراوە، وەزیری پێشمەرگە جەختی کردووەتەوە کە ئامانجیان یەکخستنەوەی پێشمەرگە و دروستبوونی هێزێکی تۆکمەی نیشتمانییە.
رۆژی دووشەممە، 04-12-2023، وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە د. تۆرکیڵد بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە هەولێر کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری پێشمەرگە رۆڵی وڵاتانی سەر بە یەکێتیی ئەوروپای بەرز نرخاند لە بەرامبەر هاوئاهەنگی و پاڵپشتیی بەردەوامیان بۆ خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
جەختیشی کردەوە، "لە رابردوودا، وڵاتانی بەشدار لە یەکێتیی ئەوروپا لە بەرامبەر هەموو ئەو کارەسات و رووداوانەی بەسەر گەلەکەماندا هاتوون، هاوخەم بوون لەگەڵمان، ئێستا دڵخۆشین، دۆستەکانمان لە هەموو جیهان و یەکێتیی ئەوروپا هاوکار و پاڵپشتمانن لە پرۆسەی رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان."
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، شۆرش ئیسماعیل لەبارەی چاکسازییەکانی نێو وەزارەتی پێشمەرگە بەو بەرپرسەی یەکێتیی ئەوروپای گوتووە، کە ئامانج و بنەمای کارکردنیان یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەیە، لەپێناو دروستکردنی "هێزێکی تۆکمە"ـی نیشتمانی.
لەبارەی هەڵوێستی بەرپرسەکەی یەکێتیی ئەوروپا، وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، د. تۆرکێڵد ستایشی پێشوازیی و هەوڵەکانی وەزیری پێشمەرگەی کرد لە بەرامبەر پرسی چاکسازی و هەوڵەکانی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا. هەروەها گوتیشی، "ئێمە لە یەکێتیی ئەوروپا پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین لەم پرسە گرنگ و چارەنووسازەدا. هیوادارین هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی ئارام و سەقامگیردا بێت."
دوای نزیکەی ساڵێک دوورکەوتنەوە لە وەزارەتی پێشمەرگە، رۆژی دووشەممە، 27-11-2023، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە گەڕایەوە بۆ وەزارەتەکە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیشدا رایگەیاند، ''ماوەیەکی زۆر بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری نەخوازراو لە ئەرکەکانم دوورکەوتمەوە، کە وەزارەتی پێشمەرگە لەو ماوەیە بە قۆناخێکی دژواردا تێپەڕیوە و پڕۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی هێزەکان خاوبووە.''
رۆژی 7ـی ئەم مانگە یەکێتی و پارتی کۆبوونەوە. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لەو کۆبوونەوەیەدا هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پارتی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، جێگری دووەمی سەرۆکی پارتی و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی کێشەکانی نێو وەزارەتی پێشمەرگە گفتوگۆیان کردووە و یەکێک لە بابەتە دیاریکراوەکان گەڕانەوەی شۆڕش ئیسماعیل بووە بۆ سەر کارەکەی.
دوای ناکۆکییەکانی نێوخۆیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، لە مانگی تەممووزی 2021 گۆڕانکاریی لە هەندێک پۆستی نێوخۆی یەکێتی و حکومەت کرا، یەکێک لەو پۆستە وەزارییانە پۆستی وەزیری پێشمەرگە بوو، کە لە سەرەتای 2020 یەکێتی داوای کرد لە بری شۆڕش ئیسماعیل کەسێکی دیکە دەستبەکاربێت، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان دەیویست وەزیری پێشمەرگە بگەڕێتەوە سەر کارەکەی.