هێزەکانی ئەمریکا: هێرشی سەر چەکدارەکانی کەرکووکمان بە درۆن کرد

رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا ناسراو بە سێنتکۆم، رایگەیاند، "لە وەڵامی هێزێکی چەکدار کە ئامادەکاری دەکرد بۆ هێرشی بە درۆن بۆ سەر هێزی هاوپەیمانان، لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشمانکردە سەر ئەو هێزە و 5 چەکداریان کوژران و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەشیان تێکشکێندرا."
 
سێنتکۆم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس شەوی دووشەممە، 04-12-2023، رایگەیاند، "رۆژی 3ـی کانوونی یەکەم، لە نزیک کەرکووک، عێراق، هێزی هاوپەیمانان لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشی کردە سەر پێنج چەکدار کە ئامادەکارییان دەکرد بە درۆن هێرش بکەنە سەر هێزی هاوپەیمانان، لە ئەنجامدا پێنج چەکدارەکان کوژران و درۆنەکەشیان تێکشکێندرا."
 
سێنتکۆم ئاشکرای کردووە، "بەر لە هێرشەکە، هێزە ئەمنییەکانی عێراقیان لە هێرشەکە ئاگادار کردووەتەوە."
 
لە راگەیێندراوەکەیدا سێنتکۆم دەڵێت، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە هێزەکانی هەروەها هێز و کارمەندانی هاوپەیمانان لەو هێرشانە."
 
دوێنی یەکشەممە، 3-12-2023 سەباح عەلی، فەرماندەی فەوجی ئیمامی سوننەکان لە دووبز بە رووداوی راگەیاند، "دوای بیستنی دەنگێکی بەرز لە سەنگەرەکانی سنووری خەرابەڕووت، چووینە شوێنی رووداوەکە بینیمان ئۆتۆمبێلێکی لیوای 40ـی حەشدی شەعبی کراوەتە ئامانج و پێنج تەرم لە شوێنی رووداوەکە گواسترانەوە." 
 
سەباح عەلی دەڵێت، "هەریەک لە فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان و فەرماندەکانی حەشدی شەعبی لە شوێنی رووداوەکەن و لەسەرەتای رووداوەکەدا تەنیا ئەوە زانراوە لە ئاسمانەوە کراونەتە ئامانج." 
 
نزیکەی کاژێرێک دوای رووداوەکە، گرووپێکی چەکداری شیعەکان کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناساندووە راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، پێنج چەکدارییان لەهێرشێکی ئەمریکادا کوژراون.
 
لەبارەی ئەو هێرشەوە هاونیشتمانییانی گوندەکانی مامە و عەلەغێر لەوبارەوە بە رووداویان گوت، "کاژێر 5:40ـی ئەم ئێوارەیە، دوو ئۆتۆمبێلی سەر بە هێزەکانی لیوای 40ـی کەتائیبی ئیمام عەلی و نوجەبا کراونەتە ئامانج."
 
لیوای 40ـی حەشدی شەعبی، سەر بە کەتیبەکانی ئیمام عەلییە، کە راستەوخۆ سەر بە ئەبوو فەدەک، شوێنگرەوەی ئەبوو مەهدی موهەندیسە، سنووری کاریان لە دووبزەوە تاوەکو پردێیە و زیاتر لەو ناوچانەن کە بۆڕی نەوتی پێدا دەڕوات.
  
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە تەندروستی دووبزەوە رایگەیاند، "هێزێکی ئەمنی چوونەتە ناوچەکە و تەرمی کوژراوەکانیان گواستووەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار."