جەنگی نوێ قوربانیانی جەنگی كۆنی لەبیر بردووەتەوە
رووداو- قوشتەپە
لەگەڵ هاتنی بەلێشاوی ئاوارە و لێقەوماوانی شەڕی سووریا و عێراق بۆ هەرێمی كوردستان، قوربانیانی شەڕێكی دیكەی فەرامۆشكراو كە نزیكەی سێ دەیە پێشتر ماڵ و حاڵیان لێ تێكچوو، ئێستا زیاتر لە جاران هەست بە بێنازی و پەراوێزی دەكەن.
ئەم ئاوارانە 27 ساڵ لەمەوبەر، دوای كۆتایی شەڕی عێراق و ئێران، لە كەمپێكی پەنابەران لە نزیك رومادی نیشتەجێ كران، بەڵام دوای تێكچوونی رەوشی ئەمنیی پارێزگاكە لە ناوەڕاستی دوو هەزارەكان، لە كەمپی كاوە لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێ كرانەوە.
ئێستا كە شەڕی گەرمتر و ئاوارەی تازەتر لە گۆڕێدان، ئیدی وا پێدەچێ شوێنێكیان لەناو یادەوەریدا بۆ نەمابێت و خەڵك سەرقاڵی لێقەوماوی دیكەن.
ملیۆن و نیوێك ئاوارەی عێراق و سووریا لە هەرێمی كوردستانن. بە گوێرەی كۆمیسیۆنی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، كەمپی كاوە سەرووی هەزار كەسێكی لەخۆگرتووە كە هەر هەموویان لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە ئاوارە بوون.
بەڵام راستییەكەی، ئەم كەمپە دۆزەخییە دەبووایە كاتی بێت و هەر لە سەرەتاوە بڕیار وا نەبوو ئەم خەڵكە زۆر لەوێ بمێننەوە. لانیكەم نەتەوە یەكگرتووەكان لەو پەیامەی ئەوكات بڵاوی كردەوە، وا دەڵێت و باسی ئەوە دەكات ئەم خەڵكە كە ژمارەیان نزیكەی 2000 كەس دەبێت، بۆ ماوەیەكی كورت لە كەمپی ئەڵتاشی نزیك رومادییەوە دەچنە كەمپی كاوە.
ئەمە لە مانگی ئۆكتۆبەری 2005دا بوو، لەو كاتەوە ئیدی زۆرینەی دانیشتووانی كەمپ هیوایان بە ژیانێكی جیاواز لەوەی تێیدان نەماوە.
محەممەد عەلی كە 10 منداڵی هەیە و 47 ساڵی تەمەنە و لە خانوویەكی دووژووریدا دەژی، باسی ئەو خانووانە دەكات كە 10 ساڵ بەر لە ئێستا بە كۆمەكی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ئاوارەكان بینایان كردوون. محەممەد دەڵێت "یەكێك لە هاوڕێكانم جارێك گوتی، ئەو خانووە بچووكانەیان بۆ ئێمە دروست كردووە و ئەو گۆڕستانەی تەنیشتیشمان بۆ كاتێكە كە دەمرین و لەوێ دەماننێژن."
بە گوێرەی یاسای باری كەسیی عێراق، هەر ئاوارەیەك دوای 10 ساڵ مانەوە لە عێراق بۆی هەیە داوای ناسنامەی عێراقی بكات، بەڵام بە گوێرەی لێدوانێكی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ (رووداو)، ئەم مافە بە تەواوی لە ئاوارەكانی ئێران زەوت كراوە.
محەممەد دەڵێت نەتەوە یەكگرتووەكان پێیگوتوون، كاتێك دەتوانن عێراق بەرەو وڵاتێكی دیكە جێبهێڵن كە عێراق پێشتر ناسنامەی پێ بەخشیبن، بەڵام ئەوە بۆ ئەوان هەر رووی نەدا.
بەچی دەژین؟
سەرلەبەیانیان كە هێشتا خێر و شەڕ بەش نەكراوە، مێردمنداڵ و پیری ئەو كەمپە رێی هەولێر دەگرنەبەر و بە پاس خۆیان دەگەیەننە مەیدانی كرێكاران و ئەوەی بەختی هەبێت، ئەو رۆژە بژێوێك بۆ خۆی و ماڵەوەی دەستەبەر دەكات.
زۆر لە گەنج و منداڵەكانی كەمپەكە وازیان لە خوێندن هێناوە. ئێستا بە پاككردنەوەی جادەكانی شار پارە بۆ ژیاندنی خێزانەكانیان دەستەبەر دەكەن.
محەممەد كە خۆی ئەندامی ئەو لیژنەیە بووە بە نوێنەرایەتیی كەمپی كاوە گفتوگۆی لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكاندا كردووە، دەڵێت "ئێمە نزیكەی 50 قوتابی سەرەتایی كوڕانمان هەیە. تەنیا پێنجیان رەنگە بگەنە دواناوەندی."
ئەم پاككەرەوانە رۆژانە نزیكەی هەشت كاژێر كار دەكەن و نزیكەی 300 دۆلار وەردەگرن كە هەندێكی لە خۆراك و هاتوچۆ خەرج دەكەن. جا بۆ ئەوەی دەرەقەتی خەرجیی ماڵەوەیان بێن، بەشێكیان ناچارن دوو دان ئیش بكەن.
محەممەد دەڵێت كوڕەكەی بە زەحمەتییەكی زۆر گەیشتە قۆناغی پەیمانگە لە شەقڵاوە، بەڵام جارێكیان كە پارەی كرێی پاسی بۆ گەڕانەوە پێ نەبوو، دوو هەفتە مایەوە. بۆیە ئەوەندە تووڕە و نائومێد بوو كە هەر یەكسەر وازی لە دەرس هێنا و بوو بە پاككەرەوە. ئێستایش هەر ئەو ئیشە دەكات.
ئەم ئاوارانە دەڵێن چونكە ژیان لە كوردستان بەگشتی گران كەوتووە، بۆیە زۆربەیان لە شەو و رۆژێكدا 13 كاژێر كار دەكەن.
محەممەد قادر، 29 ساڵ، بە دەموچاوی شەكەتەوە دەڵێت "ئەگەر دوو شەفت ئیش نەكەیت و شەو و رۆژ لەسەر كار نەمێنیتەوە، رەنگە خێزانت برسی بمێننەوە."
زەینەب جاسم، دایكی شەش منداڵە و نەخۆشیی خەمۆكی یەخەی بەرنادات. ئەو دەڵێت "هیچ وشەیەك نییە بتوانێت نەهامەتیی ژیانی منتان بۆ باس بكات. هەر خۆت سەیرێكی ناو ئەم ماڵە بكە هەموو شتێكت بۆ دەردەكەوێت."
زەینەب كە تەمەنی 40 ساڵە و لە ژوورێكی تاریكدا دانیشتووە، دەڵێت "من هەموو كاتێك نەخۆشم، جاری وا هەیە هەر ناتوانم هەڵبستمەوە. ناتوانم ماڵەكە خاوێن بكەمەوە و ئاگام لە منداڵەكانم بێت. من و مێردەكەم كێشەی گەورەمان هەیە كە دەستت كورت بوو، كێشەت زۆر دەبن."
شیرین خورشید، كە جیا بووەتەوە و لەگەڵ كچێكی 16 ساڵی خۆیدا دەژیێت، دەڵێت یارمەتیی نەتەوە یەكگرتووەكان جاری وا هەیە كە دێت، بە یەكسانی دابەش ناكرێت. كچە شانزدە ساڵانییەكەی تووشی نەخۆشیی دەروونی بووە و پارەی داو و دەرمانیان نییە. ئەو دەڵێت "كچەكەم ماڵەوەی بەجێهێشت و بووە پێشمەرگە، چونكە لە هەموومان بێزار بوو. ئەو نەخۆشە و پێویستی بە چارەسەرییە".
ئاوارەكانی كەمپەكە چاویان لەو كەمە یارمەتییەیە كە نەتەوە یەكگرتووەكان بەسەر كەمپەكانیدا دابەشی دەكات، ئەویش زۆرجار بەهۆی نوێنەرانی كەمپەكە گرفتی تێدەكەوێ.
شەهریار رۆستەم كە پێشتر نوێنەرایەتیی كەمپەكەی دەكرد، دەڵێت سێ ساڵێك دەبێت هیچ پەیوەندی لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان نەماوە.
ئەو دەڵێت "پێشتر لیژنەیەكی نوێنەرایەتیمان هەبوو كە ئەو ئەركەی بۆ ئاوارەكان لە ئەستۆ گرتبوو، بەڵام ئێستا هیچ هەڵبژاردنێك لە گۆڕێ نییە و ئاهوو مستەفاش پێشتر نوێنەرایەتی دەكردین و ئێستا خۆی سەپاندووە و حوكم بەسەر كەمپەكەوە دەكات، لەگەڵ ئەوەی كە هەمووان دەسەڵاتی رەت دەكەنەوە."
محەممەد كە خۆیشی پێشتر ئەركی نوێنەرایەتی لە ئەستۆ بووە، دەڵێت "ئەگەر ئێمە ئاوارەین، كەواتە دەبێ بەپێی پەیماننامەی جنێڤ مامەڵەمان لەگەڵدا بكرێت. ئەگەر نەتەوە یەكگرتووەكان هەموو مافەكانمان ناداتێ، با نیوەمان بداتێ."
لە لێدوانێكی نووسراودا بۆ (رووداو)، كڵۆ كۆڤس كە بەرپرسێكی نەتەوە یەكگرتووەكانە، دەڵێت ئەوان زوو زوو سەردانی كەمپەكە دەكەن. ئەو دەڵێت: "نەتەوە یەكگرتووەكان بەشێوەیەكی رێكخراو سەردانی كەمپی كاوە دەكات و لەگەڵ ئاوارەكان دادەنیشێ." ئەو هەروەها دەڵێت هەوڵەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێك لەگەڵ دانیشتووانی كەمپ بۆ هەڵبژاردنی نوێنەر شكستی هێنا.
كۆڤس نووسیویەتی "دانیشتووە جیاوازەكانی كەمپەكە نەیانتوانی لەسەر رۆڵ و بەرپرسیارێتی ئەنجوومەنەكە رێكبكەون و هەر ئەوەش گفتوگۆكانی راگرت".