ماددە هۆشبەرەکان؛ شەڕی داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
ئامارەکانی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەرخەری ئەوەن کە شەڕی داهاتووی حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ بنەبڕکردنی ماددە هۆشبەرەکان دەبێت، بەپێی گوتەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، عێراق بووەتە بازاڕی ساخکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان، مێرمنداڵان و گەنجان قوربانیی سەرەکین.
هەرچەندە لە عێراق و هەرێمی کوردستان یاسای تووند و بەڕێوبەرایەتیی سەربەخۆ هەن بۆ نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، بەڵام نەیانتوانیوە رێگریی لە بڵاوبوونەوەی خێرای ماددە هۆشبەرەکان بکەن.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو، هەزار و 113 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون، 916 کەسیان سزادراون، 58 کەسیان بەهۆی نەبوونی بەڵگە لەسەریان ئازادکراون، ئەوانی دیکەش لە لێکۆڵینەوەدان.
هەر بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکە دەستگیراوە بەسەر 555 کیلۆ و 740 گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆرەکانی، هێروین، تریاك، کریستاڵ، حەشیش و جامایکادا، هاوکات 2 هەزار و 734 پارچە حەبی کارتێکەرە ئەقڵییەکان لە جۆرەکانی کلۆنازپام، ترامادۆڵ، B 2، میتادۆن و پرازولام دەستیان بەسەردا گیراوە.
بەپێی ئامارێک کە لیوا مازن قورەیشی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددەهۆشبەرەکان لە عێراق، لە بەرنامەی رووداوی ئەمرۆ لە تۆڕی میدیایی رووداو ئاشکرای کرد، لە 1-1-2020 بۆ 1-11-2020، لە پارێزگاکانی عێراق 6 هەزار و 600 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیراون، 200 مێرمنداڵ لە رەگەزی نێر لەناو دەستگیرکراوەکاندان، هەروەها 75 ژن لەناو دەستگیرکراوەکاندا هەن، لەگەڵ 10 کچی خوار تەمەنی 18 ساڵ، زۆرینەی دەستگیرکراوەکان بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون.
هەر بەپێی گوتەی لیوا مازن، لە ماوەی ئەو 11 مانگەدا زیاتر لە 120 کیلۆگرام کریستاڵ و 270 کیلۆگرام حەشیش و ملیۆنێک و 500 هەزار حەبی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە.
ماددەی هۆشبەر و ئاڵوودەبووان
بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر مێژوویێکی درێژی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپڕاتۆرییەتی سۆمەرییەکان، باس لەوەدەکرێت سۆمەرییەکان لە 3 هەزارساڵ پێش زاینەوە، ئەو گیایانەیان بەکارهێناوە کە ماددەی هۆشبەری تێدایە و پێیانگوتووە گیای خۆشبەختی، هەروەها لە بواری پزیشکی و بۆ کەمکردنەوەی ئازار بەکارهێندراوە.
لەگەڵ گەشەکردن و پێشکەوتنی بواری پزیشکیدا، ماددە هۆشبەرەکان بوونە بەشێکی سەرەکی دروستکردنی دەرمانەکان بۆ خەواندنی نەخۆشەکان لەکاتی نەشتەرگەری و چارەسەری نەخۆشیەکاندا، هەروەها لە بواری پیشەسازیی خۆراک و ماددە کیمیاییەکاندا بەکاردەهێندرێن.
ماددە هۆشبەرەکان چەندین جۆر و شێوازی جیاوازیان هەیە و ئاستی کاریگەریشیان بەپێی جۆرەکانی جیادەکرێتەوە، هەندێک لە ماددەکان لە گیا دروستدەکرێن، هەندێکیشیان دەکرێنە حەب و شروب.
یاساکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەموو ماددە سروشتی و ئەو ماددانەی لە ئەنجامدانی گۆڕینی گیا سروشتییەکان دروستدەکرێن بە ماددەی هۆشبەر ناوهێناوە، هەموو ئەو جۆرانەش کە لەشێوەی حەب و شروبدا دروست دەکرێن، بە کارتێکەرە عەقڵییەکان ناوهێناوە، هەروەها ئەو کەسەی ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنێت و ئاڵوودە نەبووە بە بەکارهێنەر ناودەبرێت، ئەوانەشی کە ئاڵوودەبوون و گەیشتوونەتە قۆناغێک ناتوانن دەستبەرداریبن، بە ئاڵوودەبوو ناودەهێندرێن.
ژمارەی ئاڵوودەبووان لە هەڵکشاندایە
بەپێی راپۆرتی ساڵی رابردووی نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە ماددەی هۆشبەر (UNODC) لە ساڵی 2009دا 35 ملیۆن کەس لەجیهاندا وەک ئاڵوودەبووی ماددەی هۆشبەر تۆمارکراون، بەڵام لەساڵی 2018 دا 269 ملیۆن کەس وەک ئاڵوودەبووی ماددەی هۆشبەر تۆمارکراون لە 69 دەوڵەتی جیهاندا، هەر لە راپۆرتەکەدا ئەوە خراوەتەروو کە مێرمنداڵان و گەنجان زۆرینەی بەکارهێنەران پێکدەهێنن، ئەو وڵاتانەش کە رێژەی بێکاریی و شەڕیان تێدایە خێراتر ماددەی هۆشبەری تێدا بڵاودەبێتەوە.
عێراق لە ترانزێتی ماددە هۆشبەرەکانەوە بۆ بازاڕ
بەپێی ئەو راپۆرتانەی نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە ماددەی هۆشبەر (UNODC) لە ساڵانی 2008 بۆ 2020 بڵاویکردووەتەوە، ئەفغانستان وەک وڵاتی سەرەکی چاندنی ماددە هۆشبەرەکان و هەناردەکردنی ناوهێندراوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بارەی گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکانەوە بڵاودەکرێنەوە، ماددە هۆشبەرەکان لە ئەفغانستانەوە بەرەو ئێران رەوانە دەکرێت، لە ئێرانەوە بەرە و تورکیا و عێراق دەنێرێت، عێراق دەبێتە رێڕەوی گواستنەوە ماددە هۆشبەرەکان بۆ وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، تورکیاش دەبێتە رێڕەوی گواستنەوە بۆ ئەوروپا.
بەپێی گوتەی لیوا مازن، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددەهۆشبەرەکان لە عێراق، ماددە هۆشبەرەکان لە ئێرانەوە لە شارەکانی بەسرە و میسان و سنوورەکانی هەرێمی کوردستان داخڵی عێراق دەکرێن، لە عێراقیشەوە بۆ وڵاتانی کوێت و سعودیە و وڵاتانی دیکەی کەنداوی عەرەبی دەنێردرێن، کارلێکەرە عەقڵییەکانیش لە سنووری سووریاوە هاوردەی عێراق دەکرێن.
لیوا مازن، ئاماژە بەوەدەکات، کە عێراق پێشتر تەنها رێڕەوی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەربوو، بەڵام ئێستا بازاڕە بۆ ساخکردنەوەی، چینی گەنجان و مێرمنداڵان لە عێراق بوونەتە قوربانی ئاڵوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر.
یاساکانی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان
پەرلەمانی عێراق، لە ساڵی 2017دا، یاسای ژمارە 43ی ژووری بازرگانی ساڵی 1989ی هەموار کردەوە بەناوی یاسای ژمارە 50ی ماددە هۆشبەرەکان و کارلێکەرە عەقڵییەکان، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان خوێندنەوەی بۆ هەمان یاسا کرد و بە هەندێک دەستکاریی کەمەوە لە 8-9-2020 بەناوی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2020ی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە هەرێمی کوردستان-عێراق پەسەندکرد.
یاساکە لە 50 ماددە پێکهاتووە، لەم یاسایەدا بڕیار لە دروستکردنی بەرێوەبەرایەتییەکی گشتی بەناوی (بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددەهۆشبەرەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دراوە، کە سەر بە وەزارەتی تەندروستییە، لەلایەن وەزیری تەندروستییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و نوێنەری وەزارەتەکانی، ناوخۆ، دارایی، بازرگانی، کاروکاروباری کۆمەڵەیەتی و کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، دەزگای ئاسایش و گومرگ ئەندامن لە بۆردی بەڕێوەبردنیدا.
بەهۆی ئەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە پیشەسازیی دەرمان و خۆراک و پێکهاتە کیمیاییەکاندا بەکاردێت، یاساکە رێگای بە خاوەن پڕۆژە مۆڵەتپێدراوەکان لەو بوارانەدا داوە، کە ماددەی هۆشبەر هاوردەبکەن، بەڵام دەبێت بە نووسراو جۆر و بڕەکەی ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستی بکەن، وەزیری تەندروستی دەسەڵاتی ئەوەی پێدراوە داواکە رەتبکاتەوە یان پەسەندی بکات، لەدوای پەسەندکردنی داواکە، ئەو ماددەیەی هاوردە دەکرێت سەرەتا دەبێت بچێتە کۆگای وەزارەتی تەندروستی، پاش دڵنیابوونەوە دەدرێتە خاوەن کارەکە، لەدوای ئەوەی رادەستی خاوەن کارەکە کرا، ئەگەر دەرکەوت خاوەن کارەکە ئەو ماددەیەی بۆ مەبەستی دیکە بەکارهێناوە، ئەوا سزای زیندانی هەتاهەتایی دەدرێت، لەگەڵ پێبژاردن کە لە 30 ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 90 ملیۆن زیاتر نەبێت.
لە یاساکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کە پزیشکەکان لەکاتی پێویستدا دەتوانن حەبە هۆشبەرەکان بۆ نەخۆش بنووسن، دەرمانسازەکانش بۆیان هەیە حەبە هۆشبەرەکان بە رەچەتەی پزیشک بدەنە نەخۆشەکان، بەڵام هەر پزیشکێک بەبێ هۆکاری پێویست حەب و شروبی هۆشبەر بۆ نەخۆش بنووسێت بە 6 مانگ زیندانیکردن سزادەدرێت، لەگەڵ پێبژاردنی 10 بۆ 20 ملیۆن دینار و قەدەخەکردنی کارکردنی بۆ ماوەی ساڵێک، هەر دەرمانسازێکیش بەبێ پسوڵەی پزیشک ئەو دەرمانە بداتە نەخۆش هەمان سزا دەدرێت.
لە بەشێکی دیکەی یاساکەدا ئاماژە بەو کەسانە کراوە، کە بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن، یان نێوەندگیری لەنێوان دوو لایەندا دەکەن، یاخود کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر بەڕێوەدەبەن، یاخود دەیچێنن، یاخود ماددەکان هاوردە یان هەناردە دەکەن، سزا دەدرێن بە لە سێدارەدان، یان زیندانی هەتاهەتایی.
هەرکەسێک ماددەی هۆشبەر بەکاربهێنێت و پێی بگیرێت بەو بڕەی کە ئەژمار ناکرێت بە بازرگانیکردن، کە بەپێی جۆری ماددەکان بڕەکە دەگۆڕێت و لە زۆرترین حاڵەتدا دەگاتە 2 گرام، ئەوا بە زیندانیکردن لە ساڵێک بۆ 3 ساڵ سزادەدرێت و پێبژاردنی 5 بۆ 10 ملیۆن دینار.
هەر کەسێک شوێنی بەکارهێنان بۆ کەسی بەکارهێنەر دیاری بکات، یاخود رێگا بدات لە شوێنەکەی ئەودا بەکاربێت، یاخود ئاگاداریی بەکارهێنانی ماددەکە بووبێت و لایەنی پەیوەندیداری ئاگادار نەکردبێتەوە، ئەوا سزادەدرێت بە زیندانی لە 6 مانگەوە بۆ ساڵێک، هەروەها پێبژاردنی 3 بۆ 5 ملیۆن دینار.
یاسا و رێکارەکان نەبوونەتە بەربەست
هەرچەند یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان تووندن و وردەکارییان تێدایە، هەروەها بەڕێوبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان نوێنەری هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانیان تێدایە و دەسەڵاتی فراوانیان لە یاساکەدا پێدراوە، بەڵام بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان رێگا و شێوازی جۆراوجۆر بەکاردەهێنن بۆ گواستنەوەی ماددەکە، ئامارەکانیش مەترسی ئەوە دەخەنە روو کە بەکارهێنەرانی لە هەڵکشاندان و ئەوەی کراوە نەیتوانیوە رێگریی پێویست لە بڵاوبوونەوەی بکات.
پێشتر لە عێراقدا ماددە هۆشبەرەکان بە رێژەیەکی کەم بەکاردەهات، بەڵام ئێستا بووەتە دیاردە و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاماژە بەوەدەکەن بەکارهێنەرانی لە بەسرە و میسان و کەرکووک و ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو ناوچانەی کە بەدەستهێنانی تێیدا ئاسانە بە خێرایی زیاددەکەن.
لە شیکارکردنی ئامارەکان و لێدوانی بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی ماددە هۆشبەرەکان، ئەو جەنگەیە کە لەداهاتوویەکی نزیکدا بەرۆکی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێت، کە هێشتا هیچ کامیان بەهۆی قەیرانی دارایی و ماندوویەتی جەنگ دژی داعش و ئاڵۆزیی بارودۆخی سیاسی و ناکۆکییەکانی نێوان پێکهاتەکانی عێراقەوە، ئامادەنین بۆ ئەو جەنگەی کۆمەڵگای عێراقی کردووەتە ئامانج.