وردەکاری پرۆژەی شەقامی خێرای 120 مەتری هەولێر

رووداو - هەولێر

پرۆژەی شەقامی خێرای 120 مەتری هەولێر، لە چوارچێوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر لە ساڵی 2005 لەلایەن "دار هەندەسە"ەوە دانراوە. یەکێکە لە زنجیرە شەقامێکی بازنەیی، کە لە شەقامەکانی 30 و 40 مەتری 60 مەتری و 100 مەتری و 120 مەتری و تاوەکو 150 مەتری دەگرێتەوە.

هەموو ئەو شەقامە بازنەییانە تەواوی چەقەکەیان دەکەوێتە ناوەڕاستی قەڵای هەولێر، چەندین تیشکە شەقام دەیانبڕێت و بە یەکەوەیان دەبەستێتەوە. درێژایی گشتی ئەو شەقامە 38 کیلۆمەترە، بەسەر سێ قۆناخ دابەشکراوە، بۆ جێبەجێکردنی ئەو شەقامە وەزارەتی شارەوانی گرێبەستی لەگەڵ دوو کۆمپانیا کردووە. ئەو بەشەی دەکەوێتە نێوان شەقامی هەولێر- موسڵ و هەولێر-شەقڵاوە بەر گرووپی کۆمپانیاکانی هێمن کەوت.

لە رێککەوتی 15-1-2013 کارەکانی پرۆژەکە دەستی پێکرد و ماوەی پرۆژەکە چوار ساڵ و دوو مانگ بوو، بەڵام پرۆژەکە سێ مانگ زووتر لەکاتی خۆی تەواو کرا.

دیزاینی ئەو شەقامە بە ستانداردی ئەندازیاری جیهانی زۆر پێشکەوتوو ئەنجامدراوە. درێژایی ئەم شەقامە نزیکەی 16 کیلۆمەترە لەگەڵ 4 کیلۆمەتر لە بەستنەوەی شەقامەکە بە رێگای سەرەکی هەولێر - زاخۆ. کۆی درێژی رێگاکە دەکاتە 20 کیلۆمەتر، کە 11 ئۆڤەر پاس و 5 ئەندەر پاس لەخۆی دەگرێت، بۆ ئەوەی بە خێرایی 100 کیلۆمەتر لە کاژێرێژدا هاتووچۆی لەسەر بکرێت بەبێ راوەستان و پچڕان، واتە لە ماوەی 12 خولەک دەتوانرێت شەقامەکە ببڕدرێت.

پانی شەقامە سەرەکیەکە 15 مەترە بۆهەر سایدێک، هەر سایدێک سێ رێڕەوی تێدایە، واتە لە هەر سایدێک 3 ئۆتۆمبێل دەتوانن هاتووچۆ بکەن، لەگەڵ رێڕەوێک بۆ وەستانی ئۆتۆمبێل بۆ حاڵەتی لەناکاو و فریاکەوتن، ئەوە جیا لە دوو شەقامی خزمەتگوزاری کە پانی هەر یەکەیان 12 مەترە و لە هەردوولای شەقامەکەوە هەن.

لەسەر ئەم شەقامە لە کاژێرێکدا 10 هەزار ئۆتۆمبێل دەتوانن بەسەر شەقامەکەدا بڕۆن. هەروەها شەقامەکە هیچ گەڕانەوەی (U-turn)ی تێدا نییە، بەستنەوەی شەقامە خزمەتگوزارییەکان بە شەقامی سەرەکی تەنیا لە شوێنی ئینتەرکێنگەکاندا دەبێت.

پرۆژەکە گشت بڕگەکانی دیکەی رێگای بۆ ئەنجامدراوە، وەکو سیستەمی ئاوەڕۆ، پەرژینی خۆپاراستن، هێڵکاری رێگا، هێماکانی هاتووچۆ و کربستۆن و هەموو پێدوایستییەکانی دیکەی شەقامە مۆدێرنەکانی جیهان.

چینەکانی رێگاکەش بە جۆرێک دروستکراون، کە بەرگەی هاتووچۆی زۆر و گرانییەکی زۆری ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانیش بگرێت.

داڕشتنەوە: حەکیم داود