نووسینگەی قادر عەزیز: ئەفسەرەکەی سلێمانی و پاسەوانەکانی دەستپێشخەری شەڕەکە بوونە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە گەڕەکێکی شاری سلێمانی شەڕ و دەمەقاڵێ لەنێوان ئەفسەرێکی لیوای پاراستنی سلێمانی و کوڕێکی قادر عەزیز، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی روویدا. دواتر نزیکەی 16 چەکدار تەقەیان لە ماڵی ئەفسەرەکە کرد، نووسینگەی قادر عەزیزیش دەڵێت، پاسەوانەکانی ئەو ئەفسەرە "جنێویان داوە و سووکایەتییان" بە کوڕەکەی قادر عەزیز کردووە.
ئەمڕۆ هەینی نووسینگەی قادر عەزیز، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژە بەوە دەکات، لەلایەن ئەو ئەفسەرەی لیوای پاراستنی سلێمانی و پاسەوانەکانی لە شەقامی سالم ئالانی کوڕی قادر عەزیز تەنگەتاو دەکرێت و دواتر "بە دەمانچە هەڕەشەی لێدەکات و هەرچی جنێو و سووکایەتی هەیە پێی دەکات".
بەپێی روونکردنەوەکە، تەنگەتاوکردنی ئەو کوڕەی قادر عەزیز "بەبێ هیچ پاساوێک بووە". تێیدا هاتووە، "ئالان هەرچۆنێک بێت خۆی لە دەستیان رزگار دەکات، بەڵام دیسان بە چەکەوە چەند کەسێک بەدوای دەکەون و دەیانەوێت هەرچۆنێک بێت لە ئۆتۆمبێلەکەی دایبەزێنن و ئازاری بدەن، بەڵام خۆی لە دەستیان رزگار دەکات".
دوای ئەوە وەکو لە روونکردنەوەکەی نووسینگەی قادر عەزیزدا باسکراوە، ئالان خۆی دەگەیێنێتە ماڵەوە و "مەفرەزەیەک لە پاسەوانەکانی ماڵەوە لەگەڵ خۆیدا دەبات و لەبەر دەرگای ماڵی ئەفسەرەکە لەگەڵ ئەفسەرەکە دەستەویەخە دەبێت، لە وەڵامی تەقەی ئەفسەرەکە و پاسەوانەکانی شەڕە تەقە دروست دەبێت".
ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر، شێخاڵ محەممەد، ئەفسەر لە لیوای سێی هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن بە رووداوی گوت "من و منداڵەکانم لە وەرزشکردن دەگەڕاینەوە، بەڵام ئەو ئۆتۆمبێلە دەستی شکاندەوە سەرمان و ئێمەش قسەمان پێ گوتن، ئەوانیش دیارە قسەکانیان پێ هەزم نەکراوە و دواتر بە سێ ئۆتۆمبێل کە زیاتر لە 15 چەکدار بوون، هەڵیانکوتایە سەرمان و لە من و دایکم و کوڕەکەشیان دام و زیاتر لە 200 فیشەکیان تەقاندووە".
لەکاتی تەقە کردنەکەدا، هاونیشتمانییەک کە بەو کۆڵانەدا تێپەڕیوە، بریندار بووە و لە نەخۆشخانەی شار لەژێر چاودێریدایە.
روونکردنەوەکە ئاماژە بەوە دەکات، دواى هێڵكاریی رووداوهكهش، دهركهوت ئەو هاووڵاتییهش به چهكى ئهفسهرهكه خۆى بریندار بووه و چهكهكهش لهلایهن پۆلیسهوه دهستى بهسهردا گیراوه، بەڵام هێشتا پۆلیسی سلێمانی ئەو وردەکارییانەی ئاشکرا نەکردووە.
نووسینگەی قادر عەزیز باس لەوەش دەکات، "سەبەبکار و دەستپێشخەری رووداوەکە، خودی ئەفسەر و پاسەوانەکانی بوونە. بە ناوی قادر عەزیزەوە دەشڵێت، "ئهوهى روویدا رووداوێكى نهخوازراو بووه و له دهرهوهى ویستى ئێمە بووە، لهگهڵ ئەوهشدا ئهو ئهفسهرهش ههڤاڵێكى یهكێتییه و به براى خۆمانى دهزانین، ئامادهین كێشهكهش به ئاشتى و برایانه لهرێگهى یاساوه چارهسهر بكهین".