نرخی نەوت یەک دۆلار دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت ئەمڕۆ پێنجشەممە یەک دۆلار دابەزی، دوای ئەوەی ئێران و ئەمریکا رێککەوتن لە عومان رۆژی هەینی لەسەر کێشەکانی نێوانیان بەتایبەتی کێشەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە دانوستاندن بکەن.
لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور یەک دۆلار دابەزی و بە 68 دۆلار و 47 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 91 سەنت دابەزی و بە 64 دۆلار و 23 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
رۆژی چوارشەممە نرخەکانی نەوت بەڕێژەی 3٪ بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینی دوای ئەوەی بەپێی هەندێ لە میدیاکان، بەرپرسانی ئێران و ئەمریکا نەیانتوانی بوو رێکبکەون لەسەر شوێن و بابەتی دانوستاندنەکان.
تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری IG لەو بارەیەوە رایگەیاند، ئەنجامدانی دانوستاندن لە نێوان ئێران و ئەمریکا لە نیگەرانییەکانی بازاڕی نەوتی کەمکردووەتەوە.