وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە هەولێرە و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 
 
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. ئەوەش دوای ئەوەی سەردانی دیمەشق و بەغدای کرد. 
 
بڕیارە وەزیری دەروەی فەرەنسا ئەمشەوی پێنجشەممە لە هەولێر بمێنێتەوە و تاوەکو سبەی لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مەزڵووم عەبدی کۆببێتەوە.
 
کەمێک لەمەوبەر، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گەیشتە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و بڕیارە پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێکەوە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان هەبێت.
 
هەر ئەمڕۆ 5-2-2026، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە بەغداوە رایگەیاند، "بۆ کارێکی گرنگ هاتوومەتە بەغدا، پێکەوەبوون دژی داعش گرنگە و فەرەنسا بەردەوام دەبێت لە شەڕی دژ بە تیرۆر".
 
ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و فواد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پاش کۆبوونەوەیان لە بەغدا، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان کرد.
 
ژان نوێل بارۆ باسی دۆخی ناوچەکەی بە گشتی کرد، گوتی دەبێ هەموولایەک پابەندی ئاشتی بن و لە شەڕی دژ بە تیرۆر بەردەوام بن.
 
لەبارەی سەقامگیریی عێراقەوە، سەرکۆنەی ئێرانی کرد و گوتی، "بە هەر نرخێک بێت، دەبێ ئاسایشی عێراق بپارێزرێت چونکە هێزێکی گرنگە بۆ ناوچەکە".
 
لای خۆیەوە، فواد حوسێن رایگەیاند، "بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕین لە عێراق و ناوچەکەشدا. لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا باسی هەڵبژاردنەکەی عێراقمان کرد کە ئێستا لایەنە سیاسییەکان سەرقاڵی پێکهێنانی حکومەتی نوێن".
 
هەروەها گوتی کە عێراق پشتیوانیی خۆی بۆ دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەربڕیوە و "بە ئەرکی خۆمانی دەزانین ئاگری شەڕ دووربخەینەوە لە ناوچەکەمان".
 
"جەختمان لە رێککەوتنەکەی حکومەتی سووریا و هەسەدە کردەوە و لە شەڕی دژ بە داعش بەردەوام دەبین"، فواد حوسێن وای گوت.
 
هەر ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە دیمەشق، لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەتەوە.